رۆژنامەی ھەولێر

ئەو نووسەرەی هەولێری وادی بوو، وای بیستبوو چەند پەیڤێک لە ٨ ساڵەی کۆچی دواییدا…

سەید مەولود بێخاڵی ١٩٣١-٢٠١٨
ئاری ئاغۆک
کاتێ باسی نووسەرێک، یا ئەدیب و هونەرمەندێک دەکەین، دەبێ بگەڕێینەوە سەر باگراوندی ئەو بابەتەی کاری لەسەرکردوە و کات و تەمەنی خۆی بۆ بوارێک لە بوارەکانی کەلتووری، یا ئەدیبی، یا هونەری….هتد. تەرخانکردوە، ئەوکات دەتوانین زیاتر ڕۆچینە نێو ژیان و کار و بەرهەم و ئەو پەیامەی کەکاری بۆ کردوە.
یەکێک لەو بوارانە بریتی یە لە گرنگیدان بەلایەنی کەلتوور و ئەرشیف و مێژووی شار، کە دواتر ئەو ئیش کردن و خۆ تەرخانکردنە لە موڵکی تاکە کەسیەوە دەبێتە موڵکی ووڵات و نیشتیمان، بەداخەوە ئەو کەسانەی کار لەم بوارە دەکەن، یا خود کاریان کردوە، بەپەنجەی دەست دەژمێردرێن، ئەوان لەڕوانگەی خەمخۆریان بۆ مێژووی شار، یادگاری شار، هەوڵی خۆیان دا، ئێستا بوونەتە ناسنامەیەکی دیارو بەرچاو.
یەکێک لەو کەسایەتیە ڕوناکبیرانەی کە بەشێکی زۆری کات و تەمەن و ژیانی خۆی بۆ ئەرشیف و ڕابردوو و کەلتوور و فۆلکلۆر و هەروەها مێژووی هەولێر تەرخانکرد، خولێخۆشبێ (سەید مەولود بێخاڵی) یە کە لەڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ، لە ٧-١-٢٠١٨ لەتەمەنی ٨٧ ساڵی دا کۆچی دوایی کرد، لێرەدا وەک یادو وەفایەک بۆ ڕابردووی پڕ خزمەتی ئەو نووسەرەی هەولێر، ئەوا لەرۆژنامەی هەولێردا لە چەند گۆشەنیگایەک یادی دەکەینەوە.

*هەولێرم وا دیوەو وابیستوە
سەید مەولود بێخاڵی خاوەنی چەند چاپکراوێکە، کە کتێبەکانی تائێستاش بایەخ و گرنگی خۆیان هەیە، یەکێک لەو کتێبانە (هەولێرم وادیوە، وا بیستوە) دەتوانم بڵێم ئەم کتێبە بۆتە ناسنامەی سەید مەولود بێخاڵی، لەڕێگەی ئەو کتێبەدا کە (چوار بەرگ) ە، زۆر بەووردی باس لە مێژوو و فەرهەنگ و کەسایەتی و تەکیە و مزگەوت و ژیان و کەلتووری شاری هەولێر دەکات، ئەم بەرهەمە وەک ئینسکلۆپیدیا و زانیارینامەیەک وایە، لە چەندین گۆشەوە تابلۆ یادگاری و بەسەرهات و ئیش و کارەکانی ئەو شارە نیشان خوێنەر دەدات.
لەبیرمە کە هەر جارێ بەرگێکی نوێی دەرچوبوایە ئەوا لە کتێبخانەکان زوو دەفرۆشرا، ئەمەش نیشانەی پەرۆشی خوێنەرە بۆ ئەم جۆرە کتێب و بەرهەمانە، بۆیە دەتوانین بڵێین لەگەڵ ئەوەی (بێخاڵی) کۆچی دوایی کردوە، ئەوا یەکێک لەبەرهەمەکانی کە (هەولێرم وادیوە، وا بیستوە) یە، بۆتە ڕەمزی ناسینەوەی ئەم نووسەرە خەمخۆرەی شار، کە بەشێک لە بابەتەکانی بریتین لە: ( باسی گەڕەکەکان، بنەماڵە و شێخ و کەسایەتیەکان، موسافیرخانەکان، هەراجخانە، چەخماخسازەکان، مێژووی کورەچی و خۆڵ فرۆشەکان، شەوانی زستانی هەولێر، یاریەکانی منداڵانی ئەوسەردەم، داب و نەریتی جاری جاران…..هتد)، کە هەریەکێک لەم ناونیشانانە بەووردی باسی کردوە، چ ئەوەی خۆی بینیویەتی، یاخود دیمانە و گفتوگۆ لەگەڵ کەسە بەتەمەنەکانی ئەو سەردەمە، بێگومان ئەمەش دەچێتە خانە ئەرشیف.

*دوو کتێبی دانسقەی بێخاڵی
لەگەڵ ئەوەی سەید مەولود بێخاڵی وەک نووسەری کتێبی (هەولێرم وادیوە، وا بیستوە)
ناسراوە، بەڵام خاوەن چەند کتێبێکی دیکەشە ، کە وەک فۆلکلۆرناسێک و خەمخۆری کەلتوور و رەسەنایەتی لە کتێبخانەی کوردی جێگەیان دیارە، ئەوانیش بریتین لە:

١- کتێبی کوردەواری:
ئەم کتێبە لە ساڵی ١٩٨٦ چاپکراوە، یەکەم کتێبی چاپکراوی سەید مەولود بێخاڵی یە، کە بریتی یە لە پێنج بەرهەمی ژیان و سرووشتی چەوساوەکانی کوردستان، یەکێک لەو بابەتانەی کە باسی دەکات بریتی یە لە گرنگی تووتن لەبواری کشتووکاڵی دا، کە خۆی شارەزاییەکی باشی هەبووە لەم بوارە ، بەهۆی ژیانی ڕۆژانەی خۆی لەم دەڤەرانە، هەروەها بابەتێکی دیکەی نێو ئەم کتێبە بریتی یە لەبەرهەم هێنانی ترێ لەکوردستان کە گرنگی و بایەخی ترێ وەک سەرچاوەیەکی ئابووری جووتیار، بایەخێکی ئێجگار زۆری هەیە و پێویستیشە زیاتر پەرەی پێ بدرێت، ئەویش لە رێگەی ڕەز و ڕەزەوان و داری مێو و چۆن خزمەت بکرێ و کەی پێ دەگات؟ ئەمانە هەمووی زانیارینامەیەکە بۆ زیاتر گرنگیدان بەلایەنی کشتووکاڵی بەشێوەیەکی گشتی ئاماژەی پێکراوە.

٢-کتێبی گەنجینەی کودەواری:
ئەمەش کتێبێکە لە پێناو زیندوو راگرتنی ئەو گەنجینە پڕ گەوهەرەیە کە لەباب و باپیرانمانەوە بۆ مان ماوەتەوە، پێویستە وەک میراتێکی کەلتووری هەمیشە نەوە دوای نەوە پارێزگاری لێ بکرێ، ئەم کتێبە ١٩٢ لاپەڕەیە لەساڵی ١٩٨٨ چاپکراوە، بەڵام ناوەڕۆک و بابەت و باسەکانی بۆ هەموو قۆناغ و سەردەمێک دەبێت، وەک زیندوو هێشتنەوەی بابەت و لایەنە کەلتووری و کوردەواریەکان بەهای خۆی هەیە.

*ڕێزلێنان لە سەید مەولود بێخاڵی
بەهۆی کار و بەرهەمە بەخششەکانی ئەم نووسەرە، وەک ڕێزێک بۆ ڕابردووی تا لەژیان دا بوو چەند رێزلێنانێکی بۆ ئەنجام درا، دەربارەی ڕێزلێنانەکانی مامۆستا مومتاز حەیدەری لەبەرنامەی یادو وەفای کەناڵی ڕەسەن بەم شێوەیە باس لە یەکێک لە ڕێزلێان لە سەید مەولود بێخاڵی کرد:

١-ڕێزلێنانی ڕۆژنامەی بارزان نیوز
دەربارەی ڕێزلێنان لەم پیاوە مەزنە هەندێک دام و دەزگا وەک وەفا و رێزیک بۆ کەسایەتیەکان، یەکێک لەو ڕێزلێنانە رۆژنامەی بارزان نیوز ئەوکات غازی حەسەن سەرنووسەری بوو، مانگانە ڕێزی لە نووسەرێک دەگرت، یەکێک لەو نووسەرانەی کە ڕێزی لێ گیرا (سەید مەولود بێخالی بوو)، ئەوکات من و تاریق جامباز باسی ڕۆل و پێگەی ئەم کەسایەتیەمان کرد، باسمان لە تێکۆشان و هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکەی و نووسین و کاری سیاسی و پەیوەندی کۆمەڵایەتی کرد، پاشان چەند کەسایەتیەکی دیکە باسیان لە کارە ئەدەبی و فۆلکلۆری و کەلتووریەکانی کرد و دواتر ڕێزلێنانی پێشکەشکرا، هەموومان هەستمان کرد مام سەید بێخاڵی لەدڵەوە خۆشحاڵە بەو ڕێزلێنانە.

٢-ڕێزڵینانی کەناڵی ڕەسەن
دەربارەی ئەم ڕێزلێنانەش پرۆفیسۆر د عومەر پەتی لە بەرنامەی یاد و وەفای کەناڵی ڕەسەن بەم شێوەیە دوا:
لەبیرمە کەناڵی ڕەسەن لەیادی سەری ساڵی نوێی کوردی و یادی دامەزراندنی دا ڕێزلێنانی بۆ کۆمەڵە نووسەرێکی ئەزموونداری تایبەت بەفۆلکلۆر و کەلەپوور ئەنجام دا، یەکێک لەو کەسایەتیانە سەید مەولود بێخاڵی بوو، لەکاتی وەرگرتنی ڕێزلێنان و دیاریەکان بەشداربووان دەهاتنە سەر تەختەی شانۆ بەڵام لەبەر ئەوەی مام سەید توانای چوونە سەرتەختەی شانۆی نەبوو، وەک ڕێزلێنانێک پارێزگای ئەوکاتی هەولێر بەڕێز نەوزاد هادی لەسەر شانۆ چوە خوارەوە لەناو جەماوەر ڕێزلێنان و دیاریەکانی پێشکەش کرد، من ئەو دیمەنەم زۆر پێ خۆش بوو، بەڕاستی ئەو ڕێزلێنانەی کەناڵی ڕەسەن لەمام سەید و من و کۆمەڵە نووسەرێکی بواری فۆلکلۆر و کەلتوور جێگەی خۆشحاڵی بوو، بەتایبەتی بۆ سەید مەولود بێخاڵی ، کە هەستم کرد بەو تەمەنەوە کە (هەشتا ساڵ) سەرووتر بوو ، دڵخۆش بوو بەم ڕێزلێنانە.
*سەید مەولود بێخاڵی، ناوێکی لەبیرنەکراو
لەکۆتایی دا ماوە بڵێێن راستە سەید مەولود بێخاڵی ژیانئاوایی کرد، بەڵام ناو و مێژوو و خزمەت و ئەرشیف و یادی هەولێر و کەلتوور و فۆلکلۆر و ڕەسەنایەتی ئەم پیاوە هەمیشە لەبەرچاو و لەزەین و بیرکردنەوەمانە، بۆیە ناوێکی لەبیر نەکراوە لە مێژووی شاری هەولێر و کوردستان، ناو و یاد و یادگاری هەمیشە بەزیندووی دەمێنێتەوە، لە ساڵڕۆژی دوایی دا هەمیشە دەڵێین، یادی بەخێر.