ڕائیب جادر – هەولێر
کۆمپانیای سۆمۆ، لە سێ مانگی ڕابردوودا ١٩ ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ھەرێمی کوردستانەوە ھەناردە کردووە. جەختیشی کردەوە، بەردەوامن لە وەرگرتنی نەوتی ھەرێم بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی کە کراوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت مووچەی فەرمانبەران بە ڕێژەی ٧٠% لەلایەن حکوومەتی ھەرێمەوە دابین دەکرێت. گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: ڕێککەوتنەکە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی جارێکی دیکە تازە دەکرێتەوە.
ڕێککەوتنەکەی ھەولێر و بەغدا تازە کرایەوە
٢٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، بەغدا و ھەولێر و کۆمپانیاکانی نەوت ڕێککەوتنێکی سێ قۆڵییان بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان واژۆ کرد، ماوەی ڕێککەوتنەکە تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ بوو. عەلی نزار شەتەری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق “سۆمۆ” ڕاگەیاند: پرۆسەی وەرگرتنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی کە کراوە، ھەموو لایەنەکان ھەوڵی خۆیان دەدەن بۆ پابەندبوون بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە، بەپێی ئەو بارودۆخە کارپێکردنەی کە بۆ کێڵگە نەوتییەکان و پرۆسە لۆجستییەکان دیاریکراوە.
شەتەری، ڕوونیکردەوە: ئەو بڕە نەوتەی کە لە سەرەتای جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکەوە لە ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٥ تا کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ وەرگیراوە و ھەناردەکراوە، گەیشتووەتە نزیکەی ١٩ ملیۆن بەرمیل، تێکڕای مانگانەی نزیکەی ٦ ملیۆن بەرمیلە.
گوتیشی: سرووشتی پیشەسازی نەوتی جیھانی گۆڕانکاری لە ڕێژەکانی بەرھەمھێنان و ھەناردەکردندا دروست دەکات، ئەمەش بەھۆی گۆڕانکارییە تەکنیکی و کارپێکردنەکانەوەیە، بڕی ئەو نەوتەی مانگانە لە ھەرێمەوە وەردەگیرێت و ڕێژەکەی لە کۆی گشتی ھەناردەکردنی عێراقدا، بە ڕێژەیەکی سادە دەگۆڕێت و لە سنووری قبوڵکراودایە بەپێی پێوەر و ڕێکارە جیھانییەکانی پیشەسازی نەوت.
لەلایەکی دیکەوە پێشەوا ھەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، لەبارەی ئەگەری درێژکردنەوەی ڕێککەوتنەکە، گوتی: ڕێککەوتنەکەی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لە سەرەتاوە بەو جۆرە بوو، بۆ ماوەی سێ مانگ بێت، ئەگەر لە ماوەی سێ مانگدا ھیچ لایەنێک تێبینی لەسەر نەبوو، ئەوا ڕێککەوتنەکە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی جارێکی دیکە تازە دەبێتەوە.
مووچەی فەرمانبەران
ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دارایی، ئاشکرای کرد: لە ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، تاوەکو ٣١ی کانوونی یەکەم، ١٩ ملیۆن و ٥٩٤ ھەزار بەرمیل نەوتی کوردستان لە لایەن کۆمپانیای سۆمۆ ھەناردە کراوە و داھاتەکەی ھەمووی چووەتە سەر ھەژماری وەزارەتی دارایی عێراق، بەمەش مووچەی فەرمانبەران بە ڕێژەی ٧٠% لەلایەن خودی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە دابین دەکرێت.
دابەزینی نرخی نەوت
نرخی نەوت بەڕێژەی زیاتر لە ٣% دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، ھۆکاری ئەو دابەزینە خێرایە بۆ ڕووداوەکانی ڤەنزوێلا و گرتنەبەری ڕێکاری نوێی ئیدارەی ئەمریکا و بڕیاری ترەمپ بۆ دواخستنی بژاردەی سەربازی دژی ئێران دەگەڕێتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی پێگەی “کوارتز”ترەمپ ھەوڵ دەدات نرخی یەک بەرمیل نەوت بۆ ٥٠ دۆلار دابەزێنێت، لە ئێستاوە ئاماژەکانی ئەو دابەزینە دەرکەوتوون، بەوپێیەی ھەر بەرمیلێک نەوتی برێنت بۆ ٦٤.٤٣ دۆلار و بەڕێژەی ٣.١٤% دابەزی.
عێراق بە یەکەم وڵاتی نەوتیی سەر ئاستی جیھان دادەنرێت لە پشتبەستن بە داھاتی نەوت بۆ ئابوورییەکەی، بەڕێژەی زیاتر لە ٩٠%ی بودجەکەی لە نەوتەوەیە، بەگوێرەی پەیمانگەی واشنتن بۆ توێژینەوە، نرخی پێویست بۆ پاراستنی ھاوسەنگی بودجەی عێراق بۆ ھەر بەرمیلێک پێویستە لە ٨٤ دۆلار کەمتر نەبێت، لەگەڵ خولانەوەی نرخی نەوت لە دەوروبەری ٦٠ بۆ ٦٥ دۆلار، عێراق کەوتووەتە بەردەم فشار و مەترسییەکی دارایی تۆقێنەر، تەنیا لە ماوەی ٩ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥ ڕێژەی کورتھێنانی بودجەی عێراق گەیشتە ٨.٨١ ترلیۆن دینار، داتاکان جەخت دەکەنەوە دوو لەسەر سێی بودجەی عێراق بۆ مووچە دەڕوات، ھەر دابەزینێکی نرخی نەوت کاریگەری زۆر گەورەی لەسەر دارایی ئەو وڵاتە دەبێت، لەوانەیە لە ئەگەری دابەزینی زیاتری نرخی نەوت، دابەشکردنی مووچە دوا بکەوێت و قەبارەی قەرزەکانی سەر دەوڵەتیش گەورەتر بێت، ئەگەرچی لەگەڵ ھاتنی ھەر حکوومەتێکی نوێیش بۆ دەسەڵات لە عێراق بانگەشەی فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داھات دەکەن، بەڵام تا ئێستاش پشتبەستن بە داھاتی نەوت لەو وڵاتە سنووری ٩٠%ی دانەبەزاندووە، ئەمەش وای کردووە عێراق بەردەوام دیلی ھەڵبەز و دابەزی نرخی نەوت بێت.
نەبوونی یاسای نەوت و گاز کێشەی زۆری بۆ عێراق دروست کردووە
عێراق یەکێکە لە وڵاتانی دەوڵەمەند بە نەوت، بەڵام تا ئێستا یاسای نەوت و گازی تایبەت بەخۆی نییە، سەرەڕای ھەوڵێکی زۆر، بەڵام بەھۆی بەرژەوەندی مەرکەزیی حکوومەتی عێراق و پارتە سیاسییە دەستەڵاتدارەکان لە بەغدا کە دەستیان بەسەر کەرتی نەوتدا گرتووە و ڕێگرن وەک لە دەستووردا ھاتووە ھەرێم و پارێزگاکانی بەرھەمھێنەری نەوت بەشدار بن لە فرۆشتنی نەوت.
لە ٢٠٠٧ـەوە سێ جار پڕۆژەیاسای نەوت و گاز ڕەوانەی پەرلەمان کراوە، بەڵام ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان ڕێگر بووە لە تێپەڕاندنی، جگە لە ڕەشنووسی ٢٠٠٧، ساڵانی ٢٠٠٨ و ٢٠١١ دوو پڕۆژەیاسای نەوت و گاز لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە ئامادەکران، بەڵام بەھۆی ناکۆکیی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پەرلەمان پەسند نەکران.
ھەردوو حکوومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان بۆچوونی جیاوازیان لەسەر بنەماکانی داڕشتنی پڕۆژە یاساکە ھەیە، حکوومەتی فیدراڵی ڕەشنووسێکی ئامادەکردبوو، زۆرینەی خاڵەکانی بەرەو مەرکەزیەت ھەنگاو دەنا، کەچی پێشنیاز و دیدگای ھەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای بەرگە فیدراڵییەکان بوو، واتا پێی باشبوو دەستەڵاتێکی زیاتر بدرێتە ھەرێمی کوردستان و ئەو پارێزگایانەی بەرھەمھێنەری نەوتن لەسەر ئاستی عێراق.
پسپۆرانی نەوت و گاز، دەڵێن: ئەگەر یاسای نەوت و گاز بەڕەچاوکردنی تێبینییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئەو ماددە دەستوورییانەی ئاماژە بە سیستەمی فیدراڵی و دەستەڵاتەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەن پەسەند بکرێت، شتێکی باش دەبێت و پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا بەھێزتر دەکات، ھەروەھا دەبێتە ھۆکاری خزمەتکردنی ئابووری عێراق.
د. ڕەعد محەممەد، پسپۆر لە بواری نەوت و گاز، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: یاسای نەوت و گاز نەخشەی نەوتی لە عێراق دەکێشێتەوە و چارەی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا دەکات و گرێنتی پاراستنی مافەکانی ھەردوولاش دەکات، کە ئێستا نەبوونی یاسای نەوت و گاز کێشەی زۆری بۆ عێراق دروست کردووە، ئەگەر یاساکە ھەبێت، ھەموو ئەو کێشانەی ئێستا ھەن چارە دەبن، ئەگەر پڕۆژەیاسای نەوت و گاز بە ڕێککەوتنی ھەموو پێکھاتە و لایەنەکانی عێراق پەسەندبکرێت، عێراق دەچێتە قۆناغێکی نوێیەوە، وڵاتەکە یەکدەخات و کاریگەری ئەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا دەبێت، کوردیش پێی باشە لەسەر بنەمای دەستوور پڕۆژە یاساکە ئامادەبکرێت و دواتر لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر بدرێت، سەرۆک بارزانی لە دوو وتاری جیاوازدا کە یەکەمیان کۆتا ڕۆژی بانگەشەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دووەمیان کۆڕبەندی مێپس ٢٠٢٥ بوو ڕوانگەی کوردی لە چەند خاڵێکدا خستەڕوو بۆ گفتوگۆ کردن لە گەڵ لایەنە عێراقیەکان پەیوەست بە پێکھێنانی حکوومەتی فیدراڵی، ڕوانگەکە خۆی لە جێبەجێکردنی ئەو ماددە دەستووریانە دەبینێتەوە تا ئێستا جێبەجێ نەکراون یاخود پشتگوێخراون، یەکێک لەو خاڵانە دەرکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵییە، پشت بەست بە وتارەکەی سەرۆک بارزانی دەردەکەوێ دەرکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵ بە سازانی لایەنەکان یەکێکە لە کارتەکانی دەستی کورد و لە لایەن کوردەوە دەخرێتە سەر مێزی لایەنە عێراقییەکان لە کاتی گفتوگۆکردن بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی فیدراڵی، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت دەرکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی بە شێوەیەک ناوەرۆکەکەی بە سازان و ڕەزامەندی دەسەڵاتی فیدراڵی و ھەرێمی کوردستان و پارێزگا بەرھەمھێنەرەکان بێت، دەرگا بەڕووی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی پەیوەست بە نەوت و گاز دەکاتەوە و کۆتایی بە خوێندنەوەی جیاواز بۆ دەقەکانی دەستوور دەھێنێت.

