رۆژنامەی ھەولێر

چوارتەنیشتی کــــــەلاری پەنجاکان

خوسره‌و جاف
من لە لادێیەکی کەلاردا هاتوومەتە جیهانەوە و سەردەمی منداڵیم هەر لەوێدا گوزەراندووە. قوتابخانەی سەرەتاییم لە کەلاردا تەواو کردووە. قوتابخانەکەمان شەش ژووری تێا بوو، دەرگای ژوورەکان بەسەر هۆڵێکی دەم ئاواڵەدا دەکرانەوە، هەر ژوورێك تەرخان کرابوو بۆ پۆلێك و لە هەر ژوورێکدا دوو پەنجەرەی ڕوو بە دەرەوەی لێ بوو، لەگەڵ دەرگایەکی بێدەرگا! با لە پەنجەرە بێجامەکانەوە دەهات و بێ پرس لە دەرگا بێدەرگاکەوە دەڕۆیشتە دەرەوە.
بنمیچی ژوورەکان بە دار و قامیش و سفتوسۆڵ داپۆشرابوو، جارەوبار لە باران و ساردی و کڕێوەی زستاندا بێ سۆبە و ئامێری گەرمکردنەوە وانەکانمان دەگوزەراند. ژووری بەڕێوەبەری قوتابخانەکە و مامۆستاکان دەرگاکەی بە تەنیشت دەرگا سەرەکییەکەی هاتنەژوورەوەی تێکڕاییەوە بوو. کاتژمێر هەشتی بەیانی ئاسنێك بە پەتێکەوە هەڵواسرابوو (گوایە ئەوە زەنگە) و بە شیشێك زۆرتر “ئەحمەد فەڕاش” لێی دەدا، ئیتر ئەوە بوو بۆ چوونەژوورەوە و هاتنەدەرەوە، ئەحمەد فەڕاش لە پارچە ئاسنە هەڵواسراوەکەی دەدا.
بەیانیان پۆلەکان هەریەکە بە جیا ڕادەوەستان بۆ سروود خوێندنەوە، سروودەکان بریتی بوون لە “خوایە وەتەن ئاوا کەی” یان “گردی شێروانە سەیرانی سیروان”، زۆرتر ئەو دوو سروودە دەخوێندرانەوە. هەموو ڕۆژێك مامۆستایەك سەیری دەست و نینۆکمانی دەکرد و دەبووا دەستەسڕێکیش لەژێر هەردوو دەستمانەوە بووایە. مامۆستاکانمان زۆرتر خەڵکی کفری و دووزخورماتوو بوون، بە دەگمەن لە شارە دوورەکانەوە مامۆستایەکمان بۆ بهاتایە. بە زمانی عەرەبی دەمانخوێند؛ ئێستا دەزانم مامۆستاکانمان عەرەبینەزان نه‌بوونە، بەڵام بە لای ئێمە و ئەو دەمەوە “سیبەوەیهی” بوون لە عەرەبیزانیندا.
لە دوا وانەی دووهەمدا مامۆستایەك ناوی ئەوانەی دەنووسی کە نیازیان بە خەستەخانەڕۆیشتن بوو، زۆربەی کات ناوم دەنووسی تا هەر نەبێت کاتژمێرێك خۆم لە قوتابخانە بدزمەوە. لەبەر ئەوەی خوێندن بە عەرەبی بوو، ئەوانەی شەشی سەرەتایییان لەو قوتابخانەیە تەواو دەکرد، بە هیچ جۆرێك عەرەبی فێر نەبووبوون. بەندە بە هۆی نەخۆشی و هاتوچۆی شاری بەغداوە تەقەتەقێك عەرەبی فێر بووبووم، بەڵام تا خوا حەز بکا “فریشقە” و هیچی ‌تێا بەسەر نەبوو.
کەلار سەرجەم سەدوچل ماڵی لێ بوو؛ هەروەها تەلەفۆنی هندڵ و ئاوری بیری ئیرتیوازی و ئاوی خواردنەوەیشی لێ بوو. ماڵە خزمەکانم (بەگزادەکان) هەر یەکە و مۆلیدەیەکی کارەبایییان هەبووە بۆ ڕۆشنایی، هەروەها تاك و تەراك یەخچاڵی نەوتی لە بڕێك لە ماڵەکاندا دەبینرا.
کەلار ئەو کاتە زستانەکەی لە ئێستا ساردتر بوو، هاوینەکەشی هەر وەك ئێستا گەرم بوو. کەلاری ١٩٥٠ بە پایتەختی گەرمیان دەژمێردرا. تاك و تەراك نەبێت سەرجەم دانیشتوانەکەی لە عەشرەتی جاف بوون، لە بەرای کۆچی جوولەکەکان بۆ ئیسرائیل چەند ماڵێکی جوولەکەش لە کەلاردا بوون. خەڵکەکە بە کشتوکاڵی گەنم و جۆوە سەرقاڵ بوون، جاروبار ئاسمان دەڕۆیشتە قین و باران نەدەباری و ساڵ بە وشکەساڵ دەژمێردرا و هەژاری لەناو خەڵکەکەدا ڕوخساری ناحەز و بێزی خۆی بەدەر دەخست. ئەو دەم لە کەلاردا هیچ جۆرە کاسبییەکی تری تیا نەبووە، تەواوی ئومێدیان بە بارانبارینەوە بووە.
کەلاری پەنجاکان، ئەوانەی لە تەمەنی مندان، لە “تەختەنەختە”ی هەمان جێگەی شارۆچکەی “سموود”، پێنسەد بۆ شەسسەد سەر ئاسکم تێا دیوە، ئەوانەش وەك من دیویانە. لە باکووری دێی کەلارەوە جێگەیەکە ئەو دەم بەناوبانگ بووە بە “ئاشە کۆنەکە”، هیچ کەس بەبیری نەدەهات کە لەوێدا ئاش هەبووبێت، بەڵام بەڕووی جۆگەلەکەی ئەو دەم دەبینرا.
لە باشووری کەلارەوە هەرچی بارانی باکووری کەلار هەبوو سەرەوخوار بۆ ئەو سەرزەوییە دەڕۆیشت، بەناوبانگ بوو بە پیت و بەرەکەت و گەنم و جۆکەی یەك و دە و پانزەی دەکرد.
لە ڕۆژهەڵاتی کەلارەوە “کەنەقووڵ” هەبوو، ئێستا ئەو کەنەقووڵە پڕ کراوەتەوە. باراناوی بەشێك لە “پەردەسوور” دەڕژایە ئەو کەنەقووڵەوە، لە نێوان کەلار و کەنەقووڵەدا گۆڕستانی کەلاری تیادا بووە.
با نەختێك لە چوار تەنیشتی دێی کەلار دوور کەومەوە؛ لە ڕۆژهەڵاتەوە دێی “عەلەومحە” بووە، ئەو کات ڕووباری سیروان بەلای “کوناکونا”دا چەرخابوو. ئێمەی مێردمنداڵانی کەلار جارەوبار بە ئۆتۆمبێل یان وڵاخ خۆمان دەگەیاندە “کوناکونا” بۆ مەلەکردن لە ڕووباری سیرواندا.
لە خوار “عەلەومحە”وە مەکینەی ئاوەکە بوو کە بەسەر لێواری چەمی سیروانەوە بوو. قەڵای شێروانە ئەو دەمیش فەخر و شانازی بە زەمان دەفرۆشت و بۆ ئێمەی گەنج و لاوانی کەلار لە جەژنەکاندا یان بەهاران مەکۆی سەیرانی کەلار بووە. “بنگرد” دێیەکی بچکۆڵانەی دە ماڵی بووە لە بنی گردی یەکەمی قەڵادا بوو. لە خواری بنگردەوە “گردەگۆزینە” بوو، جارەوبار بە ماشێن دەڕۆیشتین بۆ مەلەکردن لە ڕووباری سیروان کە لە لێواری گردەگۆزینەدا بوو. “بەردەسوور” جێگای ئێستای زانکۆی گەرمیان بە “بەردەسوور” دەناسرا.
“سەید خەلیل” مەزارگای بەناوبانگی کەلار و گەرمیان دەژمێردرا، لەوێدا گومەتی “حەمە پاشای جاف” و زۆربەی زۆری مردووی بەگزادەکان نێژرابوون. ئاوی کەلار لە بناری سەید خەلیلەوە شۆڕ دەبووەوە بۆ ناو دێی کەلار، تا بیری ئیرتیوازی لەناو کەلاردا لێ نەدرابوو، خەڵکی کەلار لەو جۆگە ئاوەیان دەخواردەوە. وەنەبێ هەر کەلار لەو جۆگەئاوەی دەخواردەوە، تەواوی ئاژەڵە کێوییەکان وەك هەزاران ئاسك و گورگ و ڕێوی و هەتاوەکو کەمتیاریش هەر لەو جۆگەیە ئاویان دەخواردەوە، لە هاویندا ملیۆنەها باڵندەی “کورکور” ئەوانیش سەرچاوەی ئاویان هەر ئەو جۆگە کەمنەفەسە بووە.
“گردەیەغنی” بە تەنیشت مەزاری سەید خەلیلەوە بوو، “گۆبانی حەمەئەمین بەگ” لە سەرەوەی مەزارگەی سەید خەلیلەوە بوو. “گردەکەروێشکان” لە نزیك گۆبانەوە لە ڕووی ڕۆژئاواوە بوو. لە ڕۆژئاوای کەلارەوە مەزاری “سەید سۆنە” لە جادەی نێوان کەلار و کفریدا تۆزێك لە چاوەکەوە دوور بوو. “شاکەلی شێخ ئەحمەدی وەکیل” ئەویش هەر بەسەر جادەکەوە بوو.
لێرەدا ناکرێت باس لە چەمی سیروان نەکرێت؛ ئەو چەمە یەکێك بووە لە سەرچاوەی سووتەمەنی کەلار، بە کەر و تەوەر و داسەوە لەو چەمە داریان دەهێنا بۆ سووتەمەنیی تەنوور و کوانووی زستان، هەروەها پشکەڵ و تەپاڵە بۆ نانکردن و ساج و کوانوو بەکار دەبرا.
یەکێك لەو هۆکارانەی تا ڕادەیەك بوو بە هۆکاری تۆزێك گۆڕانکاری، جادەی نێوان جەلەولا و دەربەندیخان بوو. بڕێك لە گەنجانی کەلار لە کۆمپانیای “ویلیام پرێس” (William Press) کە بەڵێندەری ئینگلیزی ئەو جادەیە بوو، لەوێدا کرێکارییان دەکرد و تا ڕادەیەك بوو بە هۆکاری بووژانەوەی دارایی دێیەکانی سەر جادەکە. لەبیرمە “عەبەی ئەحە مسگەر” لەوێ کرێکاری دەکرد، فێنککەرەوەیەکی ئاوی (موبەڕیدە)ی هێنابوو، دایکم منی نارد بە پارە لێمان کڕی، ڕەنگە ئەوە یەکەمین موبەڕیدە لەقەڵەم بدرێت وا هاتبێتە ناو کەلارەوە.
دەمەوێ خوێنەری ئازیز ئەوە بزانن، ئەو گۆشە و کەنارانەی دەوروبەری کەلارەی وا باسم لێ کردوون، ئێستاکە هەرهەموویان لەناو پانتایی شاری کەلاری ئێستاکە نوقمن؛ کەنەقووڵ پڕ کراوەتەوە، خڕی حاجی هەناسەی لێ بڕاوە.
ئیدی “کەفچەرێن”ی لافاوەکەی هەر یەکێکی وەك من باسی لێ دەکات و ئەو خڕە ئێستاکە شوێن هەوارەکەشی وەدیار نەماوە و پڕ کراوەتەوە، شاری (سموود) بەسەر زەوی تەختەنەختەوەیە. هەوارگەی لەوەڕگای هەزاران ئاسك ئێستاکە دنیایەك بلۆک و جەنگەڵستانە. بەردەسوور و عەلەومحە و شوێنی مەکینەی ئاوەکە، سەید ماڵ و بنگرد و گردەگۆزینەش ئێستاکە شاری کەلار قووتیانی داوە و ناوە کونەکەی لەبیری دانیشتوانی ئێستای کەلاردا نەماوە.
شاری کەلار ئەمڕۆکە بە یەکێك لە گەورەترین قەزاکانی هەرێمی کوردستان دەژمێردرێت، خوا ڕەحمی کردووە قەڵا مەزنەکەی حەمە پاشای جاف بەسەر دوو گردەوەیە، ئەگینا ئەو قەڵایەش قووت دەدرا و لە جەنگەڵی بلۆکدا ون دەکرا.
بەندە لە پێش کۆچی دوایی (ئەشی)ی خێزانمدا کە مەزارەکەی ئێستا لەوێدایە، بۆ تازیە و بۆنەکان نەبێت گوزەرم نەدەکەوتە کەلار. ئێستا مانگی جارێك دەڕۆمەوە بۆ کەلار و بۆ سەر مەزارەکەی (ئەشی)، جارەوبار دەگەڕێم بۆ شوێن هەواری ماڵی باوکم، ئێستا زیاتر لە پانزە خانووی تیادا کراوە. بەڵام بەپێی پیشەم ماڵی ئەوسای باوکم وەك نەخشە لە نەخشەی ئەوسای کەلاردا دەستنیشان کردووە، هەروەها کۆڵانەکانی هەتاوەکو “سڕکەوان”ـەکانیشی. ئیدی چ بمەوێ یان نا، من منداڵی ئەو کەلارە کۆنەم و لەوێڕا هاتوومەتە دنیاوە، نەك نکۆڵی لەوە بکەم بەڵکو شانازیی پێوە دەکەم، بۆیە مەزاری ئازیزترین کەسم (هاوسەری تەواوی تەمەنم)ـم بردۆتە کەلار. ئەگەر خوا بیکاتە قسمەتم، منیش بەپێی وەسیەتێك کردوومە هەر لەو مەزاری (ئەشی)ی هاوسەرمدا لە تەنیشت گۆڕەکەیەوە بمنێژن. ڕەنگە بەندەی خوا (من) هەر ئەوجارە بنێژرێم؛ کەسانێك دەناسم لێهاتوو و بەتوانا لە یەك ڕۆژدا دوو جار هەست بە نێژرانی خۆی دەکات، بە ئومێدی ئەو ڕۆژەی تاکی کورد تەنها هەست بە دوانێژران بکات و بەس.