رۆژنامەی ھەولێر

مێژووی کورد؛ لە پەراوێزخستنەوە بەرەو هۆشیاری

د. خالیدە خەلیل
نەبوونی حزووری مێژووی کورد لە پانتایی نووسین و تۆمارکردنی لە سەردەمی کۆندا ، دەرئەنجامی پشتگوێخستنێکی کاتی، یان کورتهێنانی هۆشیاری نەبووە، بەڵکوو دەرهاویشتەی ڕێڕەوێکی مێژوویی دوورودرێژە کە تێیدا جوگرافیا و سیاسەت، سازشیان لەسەر هەڵوەشاندنەوە و شاردنەوەی زاکیرە کردووە.
کورد چەندان سەدەی دوورودرێژ ژیاوە و پاسەوانیی لە بوونی خۆی کردووە؛ چیرۆک و بەسەرهاتەکانی بە “با” و گێڕەوەکان سپاردووە، تا وەک شیعر و گۆرانیی حەزین بگێڕدرێنەوە، لەجیاتی ئەوەی لەسەر دێڕی کتێبەکان بنووسرێنەوە، لە دڵ و سینەکاندا هەڵبگیرێن. لەبەر ئەوەی ئەوان بە درێژایی زەمەن، ژێردەستە بوون نەک فەرمانڕەوا، لەنێوان سنوورگەلێکدا ڕەوتیان کردووە، کە هێزگەلێکی گەورەتر لە خۆیان بۆیان کێشابوون؛ نە دەوڵەتێکیان بۆ ساز بوو تا گێڕانەوەکانیان تۆمار بکات، نە دامەزراوەیەک هەبوو تا پارچە پەرتەوازەکانی چیرۆکەکەیان کۆبکاتەوە. بەم شێوەیە مێژووەکەیان زۆربەی جار بە قەڵەمی “ئەوانی دی” و ملکەچ بۆ بەرژەوەندیی سیاسەت، یان لۆژیکی هێز نووسرایەوە، یانیش بەهۆی ئەو کورتبینییە مەعریفییەی کە لە نەخشەی نەتەوەکاندا تەنها وەک پەراوێزێکی تێپەڕ سەیری کوردی دەکرد.
ڕاستە گوتراوە: “هەرچی لەسەر کاغەز نەبێت دەفەوتێت”، بەو مانایەی ئەوەی نەنووسرێتەوە لەبیر دەچێتەوە؛ چونکە لەگەڵ هەر وەرچەرخانێکی سیاسیدا دەقەکان دادەخوران و لەناودەچوون، بەڵام تەنها یادەوەریی زارەکی بە خۆڕاگری مایەوە و ئەوەی لە کڵپە و تینی ڕابردوو مابووەوە، بۆی پاراستین.
مێژووی کورد بە قەد ئەوەی ژێردەستەی ئەو دەسەڵاتانە بوو، کە نکۆڵیان لێ دەکرد و پەراوێزیان دەخست، هێندە شاراوە و گوم نەبوو، لێ لەنێو زمانێکدا بوو، کە زیاتر دەگوترا و دەگێڕدراوە نەوەک بنووسرێتەوە. بەڵام ئەم بەندکردنە بێدەنگییەکی ڕەها نەبوو، بەڵکو دۆخێکی “چاوەڕوانیی” دوورودرێژ بوو، کە تێیدا یادەوەری بە ئامرازی جێگرەوە پارێزگاری لە خۆی کرد، تا ئەوەی لە دەیەکانی دواییدا، هەوڵی جددی دەستی پێکرد بۆ ڕزگارکردنی مێژوو لەو دۆخە “زارەکی” زۆرەملێ، بۆ وەرگرتنەوەی مافی گێڕانەوە و گۆڕینی یادەوەری لە بارێکی قورسەوە بۆ پڕۆژەیەکی هۆشیارانە.
ئەم گەڕانەوەیە بۆ کۆکردنەوە و نووسین، تەنها کردارێکی کولتووریی پەتی نییە، بەڵکوو وەرگرتنەوەی مافە دوای چەندان سەدە لە پەراوێزخستن، هەروەها هەوڵێکە بۆ بونیادنانەوەی پەیوەندی لەگەڵ ڕابردوودا وەک بنەمایەک بۆ شوناس.
لەم چوارچێوەیەدا، نووسین لە ئەزموونی کوردیدا پێگەیەکی وەرگرت کە لە بەڵگەنامەکردنی ئاسایی تێپەڕی، تا ببێتە کردارێکی دامەزرێنەر لە بونیادنانی هۆشیاری و ساغکردنەوەی یادەوەری و داڕشتنەوەی شوناس. نووسین لێرەدا تۆمارکردنێکی بێلایەنانەی ڕووداوەکان نییە، بەڵکو پەیڕەوکردنێکی هۆشیارانەیە بۆ پێناسەکردنەوەی “خود” لە ڕووبەڕووبوونەوەی نکۆڵی و لێکترازاندا.
چونکە شوناس لە ئەزموونی کوردیدا، پڕۆژەیەکە لە ڕێگای گەڕاندنەوەی ڕابردوو، جیاکردنەوەی هێماکان و ڕێکخستنەوەی ڕووداوەکان لەناو گێڕانەوەیەکدا دروست دەبێت کە یەکێتی دەبەخشێتە یادەوەری و دەرگا بۆ ئایندە دەکاتەوە. شوناس تەنها لەسەر جوگرافیا یان ڕەچەڵەکی مێژوویی بونیاد نەنراوە، بەڵکو لەسەر گوتارێک وەستاوە کە “خود”ی لە زمان و یادەوەری و نووسیندا بەرهەم هێناوەتەوە. لێرەدا نووسین ڕۆڵێکی سەرەکی گێڕا لە گواستنەوەی ئەزموون لە قۆناغی زارەکییەوە بۆ نووسین، لە حیکایەتی میللییەوە بۆ مێژووی سیاسی، بەشێوەیەک کە پارچە لێکدابڕاوەکانی نێوان بەشە جیاوازەکانی کوردستانی لە گێڕانەوەیەکی یەکگرتوودا کۆکردەوە؛ گێڕانەوەیەک کە دابەشبوونە ناوچەیی و حیزبییەکان تێدەپەڕێنێت و بنەمایەک بۆ یادەوەرییەکی هاوبەش دادەینێت، کە تێیدا کورد خۆیان وەک یەک “گەل” دەبینن، نەک کۆمەڵەی لێکجیا و پەرتەوازە.
بەڵام ئەم ڕێڕەوە لە بونیادنانی هۆشیاریی نەتەوەییدا هێڵێکی ڕاست و تەخت نەبوو، یان پارێزراو نەبوو لە کاریگەرییە دەرەکییەکان. لە هەندێک ساتدا، کاتێک گوتاری ئایینی بە سیاسی دەکرا، پرسی نەتەوەیی پەراوێز دەخرا بۆ بەرژەوەندیی ئینتیمای عەقیدەیی فراوانتر، هەندێک جار هۆشیاریی نەتەوەیی دەتوایەوە لەناو گوتارێکدا کە نە دان بە تایبەتمەندیی کورددا دەنێت و نە بە مافە مێژووییەکانیدا. ئەمەش لە دژبەرییەکی جەوهەریی نێوان ئاین و شوناسەوە سەرچاوەی نەگرتبوو، بەڵکو هۆکارەکەی بەکارهێنانی ئایین بوو لە دەرەوەی سیاقی خۆی، کە بووە هۆی لاوازکردنی ناوەندێتیی هۆشیاریی نەتەوەیی و شێواندنی ڕێڕەوەکەی.
لەلایەکی دیکەوە و لە سەدەی بیستەمدا، بە بڵاوبوونەوەی ئایدیۆلۆژیا چەپەکان -بەتایبەتی کۆمۆنیزم- هۆشیاریی نەتەوەیی کوردی ڕووبەڕووی لادانێکی چەمکیی نوێ بووەوە؛ ململانێکە تەنها وەک ململانێیەکی چینایەتیی پەتی لێکدرایەوە و پرسی شوناس پاشەکشەی کرد بۆ بەرژەوەندیی گوتارێکی جیهانی (ئومەمی) کە تایبەتمەندییە نەتەوەییەکان لەناو پڕۆژەیەکی گەردوونیی فراواندا دەتوێنێتەوە. هەرچەندە ئەم گوتارە هەڵگری بەڵێنی دادپەروەری بوو، بەڵام زۆرجار نەیتوانی دادپەروەر بێت بەرامبەر دۆزی کورد، چونکە دەستەوەستان بوو لەوەی وەک مافێکی سیاسی و کولتووری مامەڵە لەگەڵ نەتەوایەتیدا بکات (کە تەواوکەری دادپەروەریی کۆمەڵایەتییە نەک دژی).
لەگەڵ هاتنی سەردەمی نوێشدا، ئاڵنگاریی “جیهانگەرایی” سەریهەڵدا، وەک هێزێکی نەرم کە شوناسەکان بە زۆر دەرناکات، بەڵکو لە ڕێگەی بەتاڵکردنەوەی پلەبەپلەی ماناکانیانەوە لاوازیان دەکات. جیهانگەرایی لە ڕێگەی میدیای سنووربەزێن و کولتووری بەکاربردن و شێوازی ژیانی یەکچەشنەوە، مەیلی بەلای بەرهەمهێنانی مرۆڤێکدایە کە خاوەنی یادەوەریی خۆجێیی نییە و ئینتیمایەکی کاڵ و کرچی هەیە. مەترسییەکەش لە خودی کرانەوەکەدا نییە، بەڵکو لە “توانەوە ناهۆشیارانەکەدایە”، کاتێک شوناس لە پڕۆژەیەکی زیندووەوە دەگۆڕێت بۆ کۆمەڵێک هێمای فۆلکلۆریی دابڕاو لە مانا مێژووییەکەی.
لێرەوە، گەڕاندنەوەی مێژوو بۆ پانتایی نووسین و بونیادنانی گێڕانەوەیەکی نەتەوەیی هۆشیار، بەهاکەی تەواو نابێت تاوەکو لە ئێستادا تاقی نەکرێتەوە، چونکە ئەمڕۆ کوردستان ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی جۆرێکی دیکە دەبێتەوە: پاراستنی هۆشیاریی نەتەوەیی لە سەردەمی سەقامگیریی ڕێژەیی و فەزای کراوەدا. نەوە گەنجەکان سەردەمی جینۆساید و نکۆڵیکردنی ڕاستەوخۆیان نەدیوە، بەڵکو ئێستا لە سەردەمی “سەرقاڵکردن”دا دەژین؛ لێیان داوا ناکرێت بە زۆر شوناسی خۆیان لەبیر بکەن، بەڵکو لەژێر فشارەکانی ژیانی ڕۆژانە و بەکاربردن و گوتارە سنووربەزێنەکاندا، هان دەدەدرێن بۆ فەرامۆشکردنی.
لە ڕووبەڕووبوونەوەی جیهانگەراییدا، پاراستنی هۆشیاریی نەتەوەیی بە داخراوویی بەدی نایەت، بەڵکو پێویستی بە بەرهەمهێنانی گوتارێکی کوردیی هاوچەرخە کە توانای کارلێک و کێبڕکێی هەبێت. هەر شوناسێک بە زمانی سەردەمەکەی خۆی نەدوێت، خۆبەخۆ تووشی لاوازی و پووکانەوە دەبێت. بۆیە وەبەرهێنان لە مەعریفە، میدیای نوێ، هونەر و توێژینەوەی ئەکادیمی، لەگەڵ پێشکەشکردنی گێڕانەوەی کوردی بە زمانێکی جیهانی، ئەرکێکی هەنووکەییە. ئەمڕۆ دەبێت پرسیاری “چۆن هۆشیاریی نەتەوەیی بپارێزین؟” بگۆڕین بۆ پرسیارێکی قووڵتر: “چۆن ئەم هۆشیارییە بکەینە خودان توانای ژیان و بەردەوامی؟”. تەنها ئەو نەتەوایەتییەی بە مەعریفە، دامەزراوەکان، ئازادی و کەرامەتی مرۆڤەوە بەستراوەتەوە، توانای مانەوەی هەیە.
بەمجۆرە دەکرێت بڵێین: نووسین لە ئەزموونی کوردیدا تەنها بریتی نییە لە بەرهەمهێنانی مەعریفە، بەڵکو کردارێکی بوونگەراییە (وجوودییە) بۆ پێکهێنانی خود، بەرەنگاربوونەوەی لەبیرچوونەوە و چەسپاندنی ئامادەیی لە ڕێڕەوی مێژوودا. چونکە بەبێ ئەم کردارە گێڕانەوەییە هۆشیارە، بۆ کورد سەخت دەبێت شوناسێکی کۆکەرەوە بونیاد بنێت کە سنوورەکانی جوگرافیا و تەنگژەکانی تاراوگە تێپەڕێنێت، یان ناتوانێت بە زمانی مێژوو داوای مافەکانی خۆی بکات.