ئەرسەلان حەسەن
کۆتر و ماسی، کتێبێکی تازەی شاعیری دیار و بەرچاوی بواری منداڵان لە ڕۆهەڵاتی کوردستان بە گشتی و شاری سنە بە تایبەت، شاعیر (فەرید ڕاژین)ـە. (ڕاژین) بەم کتێبەوە تاوەکو ئێستا کتێبی چیرۆکە شیعری، بە کوالێتی بەرز و ستانداردی ئەدەبی بۆ منداڵان چاپ و بڵاو کردووەتەوە. ئەم کتێبەشی وەک هەموو کتێبەکانی تری چیرۆکەشیعرە و تێیدا هەم شیعر و هەم چیرۆک یان چیرۆک بە شیعر دەخوێنینەوە.
ئەم کتێبەی ڕاژین چیرۆکی ماسییە سوورەیەکمان بە شیعر بۆ دەگێڕێتەوە کە پێش دوو ساڵ لە حەوزی ماڵێکدا بەردەوام گلەیی و گازندە لە دەست تەنیایی دەکات و کۆترێکی سپی وەک بەفری هێمای ئاشتی و ئاوەدانی، گوێی لە گلەیی و گازندەکەی دەبێت و پێیدەڵێت باشترین چارەسەر بۆ تۆ هاتنەدەرەوەیە لە ئاوەکە و چوونە بۆ لای یەک دوو کەس، واتە سەردانیکردنی یەک دوو کەس تا تەنیاییت لەبیربچێتەوە یان هەر نەبێت سەرێک لە دراوسێکانت بدە.
کۆترەکە دەیەوێت یارمەتی هاتنەدەرەوەی ماسییە سوورەکە لە ئاوەکەی ناو حەوزەکە بدات، بەڵام هەر چەندە دەکات ماسییەکەی بۆ هەڵناگیرێت و لەجیاتی خزمەتکردن و یارمەتیدانی، توشی ئازار و ئێشێکی زۆری دەکات. ماسییە سوورەکە بە کۆترەکە دەڵێت، کە نیشتمان و ماڵی من ناو ئاوە و هاتنەدەرەوەم لە ناو ئاو، دەبێتە مەترسی بۆ سەر ژیانم. ئێرە ناو ئەم حەوزە نیشتمانی من نییە و بە حەز و ئارەزووی خۆم لێرەدا ناژیم. حەزم لێی نییە و نیشتمانی ئەسڵییم، ناو چۆم و ڕووبار و دەریاکانە.
پاشان کۆترەکە پەنادەباتەبەر قەلەڕەش بۆ یارمەتیدانی و بۆی باسی ماسییە سوورەکە و نیگەرانی لە تەنیاییەکەی دەکات. ئەوانیش هانا دەبەنە بەر دارکونکەرە و پەپوولە و سێرە، تا سەردانی ماسییە سوورەکە بکەن و هەر نەبێت هەندێک لە تەنیایی و نیگەرانییەکەی کەم بکەنەوە. کە دەچن بۆ لای ماسییەکە و هەر چەند ئەو نایان ناسێت و نازانێت کێن، بەڵام بەلایەوە خۆش دەبێت و ئەمەش وا دەکات ببێتە هاوڕێیان و ئەوانیش زوو زوو سەردانی دەکەن، بەسەری دەکەنەوە بۆ ئەوەی لەتەنیایی ڕزگاری بێت و هەست بەنیگەرانی و خەم نەکات. بزەی شادی و خۆشی بۆ سەر لێوەکانی بگەڕێتەوە.
هەر کە خاوەن ماڵیش سوسەی ئەمە و هەست بەم سەردان و بەسەرکردنەوە و هاوڕێیەتییە دەکات، بڕیاردەدات ماسییە سوورەکە بگێڕێتەوە بۆ نیشتمانی ئەسڵی خۆی، کە چۆم و ڕووبارە و دەیگێڕێتەوە و کاتێکیش هاوڕێکانی پێی دەزانن، لە شەقەی باڵ دەدەن و بەرەو ڕۆخ و کەناریی ڕووبارەکە بۆلای ماسییە سوورەکە دەفڕن و لەوێ لە خۆشی ئەوەی ماسییە سوورەی هاوڕێیان لە تەنیایی و نیگەرانی ڕزگاری بووە، گەڕاوەتەوە بۆ نیشتمانی ئەسڵی خۆی، واتە ناو چۆم و ڕووبار، ئاهەنگ دەگێڕن و دەیکەن بە شایی لۆغان و هەڵپەڕکێیەک شان لە شایی بناویلە بدات.
ڕاژین لەم چیرۆکە شیعرەدا ئەو پەندە کوردییەمان بیردێنێتەوە کە (بەرد لە جێگای خۆی سەنگینە) و لە نێوان واقیع و خەیاڵدا، هەنگاوی ورد و قووڵ دەنێت. وانەی پێکەوەژیان و هاوکاری و هاوڕێیەتی بە منداڵان دەڵێتەوە. وریا و ئاگادارییان دەکاتەوە کە ئێمەی مرۆڤ هەر لە ئەزەلەوە بۆ ئەوە دروست بووین لە نیشتمانەکەماندا سەربەست و ئازاد بەیەکەوە بژین. دوورکەوتنەوە و بەجێهێشتنی زێد و نیشتمانەکەمان، تووشی گۆشەگیری و تەنیایی و نیگەرانیمان دەکات و ئەوکاتە ڕەنگ زەرد و لێوبەبار، خەمۆکی باڵی بەسەرماندا دەکێشێت.
ماوەتەوە بڵێین زمانی ئەم کتێبەی ڕاژین، وەکو کتێبەکانی دیکەی پاراو و ڕەوانە. چاپ و دیزاین و وێنە ڕەنگاوڕەنگەکانی کوالێتی بەرزە. مەرجەکانی کتێبی منداڵانی تێدایە و منداڵان دەتوانن زۆر بە ئاسانی بیخوێننەوە. تام و چێژێکی زۆر و باشیش لە وێنەکان وەربگرن. ئەم کتێبە پێکهاتووە لە (١٦) لاپەڕەی ڕەنگاوڕەنگ لە شێوەی پەلکە زێڕینە.
سەرچاوە: کۆتر و ماسی، چیرۆکەشیعر بۆ منداڵان، فەرید سەفاری (ڕاژین)، ساڵی ٢٠٢٥، وەشانخانەی خۆر، ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سنە. وێنەکێش، ژاڵە یوسفی.

