رۆژنامەی ھەولێر

فرەڕوانین لە کتێبی مـــــــێ لە سایەی ستەمدا

سارا فەقێ خدر
مەسەلەی ژن بەشێوەیەکی گشتی زۆری لەبارەوە گوتراوە و نووسراوە. پێش ڕاپەڕین، زیاتر ئەو بابەتانە بەردەست بوون کە بە زمانی عەرەبی نووسرابوون؛ وەکو کتێبەکانی نووسەری ناوداری میسری، دکتۆر (نەوال سەعداوی) و ئەوانی دیکە، کە باسیان لە کێشەی ژنی عەرەب دەکرد. تاک و تەرا بابەتی نووسەرانی کوردیش هەبوون بۆ نموونە دکتۆر (کەمال مەزهەر) و (هەڤاڵ کوێستانی) و هتد.

دوای ڕاپەڕین، بەهۆی ڕەخسانی کەشی لەبار بۆ نووسین و بڵاوکردنەوە، لە زۆرێک لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا، بابەت و وتار لەسەر ژن بڵاو بوونەوە، کە بەشێکی زۆریان هی قەڵەمی ئافرەت خۆی بوون. چەند کتێبێکیش تایبەت بەو بوارە، چاپ کران. ژمارەیەکی کەمیان لێدەرچێ، ئەوانی دیکە ناڕوونییان پێوە دیار بوو، هەندێکیشیان تەنیا پشتیان بە فێمێنیزمی ڕۆژئاوا بەستبوو.
بڵاوبوونەوەی وتارەکانی نووسەر و شاعیر و ڕەخنەگری ناسراوی کورد، مامۆستا (حەمەسەعید حەسەن) و دواتر چاپکردنی ژمارەیەکیان لە کتێبێکدا بە ناوی (مێ لە سایەی ستەمدا)، ڕاتەکاندنێکی لەو بوارەدا دروست کرد.
ئەم کتێبە ٢١ وتار لەخۆ دەگرێ کە زۆربەیان ساڵی ٢٠١٢ نووسراون و قووڵ و فراوان چوونەتە نێو کێشەی ژن و ئەو ستەمانەی لێی دەکرێ چ لە جیهان و چ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستاندا.
کەسێک کە ئەو کتێبە دەخوێنێتەوە، ئیدی وای نابینێ کە تەنیا پیاوانی ئێمە ستەم لە ژن دەکەن یان کولتووری نەتەوایەتیمان هۆکاری بەکەم تەماشاکردنی ژنن.
(ئەوە هەڵەیە، ئەگەر پێمان وابێت، بابسالاری تەنیا دیاردەیەکی کولتوورییە. نەخێر پاشخانێکی کۆمەڵایەتیی هەیە کە کرۆکەکەی لە جیاوازی چینایەتیدا چڕ دەبێتەوە. بابسالاری تایبەتیش نییە بە ئایینێکی دیاریکراو، لە هەرسێ ئایینە ئاسمانییەکەدا، پیاو سەرداری ژنە. یان ئەنگلس گوتەنی: پیاو بۆرژوایە و ژن پڕۆلیتار.) “١”
دوای خوێندنەوەی ئەو کتێبە، چیتر بە لێدوانی کەسانی توندڕۆ، سەرت سوڕنامێنێ چونکە دەبینی لەمێژووداچەندین فەیلەسوف و زاناو ڕووناکبیر هەبوون، ژنیان بە ناقس و کەمعەقڵ لە قەڵەم داوە، لەکاتێکدا کە خۆیان بە داهێنەر و هەڵگری بیری دیموکراسی و یەکسانی ناسراون لە جیهاندا.
(کەجۆن لۆک گوتوویەتی ئینسان بە ئازادی لەدایک بووە، مەبەستی لەئینسان، هەرپیاوە نەک ژنیش!)
(ئاخر یەکسانی لەکن لۆک یەکسانی بوو لە نێوان پیاوێک و پیاوێکی دیکەدا، تەنانەت پیاو لای ئەو هەموو پیاوێک نەبوو، تەنیا پیاوانی سەر بە چینەکەی خۆی بوو، پیاوانی چینی بۆرژوا، ئەگەر نا، کۆیلە و عەوام لەکنی بەپیاو نەدەهاتنە هەژمارکردن.) “٢”
(هەرچەند ڕۆسۆ ڕۆڵێکی گرنگی لە هەڵگیرسانی شۆڕشی فەرەنساییدا بینی، بەڵام بێ پێچ و پەنا دەیگوت: ئەگەر ژن باسی هە بوونی یەکسانی لە نێوان خۆی و پیاودا بکات، بەهەڵەدا چووە.) “٣”
(هەرچەند سەردەمی ڕۆشنگەری لەسەردەستی کانت دا بەلوتکە گەیشت کەچی پێیوابوو، ژن بۆ ئەوە دەست نادات خۆی بۆ لێکۆڵینەوە تەرخان بکات. ئاخر ئەگەر کتێبێکی بەدەستەوە بێت ئەوا وەک بازنگەکەی مەچەکی بۆ خۆجوان نیشاندان بەدەستییەوە گرتووەو تەنانەت سەعاتیش هەر بۆ خۆڕازاندنەوە دەکاتە دەستی کە ڕەنگە ئیش نەکات.)”٤”
ئەم کتێبە پێمان دەڵێ، کە مەرج نییە ئەوانەی ئایینی هاوبەشیان هەبێ، هەمان تێڕوانینیان بۆ ئافرەت هەبێ؛ بۆ نموونە:
تەواریق کە نزیکەی سێ ملیۆنێک دەبن و لە بیابانی گەورە دەژین، مسوڵمانی سوننەی سەر بە ڕێبازی (مالیکی)ـن. زۆریان کۆچەرین و بڕێکیشیان لەمێژە نیشتەجێ بوون ولە دەوار یان خانووی قوڕیندا ژیان بەڕێ دەکەن، ژن لەلایان پایەیەکی هێندە بڵندی هەیە، تا ئەو ئاستەی دەتوانین بڵێین هێشتا سیستمی کۆمەڵگایان دایکایەتییە. کولتووری تەواریق وایە، پیاو دەست لە ژنەکەی بەرز ناکاتەوە، ئەگەر بەڕێکەوت پیاوێک زللەیەکی لە ژنەکەی دا، هەم سزای ماددی دەدرێت، بۆ نموونە دەبێت بزنێک بۆ ژنەکەی بکڕێت، هەم دەبێت لای مەلا بەڵێن بدات، ئیدی دووبارەی ناکاتەوە، ئەگەرنا، ژنەکەی بۆی هەیە دەسبەجێ لێی جیا ببێتەوە.
بە گوێرەی ئەم کتێبە، مەرج نییە ئەوەی بەپێی ئایین ڕێگەپێدراو یان قەدەغە بێ، بە پێی یاساش وابێ.
(ڕەنگە هیچ ئایینێکی ئاسمانی یان زەوینی نەبێ کە هێندەی ئایینی جوو سووک بۆ ژن بڕوانێ. بەڵام ڕەوتی ژنان لە ئیسرائیل بەگوێرەی یاسا، هێندە ئینسانییە، ژنانی وڵاتی ئیسلامی ئیرەیییان پێ دەبەن.) “٦”
لە تونس لە ماف و ئەرکدا لەناو خێزان و کۆمەڵدا
تا بەهاری عەرەبی (کە هەر زوو بوو بە ئیسلامی) سەری هەڵنەدابوو، ژن هەمان مافی پیاوی هەبوو، تونس تاقەوڵاتی عەرەبی بوو تێیدا ژن لە هەموو بوارێکدا بەپێی یاسا، یەکسان بوو بە پیاو.) “7”
نووسەر لەو کتێبەدا ئاماژە بەوەدەکا کە تەنیا پیاوان هەڵگری کولتووری پیاوسالاری نین، بەڵکو بەشێکی بەرچاو لە ژنانیش پەسەندی دەکەن و کاری پێ دەکەن.
سەرنجی داستان و ئەفسانە و حیکایەت و بەسەرهات، پەندی پێشینان وقسەی نەستەق بدەن تیری بەشێکی زۆریان شکۆمەندی ژنانی کردۆتە نیشانە. ئەوەندە گوتراوە و گوتراوەتەوە کە ژن کەمئەقڵ و کەمدینە، ئەو وەهمە لەزەینی بەشێکی زۆر لە ژنانیشدا وەها جێگیر بووە، متمانەیان بەخۆیان نەماوە.
بۆیە ئەوانەشی پێ ئاسایی دەبێت کە لە میراتدا نیوەی بکەوێت و لە شایەتیشدا بەنیو پیاو بچێت. تەنانەت لەو رۆژنامەو گۆڤارانەیشدا کە ژنان بەڕێوەیان دەبەن، لەو بەرنامانەیشدا ژنان لە تیڤییەکانەوە پێشکەشیان دەکەن، ئافرەت هەر بایەخ بە ڕووکار دەدات و کرۆک پشتگوێ دەخات.
تەنانەت لەو چیرۆکانەشدا کە ژنان دەیاننووسن، ئەوە نەبوونییە ژن بۆ کار هان دەدات، ژنێک نمایش ناکرێت بایەخی ڕاستەقینەی ڕۆڵی کار، لە گەشەکردنی ئینساندا بزانێت.) “٨”
(لە سەدەکانی ناوەراستدا ئەوە بۆ ژن قەدەغە بوو، بنووسێت و دەرگەی هەموو دەستپێشخەری و داهێنانێکی بەڕوودا داخرابوو. دەبوو ژن جەستەیەک بێ لەترس، بەدەنگێکی نەوی بدوێت ولەئاستی پیاواندا نەک دەنگ، چاویش بەرز نەکاتەوە. پیاو کەلەدەرەوە گوێڕایەڵ و ملکەچی دەسەڵاتێکی ستەمکار بوو، لە ماڵەوە، لەژنەکەی دەبوو بە شێری نەڕ.) “١١”
خاڵێک، کە وەکو خوێنەر، پرسیاری لا دروست کردم، ئەوەیە کەنووسەر لە بەراووردکردنی دۆخی ژنانی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا تەنیا باسی باکووری کوردستان دەکا و ناوی بەشەکانی دیکە ناهێنێ، ئەویش لە ئاستێکی بەرزی توندوتیژی و دواکەوتووییدا.
(لەباکووری نێجیریا، نە ژن لەسەر زینا دەکوژرێت و نە چەمکێک هەیە بەناوی سڕینەوەی شەرم «غسل العار». وەلێ لە باکووری کوردستان ئەگەر تەنیا گومان لەژنێک بکرێت زینای کردووە دەکوژرێت.) “١٢”
(لە پاکستان، سەردەمی زیائولحەق لەقوتابخانەی کچاندا، نەک سەما، موزیکیش قەدەغە بوو. لە کوردستانی باکوور، دابونەریت، هێندە دواکەوتووە خێزان هێندە ستەمکارە، لەوە زۆر کەمتر بەژن ڕەوا دەبینرێ کە شەرع پێی ڕەوا بینیوە.) “١٣”
نکۆڵی لەوە ناکرێ کە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە لە هەموو بەشەکانی کوردستان، دواکەوتوویی و توندوتیژی بەرامبەر بەژنان هەبووە و هەیە. بەڵام بە خراپ و بە چاک، گۆڕانیان بەسەردا هاتووە، بەپێی جۆری حوکمڕانی و، دەسەڵاتی حکومەتە سەردەستەکانی ئەو وڵاتانەی بەشەکانی کوردستانیان پێوە لکێنراوە و ئەو هەوڵانەش کە کورد خۆی داویەتی بۆ گۆڕانکاری. بۆ نموونە لە خۆرئاوا و باکووری کوردستان بەشداری ڕاستەوخۆی ژنان لە کایەکاندا، هەندێ گۆڕانکاری دڵخۆشکەری هێناوەتە ئاراوە، کە کاریگەری نەک لەسەر کوردستان بەڵکو لەسەر جیهانیش داناوە.
بنەڕەتیترین وەرچەرخانی کۆمەڵگا، لەمیانەی ئەو وەرچەرخانەیە کە ژن ئەنجامی دەدات. ژن چەند لەنێو ئازادیدا بێ، ئەوا تەواوی کۆمەڵگەش بەو ئەندازەیە ئازادن و لە ناو یەکسانیدا دەژین.) “١٤”
پێش کۆتایی دێمە سەر ناونیشانی کتێبەکە (مێ لە سایەی ستەمدا)
لێرەدا نووسەر وشەی(مێ) ی لەجیاتی ژن یان ئافرەت بەکارهێناوە، بەڵام ئەم وشەیە زیاتر بایۆلۆژییە و بۆ جیاکردنەوەی رەگەزی سەرجەم زییندەوەران بەکاردێ. خۆ ئەگەر ناوەرۆکی کتێبەکە باسی ستەمی سەر مێینەی زیندەوەرانی دیکەشی کردبایە ئاسایی دەبوو. بەڵام باسەکە دەربارەی ستەمی سەر ژن، یان ئافرەتە. بۆیە ناونیشانی (ژن لە سایەی ستەمدا) گونجاوترە.
(لە سایەی ستەمی بابسالاریدا، ئەوە وەک تابوو وایە، ژن باس لەو نایەکسانییە سێکسییە بکات، مێ تووشی هاتووە. ئاخر بەوە بەرەو ڕووی چەندان مەترسی وهەڕەشەی ڕاستەقینە دەبێتەوە.) “١٥”
خۆ ئەگەر لەوتارەکانی کتێبەکەدا، باسی ناوی ئاژەڵ و وڵاخ، بۆ ناو و نازناوی ژن کراوە، ئەمە پەیوەندی بەناونیشانەکەوە نییە. بۆ نموونە:
(عەرەب بۆ ئەسپی کوێت وژنی کوڵمسوور، هەمان وشەی بەکار هێناوە. (هەیفاء) هەم مایینە و هەم ژنە.) “١٦”
(لای عەرەب ژنیش وەک مەڕ و حوشتر و ئەسپ، هەر بە مڵک هەژمار دەکرا. ئەگەرپیاوێک ژنێکی مارەکردبا، ئیدی دەبووە مڵکی و پیاوە چۆنی خواستبا، وای هەڵسوکەوت لەگەڵدادەکرد، ئەمەیش لە کۆمەڵی بابسالاریدا، شتێکی ئاسایی بوو.) “١٧”
لە کۆتاییدا.. هەرکاتێک ژن و پیاو خودی خۆیان ناسی، دەتوانن بەئاسانی یەکتریش بناسن، ئەوکات کێشەیەک نامێنێ بەناوی نایەکسانی ژن و پیاو. ئەو خودناسییەش هەوڵ و کۆششی تایبەتی و هەمەلایەنەی گەرەکە، لەسەر هەموو ئاستەکان، بۆ بەدەستهێنانی هاوسەنگی جەستەیی و رۆحی و ئاشتبوونەوەی مرۆڤ لەگەڵ خۆی و سروشت و سەرجەم گیانلەبەرانی دەوروبەری. بۆ ئەمەش هۆشیارکردنەوە و بەئاگاهێنانەوە، کۆڵەکەیەکی بەهێزە. کاری نووسینی ئەم کتێبەش نموونەیەکی جوانی بوارەکەیە.

پەراوێز
• کتێبێکی نووسراوی بەڕێز (حەمەسەعید حەسەن)؛ لە ٢٩٠ لاپەڕەی قەبارە مامناوەند پێکدێ. دەزگای ئایدیا بۆ فکر و لێکۆڵینەوە) چاپی کردووە. ئەوەی بەردەستمان چاپی دووەمی ساڵی (٢٠١٩)یە.
“١” وتاری سوپاس خودایە بە ژن نەتخوڵقاندووم. لاپەڕەی ١٤٨
“٢” ژن لە کن لۆک، ل ٥٢، ٥٣
“٣” ژن لە کن ڕۆسۆ، ل ٦٠
“٤” ژن لە کن کانت، ل ٧٠، ٧١
“٥” ژن لە کن تەواریق، ل ٨٢، ٨٣
“٦” شاژنی عەرشێک لە دڕک، ل ١٠٨
“٧” سوپاس خودایە بە ژن نەتخوڵقاندووم، ل ١٤٦
“٨” شاژنی عەرشێک لە دڕک، ل ١١٤
“٩” کەڵەشێری سەرەنوێلک، ل ١٩١
“١٠” جەستە و ئازادی، ل ٢٥٧
“١١” جەستە و ئازادی، ل ٢٥٩
“١٢” ژن لە سایەی ئایینێکی هاوبەش و کولتووری جیاوازدا، ل ٣٤
“١3” کتێبی لە دەوڵەتی ڕاهیبی سۆمەرەوە بەرەو شارستانی دیموکراسییانە «عەبدوڵا ئۆجەلان»، ل ٥٢٩
“١4” و. سێکسواڵێتی ژن لە ڕوانگەی غەزالی و فرۆیدەوە، ل ١٧٨
“١5” ژن لە دوورگەی پیرۆزدا، ژن لە کن عەرەب، ل ١٢٧