غەسان شەربل
وەرگێڕانی: عەبدولڕەزاق عەلی
جەنەراڵ مەزڵوم عەبدی داوای شتێکی لە سەرۆک ئەحمەد ئەلشەرع کرد کە لە توانایدا نیە. ئەلشەرع ناتوانێت «سووریای نوێ» بەسەر پێکهاتەکانیدا دابەش بکات. لامەرکەزییەتی کردەنی ناوچە کوردییەکان، حوکمڕانیی سووریا ڕووبەڕووی مەسەلەی عەلەوییەکانی کەنارنشین و درووزەکانی سووەیدا دەکاتەوە. بە بێ دەسەڵاتێکی مەرکەزیی بەهێز، گۆڕەپانی سووریا لەبەردەم گەمەکارە ئیقلیمییەکاندا داناخرێت. سووریایەکی تۆکمە پێشمەرجی سەقامگیریی ناوچەکەیە. هەر ئەوەش ڕێ لە گەڕانەوەی ئێران دەگرێت. ئەمە بیرکردنەوەی ئەندازیاری چارەنووسی نێودەوڵەتییە. چارەسەر، هەڵوەشاندنەوەی سووریا نیە. چارەسەر، مامەڵەیەکی بەویژدانانەیە بەرانبەر کورد لە سایەی دەوڵەتێکی دادپەروەردا. چیرۆکی کورد لەگەڵ نەخشە، چیرۆکێکی بەئازار و دوورودرێژە و سنووری سووریا تێدەپەڕێنێت.
کورد لە نەخشە دەترسێت. ئاخر لە كێشانیدا بەشدار نەبووە. پرسیشی پێنەکراوە داخۆ ئاواتەکانی چین. کورد، سنوورەکانی پێ بەربەستە نەک پرد. دیوارێکە کە ئەندامانی خێزانێک جیا دەکاتەوە. خەونەکانی لە سەروو سنوورەکانی ئەو نەخشەیەوەن و ڕێیان لێ دەگرێت. ئەو کەمینەیەکیشە لەو نەخشەیەدا. عادەتی نەخشەکانیش وایە بەرانبەر کەمینەکان دەست سووک ناکەن.
نەخشەش لە کورد دەترسێت. بۆنی ناخۆشی لێ دەکات. هەست دەکات کورد بە زۆر سواری شەمەندەفەرەکە کراوە و لە دەرفەتێک دەگەڕێت باز بدات. نەخشە، کورد تۆمەتبار دەکات کە پەنجەرەی گوماناوی بەڕووی پەیوەندیی گوماناویدا دەکاتەوە.
کورد لە نەخشە دەترسێت. ئاخر ئەو لە نێویدا جیاوازە. نەخشەکانیش عادەتیان نیە مافی جیاوازی قەبوڵ بکەن. نەخشە، خەو ناچێتە چاوی تا سەر نەنێتە سەر سەرینی وێکچوون. حەزی لە یەکپۆشییە. دەبێت خەڵکەکەی هەموو لە یەک کانیاو بخۆنەوە. بە هەمان زمان قسان بکەن. سەرەڕۆیی وا نەکەن زیانی پێ بگات.
نەخشە لەو گرووپانە دەترسێت ڕەنگیان جیاوازە. لە کەلتووری جیاواز. لە فۆلکلۆری جیاواز. لەو خەونە نهێنیانەی لە پشت پەردەکانەوە پەنگ دەخۆنەوە. لەو کارەساتانەی بۆ ڕۆڵە و نەوەکان دەمێننەوە. لە یادەوەریی ڕاپەڕینە سەرکوتکراوەکان و شاییە قەدەغەکراوەکان.
ستەمە گەر ئۆباڵەکە بخەینە ئەستۆی نەخشەکان خۆیان. ئاخر هەر لە بنەڕەتدا بە دەستی ڕۆڵەکانی نەکێشراون. بە دەستوقەڵەمی زۆرینەکانیشی نەبووە. نەخشەکان دروستکراوی زلهێزەکانن کە بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانیان کێشاویانە. بچوکەکان بەشداری خوانی گەورەکان ناکەن. کەواتە گوناهی نەخشەکانی ئەم ڕۆژگارە چیە ئەگەر پەیماننامەی لۆزانی ١٩٢٣ پشتی کردە ئەو هەموو بەڵێنانەی پەیماننامەی سیڤەری ١٩٢٠بەكوردی ڕەوا بینیبوون؟
بەو شێوازە کورد بێ ویستی خۆیان وەک کەمینە بەسەر تورکیا و ئێران و عێراق و سووریادا دابەش کران. لە سایەی نەبوونی ڕژێمگەلێکی سنگفراواندا کە متمانەیان بە شەرعییەتی خۆیان هەبێت، تێکەڵبوون و داننان بە مافی جیاوازییدا کارێکی ئەستەمە.
پێش نزیکەی دوو دەیە، چووم تا چاوپێکەوتنێک لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان بکەم. دەبینم ئەو پیاوە لە تەنیشت دوو ئاڵاوە دانیشتووە. ئاڵای عێراق و ئاڵای هەرێم. دیمەنەكەش لەو شوێنەی دنیادا ئاسان نەبوو. ئاخر بە پشتبەستن بە دەستوور هەرێم دانەدەمەزرا، ئەگەر حەزی ئێران و هاوپەیمانانی لە نێو عێراقدا نەبووایە کە دەیانویست بە تەواوی خۆیان بۆ قوتاربوون لە ڕژێمی سەدام حوسێن تەرخان بكەن.
ئەوەی ئەو ڕۆژە سەرنجی ڕاكێشام، ئەو پیاوەی كە لە نێوان دوو ئاڵاكەدا دانیشتووە، لە 1946 لە كۆماری مهابادی كوردی لەسەر خاكی ئێران هاتووەتە دنیاوە و فریای كوژاندنەوەی یەكەمین مۆمی تەمەن نەكەوتن. هێزەكانی ئێران پێشەوا قازی محەمەدیان بە تۆمەتی خیانەت لەسێدارە دا، بەڵام فەرماندەی هێزەكانی، مەلا مستەفا بارزانی، توانی لە ڕێڕۆیشتنێكی ئەفسانەییدا بەرەو یەكێتی سۆڤێت بڕوات.
بەدەم پرسیارێكەوە هەرێمم بەجێهێشت، ئاخۆ ئەو دیمەنانە چ پەیامێك دەنێرن بۆ كوردانی دانیشتووی سوریا و توركیا و ئێران، ئەوانەی بەردەوام گومان لە شاڵاوەكانی بەعەرەبكردن و بەتورككردن و بەفارسكردنیان دەكەن. مەسعود بارزانی بەئەزموونی درێژخایەنی خۆی، دەركی بەوە كردبوو كە كوردانی عێراق دەرفەتێكی مێژووییان بۆ هەڵكەوت تا هەرێمێك دامەزرێنن كە ئاسوودەیان بكات. هاوكات دەشیزانی ناكرێت تەجرەبەی هەرێمی كوردستان بۆ نەخشەگەلی دیكە بگوازرێتەوە، بۆیە بەردەوام ئامۆژگاریی شاندی كوردەكانی دەكرد كە خەریكی باشكردنی بارودۆخی ژیانی كوردانی نێو نەخشەكانی ئێستایان بن. كاتێك بارودۆخی سووریا تێكچوو، هەمان ئامۆژگاریی جەنەراڵ مەزڵوم عەبدی و هەڤاڵانیشی كرد.
نكوڵی ناكرێت كورد دووچاری زوڵمی گەورە و درێژخایەن بوونەتەوە. بەڵام واقیعبینی ئەوەمان بەسەردا فەرز دەكات كە بڵێین چارەسەری كێشەكانیان هەڵوەشاندنەوەی نەخشەكان نیە بۆ ئەوەی كورد بگەنە یەكتر. هەڵوەشاندنەوەی نەخشەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، سەرهەڵدانی شەڕی درێژخایەنی بێكۆتایی بەدواوەیە.
دیسان قوربانییەكانی كوردانی سووریا لە ڕووبەڕووبوونەوەی “داعش”دا نكوڵیان لێناكرێت. “هێزەكانی سووریای دیموكرات” زادەی ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیەن بە چاودێرییەكی تەواوی ئەمریكا. بەڵام ئەو هێزانە ڕۆڵی یەكلاكەرەوەیان نەبینی لە ڕووخاندنی ڕژێمی بەشار ئەلئەسەددا تا بەشێكی هاوتای بەشی كوردانی عێراقیان بەركەوێت كە ڕۆڵێكی وازلێنەهێنراویان گێڕا لە ڕووخاندنی ڕژێمی سەدام حوسێندا.
ئەو گۆڕانكارییەی لە سووریا ڕووی دا، گۆڕانكارییەكی یەكجار گەورە بوو، گەورەتر لە توانای كوردانی سووریا تا بتوانن بیقۆزنەوە بۆ بەدیهێنانی ئاواتەكانیان یان بەشێكی زۆریان. دەبووا جەنەراڵ مەزڵوم عەبدی زۆر بە درێژی لەسەر دیمەنی تەوقەی سەرۆك ئەحمەد ئەلشەرع و سەرۆك دۆناڵد ترەمپ و ڕەزامەندیی واشنتۆن بۆ هەڵگرتنی یاسای قەیسەر ڕاوەستێت. بەوردی دیقەت لەو ڕاگەیاندنەی ئەلشەرع بدات كە دەڵێت سووریای نوێ نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ هیچكام لە دراوسێكانی، واتە چوونەدەرەوەی سووریا لە بەشی سەربازیی ململانێ لەگەڵ ئیسرائیلدا. دەبوو مامەڵە لەگەڵ ئەو حەقیقەتە بكات كە سووریای ئەلشەرع، نیشانەی هەڵوەشاندنەوەی “میحوەری بەرهەڵستكاری”یە، زامنی دوورخستنەوەی ئێران و حزبوڵایە لە نەخشەی سووریا. لەسەری پێویست بوو ئاوڕ لەوە بداتەوە كە سووریایەكی سەقامگیر، پێویستییەكی ئیقلیمی و نێودەوڵەتییە، ئەوەش پێش ئەو هاوپەیمانێتیانە دەكەوێت كە لە بارودۆخێكی دیاریكراودا لەگەڵ كورداندا پێكهێنراون.
سەركەوتن بەسەر “قەسەد”دا شتێكە و سەركەوتن بەسەر كورددا شتێكی دیكەیە. دەشێت سەركەوتنی یەكەمیان بە دانپێدانانێكی تەواو بە مافی هاووڵاتیبوونی كوردان و ڕێزگرتن لە تایبەتمەندییان چارەسەر بكرێت.
سەركەوتنی دووەمیان، هیچ نیە جگە لە زەمینەسازی بۆ كارەساتگەلی زیاتر. تەنیا سووریا دەتوانێت بازنەی كوردی ترساو و كوردی ترسێنەر بشكێنێت.
• لە ڕۆژنامەی “ئەلشەرق ئەلئەوسەت”ی لەندەنییەوە.

