خوسرهو جاف
ساڵی ١٩٦٥ بوو، لە چەندین لاوە شەڕی نێوان پێشمەرگە و دەوڵەتی تازەی بەعس و جاشەکان گەرم بوو، ئاگر دهباری. شەو درەنگ بوو، ئەوی بەرپرسی دەزگای برووسکە و هەڵگری نامە بوو، خۆی کرد بە ژوورە بەردینە کونکونەکەمدا و برووسکەیەکی دایە دەستم، کە خوێندمەوە لەلایەن «رەئیس کەمال»ـەوە نێردرابوو، تیایدا نووسرابوو: “لە رەئیس کەمالەوە بۆ خوسرەو جاف: خۆت و سێ پێشمەرگە دەکەونە ڕێ و دێن بەرەو چەمچەماڵ، هەر لە دەربەندی باسەرە وەدەرکەوتن ئێمە دەبینن، درەنگ مەکەن…”
ناردم بە شوێن سێ سەرپەلدا و ناوی ئەو پێشمەرگە هەڵبژاردانەم نووسی کە دەمویست بەیانی بکەوینە ڕێ. بنکەی سەرەکیی کەرتی دوو، لە «قوپی قەرەداغ» بوو. لقی ئێمە (لقی جاف) لەگەڵ «پەیکوڵی» سێ کاتژمێر بە پێ ڕۆیشتین لە نێوانماندا هەبوو. ئەو بەرەبەیانە هێندە سارد بوو هەموو شتێک ڕچابوو، زیاتر لە بیست سانتیمەتر بەفر لە زهویدا بوو، دۆڵی قەرەداغ سەرتاسەر سپیپۆش بوو، کزەبایەکی لەشتەزێن لە دۆڵە سپیپۆشەکەی قەرەداغدا هەڵیکردبوو.
ئەگەر ئێمە بە رەوتێکی پەلە هەنگاومان نەنایە و دەرنەچووینایە، خۆر هەڵدەهات و شەرمنانە دۆڵەکەی دەبریسکاندەوە، بەتایبەت بلوورەی شۆڕەوەبووی ئاوی ڕچاوی سەر قەلەوەزەکان دیمەنێکی تەماشایی پێک هێنابوو. ئێمە پەلەمان بوو، دەست و پامان تفەنگی نەدەگرت هێندە سارد بوو، وەک وابێت لوولەی تفەنگەکانمان چەسپ و سرێشیان پێوە بێت. سێ کاتژمێر بێ وەستان لە تەکاندان بووین، دێی قەرەداغمان بەجێ هێشت. کاتژمێرێک دوور کەوتبووینەوە، من لە ڕیز دەرچووم گمیز بکەم، هەر دۆخینم کردەوە وەک وابێت سیخێک لەناو زەکەرمدا بێت! شەهید «حەمەی شاسوار» و شەهید «حەسەن رەشید» خۆیان گەیاندە لام، تمەز ئەوانیش وەک من زەکەریان ڕچاوە. «تا ئاگر دەکەینەوە ههروا دهبێت». تاکە درەختێک بەسەر گردێکەوە بوو، حەمە وتی: “ئەو شێخە داری وشکەوەبووی لەژێردا زۆرە، خەڵکەکە لە ترسا گوایە مەشایەخە دەستیان بۆ نەدەبرد، نازانن ئەو عەرەبە هاتوونە و کوردستان داگیر دەکەن…”؛ پەنجەی درێژ کرد بۆ چەند گابەردێک و وتی: “لەناو ئەو بەردانەدا باوباپیرانمان بە تیر و کەوان ئەم داگیرکەرانەیان کوشتووە، ئێستا لای ئێمە بووەتە گۆڕێکی پیرۆز!”
لەگەڵ حەسەن رەشیددا هەردووکیان بە دارێکی چوارمەتریی وشکەوە، بۆیان هێنام، بە هەزار حاڵ ئاگرمان کردەوە و کە نەختێک گەرم بووینەوە، توانیمان گمیز بکەین.
دەی بۆ چێشتەنگاو گەیشتینە ناو «دەربەندی باسەرە». زۆر بیرم لەو ناوە کردبووەوە و هۆکارەکەیم نەدەزانی، تا بۆخۆم لەگەڵ ئەو سێ پێشمەرگەیەدا گوزەرمان کەوتە ئەو دەربەندە؛ هێندە بایەکەی بەهێز بوو وەک وابێت لەناو لوولەیەکی بەهێزی با و هەوادا گوزەر بکەین.
هاژە و لوورەی با وای لێ کردین بەهۆشیارییەوە هەنگاو بنێین، ئەگەر پێت بخزایە گل دەبوویتەوە ناو ڕووبارەکە. سەرئەنجام لەو دەربەندە پڕ لە هاژە و لوورەلوورە وەدەرهاتین. برادەرانی پێشمەرگەی کەرت دەرکەوتن، زۆری نەکێشا گەیشتینە ناویان. رەئیس کەمال بەخێرهاتنی کردین و بە دەنگی بەرز وتی: “ئەرێ چامان هەیە؟”
لە چەند دۆڵکەی بچووكی کانزاییدا چایان بۆ هێناین. من بە رەئیس کەمالم وت: “کەی دەکەوێنە ڕێ؟”
وتی: “جارێ مەعلووم نییه، چاوەڕوانی کادیرەکانی ناو شارین تا بزانین چی دەڵێن”.
زۆری نەکێشا دوو ڕەشایی لە دوورەوە دەرکەوتن و گەیشتنە لامان. لەگەڵ رەئیس کەمالدا ڕۆیشتینە لایەکەوە. دوو نامەیان لە هەمەوەندەکانەوە هێنابوو بە دەستخەتی خۆیان و ئیمزای خۆیان، کە ئەوان حازر نین شەڕ لەگەڵ پێشمەرگەدا بکەن و ئامادەی هەموو جۆرە هاوکارییەکن بە مەرجێک بیانپارێزن. ڕۆژی پێشوو وردەشەڕ و تەقوتۆقێک ڕووی دابوو، لەو دوو نامەیەدا نووسرابوو: “بە درۆ و ڕاستی ئێمە ئەگەر ئەو نامانە بگاتە دەستی دەوڵەت، بێ ئەملاو لا ئیعدام دەکرێین. بۆتان دەسەلمێنین ئێمە درۆ لەگەڵ شۆڕشدا ناکەین، داواکارین ئەم شەڕەمان هەر نەبێت جارێک لەگەڵماندا مەکەن، تا دەیسەلمێنین درۆ لەگەڵ هێزی پێشمەرگە ناکەین”.
رەئیس کەمال (کەمال موفتی) پێنج کەسی ههڵبژاردبوو بۆ ڕاوێژ، پرسی: “شەڕ بکەین یا نەیکەین؟”
چوار کەس لەگەڵ شەڕکردندا بوون بە بەڵگەی ئەوەی هێزێکی زۆر کۆ بووهتەوە، ڕەنگە بە ئاسانی ئاوا هێزێک بەزەحمەت کۆ ببێتەوە، وا چاکە دەست پێ بکەین.
رەئیس کەمال لە منی پرسی: “کاک خوسرەو، تۆ چی دەڵێیت؟”
لە وەڵامیدا وتم: “پێشمەرگە لە هەموو کاتێکدا دەتوانێت ئاوا هێزێک کۆ بکاتەوە. دووەم، ئەقڵ وا دەڵێت که باشترە ئەم شەڕە دوا بخەین؛ هەرنەبێت جارێک عەشیرەتی هەمەوەند یەکێکە لە عەشیرەتە گەورەکانی کورد، لە ئەقڵەوە دوورە بە ئاسانی بکرێتە دژمنی شۆڕش. ئەگەر چەکی دەوڵەتیان هەڵگرتووە، خۆ هەموویان نین، وەک داوایان کردووە با بیسەلمێنن کە دژمنی شۆڕش نین. لەوانەش زیاتر، زۆر لە عەشیرەتهکانی کورد چەکی دەوڵەتیان هەڵگرتووە و بەبێ غەل و غەش یارمەتیی شۆڕش دەدەن. من لام وایە ئەم شەڕە دوا بخرێت لە سوودی شۆڕشدایە، نەک شەڕکردنەکە”.
رەئیس کەمال وتی: “کاک خوسرەو، قسەکانت تەواو کرد؟”
وتم: “بەڵێ، تەواوم کرد”.
رەئیس کەمال وتی: “من لەگەڵ بۆچوونەکەی کاک خوسرەودام، ئێمە هەرکات بە بەرژەوەندیی شۆڕشی بزانین دەتوانین هێزی لەمە زۆرتر کۆ بکەینەوە، ئەم شەڕە دوا دەخەین تا ببینین خاوەن دوو نامەکە دەیانەوێ چی بکەن”.
ئیتر مەودای نەدا درێژە بە گفتوگۆکە بدرێت، هەڵسایە سەر پێ و وتی: “برادەرینە، هەریەکە لە کوێوە هاتوون بگەڕێنەوە شوێنی خۆتان”.
لە چرکەیەکدا بڵاوەمان لێ کرد.
عەسرێکی درەنگ بوو، وام بە چاک زانی شەومان بەسەردا نەیەت، هەرنەبێت تا ڕۆشنە لە دەربەندی (باسەرە) وەدەرکەوین. خۆرئاوایەکی درەنگ گەیشتمە دێی (دێلیژە). دێلیژە شێخنشین بوو، ناردم مەسئولی دێ بێتە دەنگمانەوە تا دابەشمان بکا لەناو دێدا. من عادەتم وابوو دوای دابەشکردنی تەواوی پێشمەرگەکان، ئەو دەم دەڕۆیشتمە ماڵێک. زۆر ماندوو بووم، هەستم بە سەرمایەکی چڕ دەکرد. بردمیانە ماڵێک، خەڵکەکە فێری میوانی ناوەخت بووبوون، ئێمەی پێشمەرگەش ناچار بووین، هەر دەبوو لە قوژبنێکدا بگیرسێینەوە. پشتوێنم کردبووەوە، کابرایەک هاتە ژوورەوە، دیار بوو خانەخوێکەمی دەناسی و لە خزمیش دەچوون، نامەیەکی دایە دەستم، تیایدا نووسرابوو:
“بەگزادە، یا دێی بۆ لام، یا دێم بۆ لات!”

