ڕائیب جادر – هەولێر
بۆ پێشوازی لە ساڵی نوێ و گەشتیاران، شەقام و شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان بە جوانترین شێوە ڕازێنرابوونەوە، لەگەڵ ئەوەی لە زۆربەی شارەکان لە شەوی سەری ساڵ ئاھەنگی گەورە ڕێکخرابوون، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش گرنگی زۆری بە گەشتوگوزاری زستانە داوە. بەرپرسانی گەشتوگوزاریش، دەڵێن، بە سەدان ھەزار گەشتیار بۆ پشووەکانی سەری ساڵ ھاتبوونە ھەرێمی کوردستان، پلانیش وایە ئەم ڕێژەیە زیاتر بەرز بکەینەوە.
کوردستان بە بەرگێکی سپی داپۆشراوە
شەپۆلێکی بەفر بارین ھەرێمی کوردستانی گرتەوە، لە ھەندێک ناوچە ئاستی بەفربارین گەیشتووەتە مەترێک و نیو بەتایبەتی لە مزووری باڵا لە دەڤەری بارزان، بۆ ئەوەی گرفتی ھاتووچۆ دروست نەبێت تیمەکانی بەفر ڕاماڵین بەردەوام ڕێگەوبانەکان خاوێن دەکەنەوە، لە سنووری دھۆکیش بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانەکان حەوت تیمی پێکھێناوە، لە ھەندێک ناوچە ئاستی بەفر بارین گەیشتووەتە یەک مەتر، بەتایبەتی لە سنووری نێودەوڵەتی سەرزێر لە سنووری ئامێدی، ئەو تیمانەی پێکھێنراون بەسەر ھەموو شار و شارۆچکەکاندا دابەشکراون، بەتایبەتی لەو شوێنانەی کە بەفر دەبارێت. تیمەکان توانیویانە ھەموو ڕێگە سەرەکییەکان بکەنەوە، ڕێگەی لاوەکی و گوندەکانیش زۆربەیان کراونەتەوە، لە سنووری ئاکرێ، بەتایبەتی ڕێگەی پیرس کە ئاکرێ بە دەڤەری بارزان دەبەستێتەوە زیاتر لە یەک مەتر بەفر باریوە، لایەنە پەیوەندیدارەکان داوا لە شۆفێران و ھاووڵاتییان دەکەن ئەگەر کارێکی گرنگیان نەبێت خۆ لەو ڕێگەوبانانە نەدەن بەتایبەتی لە کاتەکانی شەو بۆ ئەوەی تووشی زیانی گیانی و ماددی نەبنەوە، تیمەکانی بەفر ڕاماڵین خەریکی خاوێن کردنەوەی ڕێگە گشتییەکانن، بۆ ئەوەی گرفتی ھاتووچۆ دروست نەبێت و ھاووڵاتییان بتوانن بە ئاسانی ھاتووچۆ بکەن و توشی زیانی گیانی و ماددی نەبنەوە. حەکیم تێلی، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: بەھۆی پێشبینیکردنی شەپۆلی بەفربارینەکە، تیمێک بە بەشداری لایەنە پەیوەندیدارەکان پێکھێنراوە، دەزگاکان بە ھاوکاری کاڤین گرووپ توانیویانە ڕێگری لە دروستبوونی ئاستەنگی ھاتووچۆ بکەن و تیمەکان بەردەوام لە ئەرکدان بۆ پاککردنەوەی ڕێگەکان.
ژمارەی پێوانەیی گەشتیاران و کارئاسانی لە بازگەکان
بەرپرسانی گەشتوگوزار لە ھەرێمی کوردستان دەڵێن، کەرتی گەشتوگوزار ھەموو ساڵێک پلانی خۆی ھەیە، ئامادەکاری باش کرا بوو بۆ ھاتنی گەشتیار بۆ سەری ساڵ. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، یەکێک لە خاڵە درەوشاوەکانی ساڵی ٢٠٢٥ بۆ ھەولێر، بووژانەوەی کەرتی گەشتیاری بوو، لە ساڵی ٢٠٢٤ سێ ملیۆن گەشتیار ھاتبوونە ھەولێر، بەڵام ساڵی ٢٠٢٥ ژمارەکە گەیشتە سێ ملیۆن و نیو گەشتیار.
ئیبراھیم عەبدولمەجید، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: پشت بەستن بەو ئامادەکاری و پلانانەی کە دامان نابوو، ھەماھەنگیەکی زۆر باش ھەبوو لەسەر ئاستی حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان، ھەمیش لەسەر کەرتی تایبەت تەواوی بنکە گەشتیارییەکان لە ئامادەباشی تەواودابوون، پێشبینیمان کردبوو ٢٠٠ ھەزار گەشتیار بە مەبەستی بەسەربردنی پشووەکانی سەری ساڵ ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەن، بەڵام بەپێی ئەو فیدباکەی کە لە تیمە مەیدانییەکانی خۆمان وەرگرتووە، ڕێژەی ھاتنی گەشتیاران زۆر لەوە زیاترە کە پێشبینیمان کردبوو، ئەوەش لەبەر ئەوەی لە ھەموو شارەکان ئامادەکاری باش کرا بوو، لە بازگەکان بە باشترین شێوە پێشوازی لە گەشتیاران کرا بوو، لە ھەمان کاتدا بارینی بەفرێکی باش، ئەوەش وا دەکات کە لە دوای سەری ساڵ گەشتیارێکی زۆرتر ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەن.
وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: لەسەردەمی کابینەی نۆیەم گەشتوگوزار بە قۆناغێکی زۆر پڕشنگدار تێدەپەڕێت، حکوومەتی ھەرێم گرنگییەکی یەکجار زۆری بە گەشتوگوزار داوە لەڕووی ژێرخانەوە لە ماوەی ٥ ساڵی ڕابردوو بە گوژمەی ٧ ملیار و نیو ملیۆن دۆلار پڕۆژەی گەشتیاری ئەنجام دراون، چالاکییەکە گەشتیارییەکان فڕەچەشن کراون، جۆرە جیاوازەکانی گەشتوگوزار پەڕەیان پێدراوە، لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە چەندین چالاکی و فێستیڤاڵی جیاواز دەکرێن، بەشێوەیەکی گشتی لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان پەیوەست بە ژمارەی بنکە گەشتیارییەکان ٣١٠٠ شوێن و بنکە و پێگەی گەشتیاری ھەن کە خزمەتگوزاری گەشتیاری پێشکەش دەکەن، لەمانە ٤٨٠ ھۆتێل، ٢٨٢ مۆتێل، نزیکەی ھەزار ڕیستورانت و کافتریای گەشتیاری، زیاتر لە ٥٠ گوندی گەشتیاری، لە ئێستادا لە ھەر شەوێکدا ھەرێمی کوردستان توانای لە خۆگرتنی ١٠٠ گەشتیاری ھەیە، بۆ پشووەکانی سەری ساڵ بە سەدان ھەزار گەشتیار ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کردبوو، ئەو گەشتیارانەی سەردانی شوێنە گەشتیاری و شوێنە مێژووەکانی کوردستانیان دەکرد، بە ئاوەدانی و ئارامی و جوانی کوردستان سەرسام بوون.

