رۆژنامەی ھەولێر

ئافرەت وەک چەمکێک

کۆژیار مەریوان
لە مێژووەوە تاوەکوو سەردەمی ئەمڕۆ، بەدەر نەبووین لە کێشە، ئاستەنگ، دژایەتی و دووبەرەکی؛ جا لە چوارچێوەی نەتەوە، کایە سیاسییەکان، یان ئایدۆلۆژیاکانی وەک ناسیزم، فاشیزم و بەعسیزمدا بووبێت، تا دەگاتە بەپلەدووکردنی ئافرەت.
هەر یەک لەم کایانە لە چوارچێوەیەکدا شوێنی خۆیان گرتووە، بەڵام ئەوەی تاوەکوو ئێستا وەک کێشە و دووبەرەکی مابێتەوە و مامەڵەی لەگەڵدا کرابێت، پرسی ئافرەتە. هەر لە سەردەمی حەوا و میتۆلۆژیاکانەوە، تا شۆڕش و گۆڕانکارییە نەتەوەیی و سیاسییەکان، هەمیشە ئافرەت وەک ڕەگەزێک وەلا نراوە و پەنجەی دژایەتیی بۆ ڕاکێشراوە، کە زۆرجار زەرەرمەندی یەکەمی گۆڕانکاری و پێشکەوتنە سیاسییەکان بووە.
لێرەدا پرسێک دێتە ئاراوە: ئایا لە دوای هەموو ئەو پێشکەوتنانەی دنیا بەخۆیەوە بینیویەتی و لەگەڵ پەرەسەندنی کایەکان و عەقڵانیەتی تاکەکاندا، دۆخی ئافرەت گۆڕانێکی بەرچاوی بەسەردا نەهاتووە؟ ئایا دەکرێت هەموو ئەمانە “زەڕبی سفر” بکرێنەوە و ئافرەت هەر بە زەرەرمەند دابنرێت؟
من لێرەدا هیواخوازم خوێنەر ئەوە لەبەرچاو بگرێت، کە لەگەڵ پەرەسەندنی کۆمەڵگە هەر لە دێرزەمانەوە و لەگەڵ هاتنەکایەی بواری ئابووری و پیشەگەریدا، ئەم بوارانە بوونە ئامرازێک بۆ سەرهەڵدانی جیاوازیی ڕەگەزی. ئافرەت وەک ڕەگەزە لاواز و پلە دووەکەی کۆمەڵگە ناسێنرا و ناچار کرا بە ماوەیەکی زۆری کارکردن و بڕە پارەیەکی کەمتر لەوەی پیاوان وەریان دەگرت.
دواتر، لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕش و ڕاپەڕینەکان دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری، ئافرەتان شانبەشانی پیاوان لە سەنگەردا بوون؛ ئەمەش لەپێناو هیوایەک بۆ باشترکردنی بارودۆخیان، جا چ بارودۆخی سیاسیی کۆمەڵگەکەیان بێت، یان نەمانی ئەو جیاکارییەی ڕووبەڕوویان دەبووەوە. بەڵام دووبارە لێرەشدا هەوری بێهیوایی ڕووی لە ئافرەتان کردەوە؛ چونکە بینییان لەگەڵ سەرکەوتنەکاندا، تەنیا ناوی پیاوان جێی مەرەکەبی مێژووی گرتووە. بارودۆخی ئافرەتانیش لەناو کۆمەڵگە نەک هەر باشتر نەبوو، بگرە بەرەو خراپتریش چوو! بە جۆرێک کە تا ئەمڕۆش هێشتا ناچارین لەپێناو مافەکانمان دەنگ هەڵبڕین و درێژە بە خەباتی سەدەیەک بدەین.
سەدەیەکە چەمکی “جیاکاریی ڕەگەزی” دنیای پڕ کردووە، بە جۆرێک کە هەموومان بەقەد ناوەکانمان شارەزای تاکبەتاکی کێشەی ژنان بووین. وتار، گۆڤار، ڕاگەیاندن و ڕێکخراوەکان، هیچ کامێکیان دەرگای خۆیان بەسەر ئەم کێشانەدا دانەخستووە. هەر بۆیە دووبارە دەگەینەوە هەمان پرسیار: لەناو هەموو ئەمانەدا، بۆچی چارەسەری ڕاستەقینەی ئەم کێشەیە بزرە؟
لێرەدا دەکرێت پەنجە بۆ کێشەیەکی بنەڕەتی ڕابکێشم، ئەویش پرسی “زمان”ە. کام چەمکەمان بۆ ئافرەت و کێشەکانی داهێناوە؟ ئایا ئەم چەمکانە چۆن لە مێشکی تاکی کورددا ڕەگیان داکوتاوە و چ جۆرە ڕوانینێکیان بەرامبەر ئافرەت دروست کردووە؟
فیکر کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر زمان هەیە. دەبینین چۆن ئافرەت بە “زەعیفە، شەرەفی پیاو، لاواز و بێهێز” ناودەبرێت. دواتر دەچینە سەر کێشەکان و میدیاکان پڕ دەکەین لە دەستەواژەی وەک “کوژرانی ئافرەت”، “دەستدرێژیکردنە سەر ئافرەت” و “لاوازیی ئافرەت بەرامبەر پیاو”. لە ئەنجامدا، من وەک تاکێک کە ڕۆژانە لەناو ئەم چەمک و دەستەواژە نەرێنییانەدا هەناسە دەدەم، چۆن ڕوانینێکی ئەرێنییم بەرامبەر ئافرەت بۆ دروست ببێت و وەک “کێشە” لێی نەڕوانم؟
لەبری ئەوە، دەکرێت وێنەی بەهێزیی ئافرەت، سەرکەوتنەکان، بوێری و دەستکەوتەکانی بڵاو بکرێنەوە؛ تا ببنە جێگرەوەیەک بۆ ئەو ڕوانینە نەرێنییانەی لە کۆنەوە جێی خۆیان گرتووە. پێویستە ژینگەیەکی ئەرێنی دروست بکرێت کە تێیدا چەمکی ڕاست و دروست بەرامبەر ئافرەت بەکار بهێنرێت و چیدی وەک قوربانی و پلە دوو نەبینرێت.
دەبێ پەی بەو مەترسییە ببەین کە فیکر لەسەر زمان و زمان لەسەر فیکر هەیەتی. زمان و دەستەواژەکان دروستکەری کەسایەتی و ناسنامەی شتەکانن. بۆیە دەبێ هەوڵی گۆڕینی زمان و هاوسەنگکردنەوەی بدەین، تا ئەو پێناسەیەش بگۆڕین کە لە ڕێگەی سمبولەکانی زمانەوە بە ئافرەت دراوە. ئەمەش زیاتر ئەرکی ڕۆشنبیرانە کە هەوڵێکی جدی و خەمخۆرانە بدەن بۆ ڕیفۆرمکردنی ئەم چەمک و دەستەواژانە.
زەحمەتە بە پراکتیکی گۆڕانکاری لە تێڕوانینی کۆمەڵگەدا دروست بکەین، هەتاوەکوو ڕیفۆرمێکی قووڵ لەو چەمک و دەستەواژە نەرێنییانەدا نەکرێت کە لە مێژووی تاکی کورددا ڕەگیان داکوتاوە.