رۆژنامەی ھەولێر

ئەمڕۆ سەد و پێنج ساڵ بەسەر دامەزراندنی سوپای عێراقدا تێدەپەڕێت

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

سەد و پێنج ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە ساڵی ١٩٢١ سوپای عێراق دامەزرا، سوپایەک کە بە درێژایی تەمەنی چەندین جار بەرگی گۆڕیوە، لە سیستمێکەوە چووەتە پاڵ سیستمێکی تر و هەندێک جار خۆی دەسەڵاتدار و هەمەکارە و هەندێک جاری تر داردەستی ئایدۆلۆژیا و گرووپێکی تایبەتی بووە، هەڵوەشاوەتەوە و دووبارە دامەزراوەتەوە، بەڵام هەرگیز نیشتمانی نەبووە.

سوپای عێراق جگە لە سەرکوتکارییەکانی ناوخۆ شەڕی چەندین وڵاتی کردووە و هێز و دەسەڵاتەکەی لەهەوراز و نشێودا بووە. سوپاکە مایەی ستەم و چەرمەسەریی بووە بۆ گەلی کورد، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ ئومێدێک هەبوو ئەم سوپایە ببێت بە سوپایەکی نیشتمانی و هەموو پێکهاتەکانی عێراق بپارێزێت بەڵام بە هەندێک جیاوازی هەمان ڕێچکەی سوپاکانی پێش خۆی گرتە بەر.
لە شەشی کانوونی دووهەمی ساڵی ١٩٢١ عێراق کە لەژێر سەرپەرشتیی بەریتانیادا بوو سوپای عێراق دامەزرا. لەوکاتەوە ساڵانە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق یادی ئەم ڕۆژەیان کردۆتەوە و بە فەرمی ئەو ڕۆژە کراوەتە پشوو.

لە کوردستان پشوو نییە
لە هەرێمی کوردستان ڕۆژی دامەزراندنی سوپا پشوو نییە و ئەمڕۆ تەواوی فەرمانگەکانی هەرێمی کوردستان لە کار و چالاکییەکانیان بەردەوامن، بەڵام لە عێراق پشووە.
لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ کە ڕژێمی بەعس ڕووخا و دواتر دەستوورێکی نوێ بۆ عێراق داندرا پێناسەیەکی نوێ بۆ سوپای عێراق کرا و هیزی پێشمەرگەش وەک هێزێکی کاریگەر دانی پێدا نرا کە پاسەوانی لە هەرێمی کوردستان دەکات و هاوشێوەی سوپای عێراق پاڵپشتی دەکرێت و خەرجییەکانی دابین دەکرێ بەڵام هەر زوو سوپای عێراق هەر لەسەر ڕێچکەی سوپای پێشوو کاری کرد و مافەکانی پێشمەرگەش پێشێل کران و بۆیەش ڕوانگەی کورد بەرانبەر بە سوپای عێراق گۆڕانکاری بەسەردا نەهات.
پێویستە ئاماژە بەو ڕاستییە بکرێت سەرجەم مەرگەساتی ئەنفال و کیمیاباران و ئەو نەهامەتییانەی لەو سەد و پێنج ساڵەدا بەسەر کورددا هاتوون بەشی زۆری لەسەر دەستی سوپای عێراق بووە.
وێرانبوونی هەزاران گوند، دژایەتیکردنی ڕاپەڕینەکانی سەردەمی پاشایەتی و شۆڕشی بارزان، ئەیلول، گوڵان، کۆمەڵکوژکردنی نزیک به‌ دووسەد هه‌زار کورد له‌پرۆسەی ئه‌نفال و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و بە دەیان ڕووداوی دیکە هەر لە لایەن ئەم سوپایەوە ئەنجام دراوە. سوپاکە لە ساڵی ٢٠١٤ لە مووسڵ نەیتوانی بەرانبەر ژمارەیەک چەکداری داعش خۆی ڕابگرێت لەکاتێکدا پێشکەوتووترین چەک و جبەخانەی لەژێر دەستدابوو و هەر ئەوەش هۆکار بوو لەوەی دیسان کورد تووشی جینۆساید ببێتەوە و بە هەزاران کورد شەهید بن بە هەزارانی تر بێسەروشوێن و سەدان هەزار کەسیش لە کوردانی ئێزدی ئاوارە بن.
بیرەوەرییەکی تری تاڵی کورد لە سوپای عێراق بۆ ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ دەگەڕێتەوە کە تانکەکان جەستەی پاکی پێشمەرگەیان خەڵتانی خوێن کرد.

کۆدەتا سەربازییەکان
سوپای عێراق لەو کاتەوە دامەزراوە سەرچاوەی کۆدەتا بووە. بۆنموونە له‌ساڵی ١٩٣٦ سوپای عێراق به‌سه‌ركردایه‌تی فه‌ریق به‌كر سدیق یەکەم کۆدەتای سەربازی ئەنجام دا. لە چواردەی تەموزی ١٩٥٨ له‌لایه‌ن ئه‌فسه‌رانی ئازادیخواز و به‌سه‌ركردایه‌تی عه‌بدولكه‌ریم قاسم له‌رێگای كوده‌تایه‌كی سه‌ربازییه‌وه‌ سیستمی پاشایەتی ڕووخێنراو حوکمی کۆماری ڕاگەیەنرا.
له‌ هەشتی شوباتی ١٩٦٣ عه‌بدولسه‌لام عارف به‌هاوكاری به‌عسیه‌كان و میلیشیایه‌كی چه‌كداری به‌ناوی”حه‌ره‌س قه‌ومییه‌كان” له‌رێگای کۆدەتایەکی سەربازی کۆتاییان بە حوکمی عه‌بدولكه‌ریم قاسم هێنا و خۆی و پاسه‌وان و سه‌دان كه‌سیان له‌شوێنكه‌وتووه‌كانی كوشت. پڕیشكی ئەو زوڵم و زۆرییانه‌ گه‌یشته‌ كوردستان و سووتاندنی ژمارەیەک گوند و کوژرانی سەدان که‌سی لێکه‌وته‌وه‌.
له‌ حەڤدەی ته‌مووزی ١٩٦٨ به‌عسییه‌كان توانیان له‌رێگای کوده‌تایه‌کی دیکه‌ی سه‌ربازی ده‌سه‌ڵات بگرنە ده‌ست و له‌ساڵی ١٩٧٩ سەدام حوسێن کە جێگری سەرکۆمار و پیاوی دەستڕۆیشتووی ناو سوپا بوو، توانی به‌ته‌واوی وڵات بخاته‌ ژێر ڕکێفی خۆیه‌وه‌.
دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٣ عێراق لەلایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی ڕووخێنرا بە بڕیارێک سوپای عێراق هەڵوەشێنراوە و سوپایەکی نوێ دامەزرا.

جەنگەکان
سوپای عێراق له‌سه‌ره‌تای دروستبوونیه‌وه‌ چه‌ندین جه‌نگی به‌رپاكردووه‌ له‌وانه‌ جه‌نگی یه‌که‌می عه‌ره‌ب و ئیسرائیل له‌ساڵی ١٩٤٨دوای ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل، جه‌نگی دووه‌می عه‌ره‌ب ‌و ئیسرائیلی له‌حوزه‌یرانی ١٩٦٧.
سوپای عێراق له‌ساڵی ١٩٨٠بۆ ماوه‌ی ‌هه‌شت ساڵ دژی ئێران شه‌ڕی کرد و هه‌روه‌ها له‌ساڵی ١٩٩٠ وڵاتی کوه‌یتی داگیر کرد کە دواتر کۆمەڵێک ڕووداو و گۆڕانکاریی نوێی بەدواوە بوو.
سوپای عێراق جگه‌ له‌ به‌شداریکردن له‌و جه‌نگانه‌ هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە دژی بزووتنه‌وه‌ ڕزگاریخوازه‌کانی کورد له‌ باشووری کوردستان جه‌نگاوه‌.
لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ حکوومەتی فیدراڵی زۆرترین گرینگیی بە سوپای نوێ دا و بە میلیاران دۆلار لە بودجەی عێراقیان خستە بەردەم ئەم سوپایە و چەک و چۆڵی پێشکەوتوویان بۆ کڕدرا، لەکاتێکدا هێزی پێشمەرگە کە بە گوێرەی دەستور بەشێکە لە سوپای نیشتمانیی عێراق پشتگوێ خرا و تەنانەت بۆ ماوەیەکی زۆر مووچەبڕاویش کرا.
لە بیرهێنانەوەی ئەو مێژووە بۆمان دەسەلمێنرێت سوپای عێراق هیچ کاتێک بۆ کورد مایەی خێر و خۆشی نەبووە و بۆیەش هیچ کوردێک دڵی بە هەبوونی ئەم جۆرە سوپایە خۆش نییە و بۆیەش یادی دامەزراندنەکەی ناکاتەوە.