رۆژنامەی ھەولێر

مەترسییەکانی گیرانی بۆڕیچکەی منداڵدان

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

دکتۆر جوانیتا سەلاح، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون و نەزۆکی، لە زانیارییەکی پزیشکیدا هۆشداری دەدات لە زیان و ئاڵۆزییەکانی گیرانی بۆڕی منداڵدان (جۆگەی فالۆپ) و ڕایدەگەیەنێت کە ئەم گرفتە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر توانای منداڵبوون و تەندروستی گشتی خانمەکە هەیە.

جۆگەی فالۆپ
دکتۆر جوانیتا ئاماژە بەوە دەکات کە جۆگەلەی فالۆپ دوو بۆڕیچکەی تەنکن و ئەرکی سەرەکییان بەستنەوەی هێلکەدانە بە منداڵدانەوە. ئەم جۆگانە تەنها ڕێڕەو نین، بەڵکو شوێنی پیتێنرانی هێلکەیە لەلایەن سپێرمەوە؛ بۆیە هەر گرفتێک یان هەوکردنێک تێیاندا، پرۆسەی دووگیانی پەک دەخات.
باوترین و مەترسیدارترین زیانەکان
بەپێی وتەکانی ئەم پزیشکە پسپۆڕە، گیرانی ئەم بۆڕییانە دەبێتە هۆی دروستبوونی چەندین ئاڵۆزیی ته‌ندروستی، کە گرنگترینیان ئەمانەن:
• نەزۆکی: گیرانی جۆگەکان ڕێگری دەکات لە گەیشتنی سپێرم بە هێلکە، ئەگەر هەردوو جۆگەکەش بگیرێن، خانمەکە تووشی نەزۆکی دەبێت.
• دووگیانی دەرەوەی منداڵدان: یەکێکە لە مەترسیدارترین حاڵەتەکان، چونکە هێلکە پیتێنراوەکە لە ناو بۆڕییەکەدا دەمێنێتەوە و گەشە دەکات، ئەمەش مەترسی جدی لەسەر ژیانی دایکەکە دروست دەکات.
• هەوکردنی حەوز (PID): گیرانەکە دەبێتە هۆی دروستبوونی هەوکردن کە ئازاری زۆر و تای لەگەڵدایە و زیان بە ئەندامەکانی زاوزێ دەگەیەنێت.
• ئازاری درێژخایەن: ئەو خانمانەی تووشی ئەم گرفتە بوون، زۆرجار بە دەست ئازارێکی بەردەوام و بێزارکەری ناوچەی حەوزەوە دەناڵێنن.
دکتۆر جوانیتا سەلاح جەخت دەکاتەوە کە دیاریکردنی زووی گرفتەکە و وەرگرتنی چارەسەری گونجاو، دەتوانێت ڕێگری بکات لەم ئاڵۆزیانە و، بەختی دووگیانکەوتن زیاد بکات.