رۆژنامەی ھەولێر

بەدروستبوونی بۆشایی ئەمنی لە ساڵی ٢٠١٤ـەدا، گرووپە توندڕۆکان بەهێزبوون

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

لە ڕۆژانی ڕابردوودا دۆخێکی ناخۆش و نالەبار لە ڕۆژئاوای کوردستان هاتە کایەوە، هێشتا برینەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە وشک نەببوونەوە کە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان جارێکی دیکە هێرشێکی بەرفراوانیان لە لایەن سوپای عەرەبیی سووریا کرایە سەر و شەڕ و پێکدادان لە چەندین خاڵ و شوێنی جیاواز هەڵگیرسا. حکوومەتی دیمەشق بە تانک و تۆپ و هەموو چەکێکی قورس پەلاماری ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکراتی دا.

ئەو مەترسییە لەئارادابوو جارێکی دیکە بە سەدان هەزار کەس لە دانیشتووانی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان ئاوارەی وڵاتان ببن، داعشە دەستبەسەرکراوەکان ڕزگاریان ببێت و دۆخێکی نوێی ناسەقامگیری و نائارامی تەواوی ناوچەکە بگرێتەوە. هەر زوو وڵاتانی جیهان بە تایبەتی ئەمەریکا و وڵاتنی ناوچەیی دەستوەردانیان کرد و هەر دوو لایەنی شەڕیان بەوە ڕازی کرد ڕێککەوتنێکی نوێ واژۆ بکەن و کۆتایی بە شەڕ بهێنن و ئاگربەست ڕابگەیەنن، دوا جار ڕێبەرانی هەر دوو لایەن لە ژێر چاودیریی کۆمەڵێک زلهێزی جیهانی و وڵاتانی ناوچەکە و هەرێمی کوردستان لەسەر ئاگربەست ڕێککەوتن و کۆتاییان بە شەڕ هێنا.
ڕێککەوتنەکە شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە بڵاو کرایەوە و هەرچەندە خاڵی ئەرێنیشی تیدابوو بەڵام بەشێک لە خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە بوونە مایەی نیگەرانیی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان چونکە بەپێی ڕێککەوتنەکە ڕووبەرێکی فراوانی خاک کە بە خوێن و خەباتی بێ وچان لە دەستی چەکدارانی داعش ڕزگار کرابوون دەکەونەوە ژێر دەسەڵاتی ‌حکوومەتی سووریا، حکوومەتێک کە بە ڕواڵەت بانگەشەی یەکسانی و دابینکردنی مافەکانی مرۆڤی دەکرد بەڵام بە ناوەڕۆک لەگەڵ گرووپە توندڕەوەکانی و هەموو ئەو گرووپانەی لە ساڵانی ڕابردوو هۆکاری سەرەکی بوون لە تاوان و کوشتن، هاوسۆزن.
لە میانەی ئەو هێرشانەی کە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە کرانە سەر تەبقە و ناوچەکانی ڕەقە و دیرەزۆر جارێکی دیکە خەڵکێک ئاوارە بووونەوە کەسانێک بێڕێزییان پی کرا و گەنجان و لاوانی ئەو ناوچانە کە دوای لەناوچوونی داعش هەناسەیەکیان هەڵمژیبوو جارێکی دیکە ڕووبەڕووی تاوان بوونەوە. لە تەبقە پەیکەری ئەو شەڕڤانە تێکشکێنرا کە ببوە سیمبولی تێکشکاندنی داعش.
ئەو مەترسییە لەئارادایە پاشماوەکانی قاعیدە و داعش لە سووریا بە بەهێزتربوونی سوپای عەرەبیی سووریا شاگەشکە ببن و دووبارە خۆیان ڕێک بخەنەوە و جارێکی دیکە ببن بە مەترسی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە. رۆژئاوای کوردستان ئەو ترسە هەیە هێرش بکرێتە سەر کەمپی هۆل و بە هەزاران داعش بە ناوچەکەدا بڵاو ببنەوە و بۆیەش بەڕێوەبەری کەمپی هۆل رای گەیاندووە رووبەڕووی هەموو ئاڵنگاریەک دەبنەوە.
هەر ئەو هۆکارەش وای کردووە عێراق هەست بە نیگەرانی بکات و تەنانەت ببێتە هۆکاری ئەوەی موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر هەڵوێست وەربگرێت و لەم گۆڕانکارییانە نیگەران ببێت. هەر دوای رێککەوتنەکە ژمارەیەک چەکداری هۆزە عەرەبییەکان رێککەوتنیان رەت کردەوە و شەڕیان دژی کورد راگەیاند.
هەر لە دوای ڕاگەیاندنی ڕێككەوتنی نێوان هەسەدە و حكوومەتی سووریا و ڕادەستكردنەوەی چەند پارێزگایەکی ڕۆژئاوای فورات و سنوورەكان بۆ هێزەكانی سەر بە دیمەشق، سەدر لە پۆستێك لە تۆڕی ئێكس نووسی، ئەوەی لە سووریا و لە نزیك سنوورەكانی عێراق دەگوزەرێت، كارێكە نابێت بە ساویلكەیی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، پێویستە بابەتەكە بە ڕژدی وەربگیرێت، كاتێك مەترسییەكان نزیكن و تیرۆر لە لایەن هێزی باڵادەستی دنیاییەوە پاڵپشتی دەكرێت. ئەو بەپێویستی زانیوە بەپەلە كار بۆ پاراستنی سنوور و دەروازەكان بكرێت و ڕاستەوخۆ هێزی پاڵپشتی، ڕەوانە بكرێت، لەگەڵ ئەو جۆرە نیگەرانییانە ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەمنیی عێراق ڕەتیان کردووەتەوە هیچ کێشەیەکی تەناهی لەئارادابێت و گوتوویانە سنوورەکان تۆکمە و پارێزراون.
عێراق جارێکیان بەدەست ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی سووریا دەستی خۆی داغ کردووە و لە ساڵی ٢٠١٤ کاتێک بۆشایی ئەمنی لە سووریا هاتە کایەوە و گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەکان بەهێز بوون کێشەی گەورەی تەناهی بۆ عێراق هاتە کایەوە و لە ماوەیەکی زۆر کورتدا نەینەوا کەوتە ژێر دەستی تیرۆریستان و پاشان ئەو گرووپانە یەک لەسەر سێی خاکی عێراقیان داگیر کرد.
عێراق ترسی هەیە ئەو هێزانە ڕەنگیان گۆڕیبێت و ئەم جارە لە ژێر سێبەری دەوڵەتی نوێی سووریا کە شەرع سەرۆکایەتی دەکات و پاڵپشتیی زۆربەی وڵاتانی عەرەبی هەیە کێشەی نوێی بۆ بێتە کایەوە.
ئەو نیگەرانییە رۆژئاوا و ئەمەریکاشی گرتووەتەو و هەرچەندە ئەمەریکا هۆکاری سەرەکیی رێککەوتنەکە بووە بەڵام زۆرێک لە سێناتۆر و بەرپرسانی ئەو وڵاتە و تەنانەت وڵاتانی ئەوروپا لێی نیگەرانن، لیندسی گراهام سێناتۆر ناسراو داوای روونکردنەوەی لە حکوومەتی ئەمەریکا کردووە.