سەهەند کۆیی
* ململانێی نێوان نوێگەری و ڕەسەنایەتی.
لە جیهانی ئەمڕۆماندا، مرۆڤایەتی لەناو جۆرە ململانێیەکی بێدەنگدایە. لە لایەکەوە پێشکەوتنی خێرای تەکنەلۆژیا و پەیوەندییەکان هەوڵ دەدەن هەموو مرۆڤەکان بکەنە خاوەن یەک جۆر بیرکردنەوە و یەک شێوازی ژیان، لە لایەکی تریشەوە، پێویستییەکی سروشتی لە ناخی هەر مرۆڤێکدا هەیە بۆ گەڕانەوە بۆ ڕەگ و ڕیشە و پاراستنی ئەو تایبەتمەندییانەی کە لە کەسانی تری جیا دەکاتەوە. شوناسی کولتووری تەنیا کۆمەڵێک دابونەریتی کۆن نییە، بەڵکو ئەو ڕۆحەیە کە بە نەتەوەیەک دەبەخشرێت و دەیکاتە خاوەن کەسایەتییەکی سەربەخۆ لە ناو کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا.
* زمان وەک پارێزەری کۆگای زانیارییەکان.
زمان گەورەترین و گرنگترین پایەی شوناسە. کاتێک باس لە پاراستنی زمان دەکەین، تەنیا مەبەستمان لە دەربڕینی وشەکان نییە، بەڵکو مەبەستمان لە پاراستنی ئەو جیهانبینییەیە کە لە پشت هەر وشەیەکەوە وەستاوە. ئێستاکە بەهۆی زاڵبوونی زمانە گەورەکانی جیهان بەسەر کایەکانی زانست و بازرگانیدا، زمانی دایک لە لایەن نەوەی نوێوە پشتگوێ دەخرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە دوای چەند نەوەیەک، نەتەوەکە نەتوانێت دەقە ئەدەبی و مێژووییەکانی خۆی بخوێنێتەوە کە واتای دابڕانی پەیوەندییە لەگەڵ ڕابردوو. بۆیە پێویستە زمان لە ناوەندەکانی خوێندندا تەنیا وەک بابەتێکی لاوەکی سەیر نەکرێت و دەبێت زاراوەسازی کوردی برەوی پێ بدرێت تا بتوانێت وەڵامدەرەوەی پێویستییە زانستییەکانی سەردەم بێت، هەروەها دایکان و باوکان بەرپرسیارێتییەکی مێژووییان لەسەر شانە کە لە ناو ماڵدا پێویسته بە زمانی کوردییەکی پاک و پاراو لەگەڵ منداڵەکانیان بدوێن.
* تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان؛ هەڕەشە یان دەرفەت؟
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک گەورەترین ئامرازی گواستنەوەی کولتوورەکان، وایان کردووە ئەمڕۆ گەنجێک لە لادێیەکی دوورە دەست تەنها لە ڕێگەی شاشەی مۆبایلەکەیەوە بینەری وردەکاریی ژیانی کەسێک بێت لەوپەڕی جیهان، ئەم کرانەوەیەش دوو جۆر کاریگەری جیاواز دروست دەکات. لە لایەکەوە مەترسی ئەوە هەیە ببێتە هۆی داگیرکاریی دەروونی، کاتێک گەنجان بەردەوام تەنها بینەری ناوەڕۆک و مۆدێلە بیانییەکان دەبن، ئەمە ڕەنگە ببێتە هۆی کاڵبوونەوەی بڕوابەخۆبوون بە شوناسی خۆماڵی و هاندەر بێت بۆ هۆگربوون بە شێوازە بیانییەکان لە پۆشاک و خواردن و تەنانەت شێوازی هەڵسوکەوتدا. لە لایەکی ترەوە، دەکرێت ئەم تۆڕانە بکرێنە سەکۆیەک بۆ ڕەسەنایەتی و باشترین ئامراز بۆ خزمەتکردن، ئەگەر گەنجانی ئێمە بەو هۆشیاری و توانایەی هەیانە، ناوەڕۆکێکی کوالێتی بەرز بە زمانی کوردی بەرهەم بهێنن کە باس لە جوانییەکانی سروشتی کوردستان و چیرۆکە مێژووییەکان و بەها مرۆییەکان بکات، بەمەش نەک هەر شوناسەکەمان دەپارێزین، بەڵکو ڕێز و سەرنجی گەلانی تریش بۆ کولتووری خۆمان ڕادەکێشین
* هونەر و فۆلکلۆر وەک ناسنامەی زیندوو.
مۆسیقا و هەڵپەڕکێ و دەستکار (پیشە دەستییەکان) لایەنی بینراو و بیستراوی شوناسی ئێمەن و نابێت تەنها وەک کەلوپەلی ناو مۆزەخانە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت. پاراستنی فۆلکلۆر بەواتای بەستنەوەی کولتوور نییە بە ڕابردووەوە، بەڵکو مەبەست لێی هێنانە ناوەوەی ڕەسەنایەتییە بۆ ناو ژیانی نوێ. بۆ نموونە بەکارهێنانی نەخشە کوردییەکان لە ناوماڵ و جلوبەرگی سەردەمیانەدا وادەکات کولتوورەکەمان لەناو ژیانی ڕۆژانەدا بە زیندوویی بمێنێتەوە. ئەگەر نەتەوەیەک هونەر و مۆسیقای خۆی فەرامۆش بکات بێگومان جێگەکەی بە هونەری بێگانە پڕ دەبێتەوە. لێرەدا ئەرکی ڕاگەیاندن و ناوەندە هونەرییەکانە کە بە بەرهەمی ڕەسەن بەرگری لە شوناسی نەتەوەیی بکەن.
* ڕۆڵی خێزان و پەروەردە لە بنیادنانی کەسایەتی.
بناغەی پاراستنی شوناس لە ناو خێزانەوە سەرچاوە دەگرێت، چونکە ئەو منداڵەی لەسەر سفرەیەکی کوردی و بە چیرۆک و مۆسیقای ڕەسەن پەروەردە دەبێت، لە داهاتوودا خاوەن بڕوا بەخۆبوونێکی زۆر دەبێت و بە ئاسانی لە ناو کولتوورە بێگانەکاندا وند نابێت. فێرکردنی بەهاکانی وەک ڕێزگرتن لە گەورە و یارمەتیدانی هەژاران و میواندۆستی کە لە ڕەوشتە هەرە بەرزەکانی کۆمەڵگەی ئێمەن، بەشێکی دانەبڕاون لە ناسنامەی نەتەوەیی و پاراستنیان ئەرکێکی سەرەکییە. لە پاڵ ئەمەشدا پێویستە لە قوتابخانەکاندا هۆشیاریی مێژوویی پەرەی پێ بدرێت و تەنیا باس لە ڕووداوە سیاسییەکان نەکرێت، بەڵکو مێژووی داهێنان و ژیانی کولتووری کورد بە نەوەی نوێ بناسێنرێت تا بە شانازییەوە ڕەگ و ڕیشەی خۆیان بپارێزن.
* جیهانی بوون بەبێ ونبوون.
دروشمی سەرەکی ئێمە دەبێت ئەوە بێت کە لەگەڵ جیهان هەنگاو بنێین بەڵام لە خۆمان نەگۆڕێین، چونکە داخستنی دەرگاکان بە ڕووی تەکنەلۆژیا و زانستدا تەنها دەبێتە هۆی دواکەوتووییمان، بەڵکو پێویستە بڕیار بدەین کە چۆن ئەو ئامرازانە بە شێوەیەکی دروست بەکاربهێنین. زانست موڵکی هەموو مرۆڤایەتییە و ئەرکی ئێمەیە وەری بگرین و بە زمانی خۆمان دایبڕێژینەوە. لە هەمان کاتدا دەبێت خاوەن فلتەرێکی ژیرانە بین بۆ ئەوەی بە دوای هەر ڕەوتێکی نوێدا نەکەوین ئەگەر لەگەڵ بەها بەرزەکانی ئێمەدا نەگونجێت، تەنانەت ئەگەر لە جیهانیشدا وەک مۆدێرنە تەماشا بکرێت. ماوهتهوه بڵێن، پاراستنی شوناسی کولتووری لەم سەردەمەدا ئەرکێکی نەتەوەیی و مرۆییە. ئەگەر بمانەوێت وەک گەلێکی خاوەن شکۆ بمێنینەوە، دەبێت زمانمان وەک چاوەکانمان بپارێزین، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەینە خزمەتکاری کولتوورەکەمان و ڕێگە نەدەین ڕەسەنایەتمان لەناو شەپۆلەکانی لاساییکردنەوەدا ون ببێت. شوناس وەک ناسنامەی مرۆڤ وایە، ئەگەر ونی بکەیت، لەناو کۆمەڵگەی جیهانیدا دەبیتە کەسێکی بێناو و نیشان.

