فازڵ میرانی
زێدەڕۆیی لە پاتەکردنەوەدا، لای کەسی بەرانبەر، هێمایە بۆ چەقیین و مانەوەی دۆخەکە وەک خۆی، یاخود ڕەنگە نیشانەیەک بێت بۆ هەڵکشانی ئەو کردەوانەی کە پێویستیان بە وەبیرھێنانەوە و دووپاتکردنەوە هەیە.
وێڕای سەرجەم گرێوگۆڵە ناوخۆییە دەستکردەکان، چ ئەوانەی بە ئەنقەست هۆنراونەتەوە و چ ئەوانەی سەپێنراون – کە هەردووکیان بە تەزبیحی بەرژەوەندییەکانەوە بەندن – بەڵام ئەوە ڕەتی ئەو هەقیقەتە ناکاتەوە کە دەکرێت وێنەکە بە شێوەیەکی سادە دەستنیشان بکرێت و دەردەکە دەرمان بکرێت.
بە پێودانگی لۆژیکی سەلیم، دەستوور یاسای باڵایە. بە بوونی ئەو، نە مەجال بۆ لۆژیکێکی پێچەوانە دەمێنێتەوە و نە بۆ واقیعێک کە دژی بوەستێتەوە. دەستوور ناکرێت ملکەچی مەزاجێکی پاشینە بێت، کە واقیعێکی نوێی پێچەوانەی ماددەکانی دەستوور بخوڵقێنێت.
کەواتە، ڕازیبوون بە واقیعێک کە لەژێر ڕکێفی ئیجتیهاد و بڕیاری تاقمگەری و بەرژەوەندیخوازیدا بێت، واقیعێک باز بەسەر دەستووردا بدات یان لەژێریەوە بخزێت، یانیش بە ڕوویەکی ئاشکرا یان بە دەمامکەوە دژایەتیی بکات، ئەمە ئەو لۆژیکە نییە کە دەستووری پێ نووسراوەتەوە، بگرە ئەو لۆژیکەش نییە کە دەبوو ئەدای حوکمڕانیی بەدوادا بێت.
نەریتێک هەیە ھاوشانی دۆڕان و شکستە گەورەکانە، نەریتێکی قێزەون و بێزارکەر؛ ئەویش ئەوەیە: هەر ڕێڕەوێک ئاشکرا بێت سەرەکەی دەچێتەوە بان ئەو زیانەی گەلەکەمان باجەکەی دەدات، کەچی بکەرەکان، کردەوەکانیان بە پیرۆزکردنی خۆیان و تەخوینکردنی ئەوانی دی دەپێچنەوە، پاشان دوای قەومانی کارەساتەکە، ئینجا پەنا بۆ پاساوهێنانەوە دەبەن.
ئەوەی لە کەس پەنهان نەبووە و لە سەرەتاشەوە ئاشکرا بووە، ئەوەیە کە چەمکی دەوڵەت لای زۆر کەس کورتبین و شێواو بووە و هێشتاش هەروا ماوەتەوە. دەوڵەت شتێکە و حکوومەت شتێکی دی. مانەوەش هەر بۆ گەلە، چونکە کۆڵەکەی سەرەکیی دەوڵەتە. پارە هی ئەوە، پاراستنی سەروەت و سامان و شکۆی، بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە لەنێوان خۆی و ئەوانەی بە شایستەیان دەزانێت بۆ حوکمڕانی. لێ ئەمانەت ئەوە دەخوازێت دەسەڵات هۆشیاریی گەلەکەی بگەشێنێتەوە نەک بەرەو نەزانیی ببات، یان بێدەنگ بێت لە گەوجکردن و بڵاوکردنەوەی وەهم. چونکە بەناو دەسەڵاتگەلێکدا تێپەڕین کە خەڵکیان بە نەزان هێشتەوە و وەهمیان پێ فرۆشتن و کارەساتیان لێکەوتەوە و بارووتی تۆڵەی ناوخۆییان کەڵەکە کرد، کە بەشێکی ساڵانێک لەمەوبەر تەقییەوە.
بە کورتی و کرمانجی: پرسیارە جەوهەرییەکە: بەرەو کوێ؟ ئاکامی ئەم لۆژیکە لە ڕەوتی ڕووداوەکاندا، سەر بە کام کەنارمان دەخات؟ کێیە دەتوانێت ڕێ لە جەماوەر بگرێت لەو بەراوردکارییەی کە بە زۆر و بە ناچاری وایان لێ دەکەن بیکەن؟ بەراوردێک بۆ هەڵسەنگاندنی واقیعی خەڵک لە نێوان “سەردەمی کوشتنی بە بەرنامە” و “سەردەمی پەرتەوازەیی و هەڵپەکردن بەدوای بەرژەوەندیی کەسی”. ئەو بەرژەوەندییەی کە خۆی لە خۆیدا هۆکارە بۆ کوشتنی ئەوانی دی، لێ ئەمجارە بە چەکی هەژارکردن و پەراوێزخستن و دروستکردنی کەلێنێکی گەورە لەنێوان خۆیان و خاوەنە ڕاستەقینەکانی ماف کە گەلەکەمانن. لە کاتێکدا زۆرینەی خەڵک بۆ دەستخستنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیان دەجەنگن، کەمینەیەکی پەرتەوازە لە پەنای ناسنامەگەلێکدا کە دروشمی سواوی ڕابردوویان بۆ بانگهێشت کردووەتەوە، وەبەرهێنان لەوەدا دەکەن کە مافی خۆیان نییە و قۆرخی دەکەن.
ئەم ڕەفتارە هەرچەندە نامۆیە، لێ تێگەیشتووانەیە و لە ڕابردوودا نموونەی هەبووە؛ ڕەفتارێکە لەسەر بنەمای دژایەتیکردنی ستەم دامەزراوە، بەڵام دواتر خاوەنەکەی تێوەدەگلێت لە خودی هەمان ئەو کردەوانە. وەلێ ئەو (ستەمکاری نوێ) بیرۆکەیەکی وای گەیاندووە کە قەناعەتپێکەر نییە، گوایە ستەمکاری پێشوو تەنیا وێنە و نموونەی هەموو ناتەواوییەک بووە و بە نەمانی ئەو ستەمکارە، ئیتر کۆتایی بە ستەم هاتووە.
ئەوانەی ئاوڕ لە مافەکانی خەڵک نادەنەوە و دەرفەت بەوانی دیکە نادەن دەوڵەت بنیات بنێنەوە و مەزاجی خۆیان دەسەپێنن، بە جۆرێک خۆیان لە سەرووی هەموو مەرجەعێکی یاسایی دەبینن، ئەمانە تەنیا کۆپییەکی پەرەسەندوو (مۆدێرن)ی خودی ئەو تاقمەن کە دۆخەکەیان گەیاندە لێواری داڕمان.
مافەکانی مرۆڤ شتێکی زیادە و ڕەفاهییەت نین، بانگەشەکردنیش بۆیان قسەی ئەفسانە نییە. چونکە فاکتەری نێودەوڵەتی ئەگەرچی دوابکەوێت یان دەستپێشخەری نەکات بۆ دەستتێوەردان، ئەوا فشار خستنە سەر جەماوەر هۆکارە بۆ نەمانی ئینتیما و سەرهەڵدانی گەندەڵی و دەرکەوتنی نەوەگەلێک کە خاوەن تەماحی ناڕەوان، بەدوای ئەوەشدا شەپۆلی تووڕەیی جەماوەری دێت کە کەس لێی پارێزراو نابێت.

