بەکر کەریم حەسەن*
(چینیەكان) دەڵێن: “چرایەکی بچووك دابگرسێنی زۆر باشترە بۆ تۆ لە جیاتی ئەوەی تەمەنت بەفیڕۆ بدەیت لە گلەیی و نەفرەت لە تاریكی”.
سروشتی ژیانی هەر تاكێك بریتییە لە هەوراز و نشێو و سەختی و ئاسوودەیی و هەڵكشان و داكشان. بەڵام گرینگ ئەوەیە لە هەوراز و سەختی و داکشاندا چۆك دانەنێی و نەچەمێی و دەستەوەستان نەوەستی، بەڵكو هەوڵدان و تێكۆشان و تێپەڕاندنی دۆخە قورسەكان ئەركی سەرەكی بێت و هەوڵ بدەی بتوانی لە هەموو ئاستەنگ و سەختییەك دەرفەت و هەل بدۆزیتەوە و زیاتر وێنە گەورەكە ببینی و بزانی لەوەی كەوا هەموو ئاستەنگی و ئاڵۆزییەك قۆناغێكی بچووكن لە قۆناغە دووودرێژەكانی ژیان و تەمەن و لە كۆتایشدا دەبنەوە ئەزموون و شارەزایی و سەركەوتن. گرینگە قوتابیەكانمان لە قۆناغەكانی خوێندن فێریان بكەین و ئاشنایان بكەین لەوەی هەردەم وێنە گەورەكە ببینن، نەك تەنها تەگەرە و كۆسپێك كە دێتە پێشیان. هەروەك دەگێڕنەوە “لە یەكێك لە ڕۆژەكاندا مامۆستا دەچێتە پۆل و داوا لە قوتابیەكان دەكات خۆیان ئامادە بكەن بۆ تاقیكردنەوەیەكی لە ناكاو، هەموویان چاوەڕێیان كرد بە پشوو درێژی و لە شوێنی خۆیان بۆ دەستپێكردنی تاقیكردنەوەكە. مامۆستا پرسیارەكانی دابەشی سەر قوتابیەكانی كرد كە بریتی بوون لە كاغەزێك و پێیانی گوت سەیری مەكەن تا تەواو دەبم لە دابەشكردن. ئەوەی بووە مایەی سەرسڕمان قوتابیەكان ئەوە بوو هیچ پرسیارێك نەنووسرابوو لەسەر كاغەزەكە تەنها وتەنها خاڵێكی ڕەش دانرابوو لە ناوەڕاستی كاغەزەكە. مامۆستا هەستی بە سەرسڕمانی قوتابیەكان كرد و كە هەموو تەماشای یەكتریان دەكرد و، كە هیچ نەنووسراوە لەسەر كاغەزەكە. مامۆستاكە گوتی “دەمەوێ بنووسن لەسەر ئەوەی چی دەبینی لەو پەڕاوی تاقیكردنەوەیە. قوتابیەكان بە ترس و شڵەژاوی دەستیان كرد بە نووسین كە هیچ نەنووسرایە. لە كۆتایی وانەكەدا مامۆستاكە پەڕاوەكانی لە قوتابیەكان وەرگرتوو كۆی كردنەوە و یەكە یەكە وەڵامەكانی خوێندەوە بە دەنگی بەرز لە پێش هەموو قوتابیەكان. هەموویان بە گشتیی باسی خاڵە ڕەشەكەیان كردبوو كەوا لە ناوەڕاستی پەڕاوەكەدا هەیە، دوای خوێندنەوەی سەرجەم پەڕاوەكان بێدەنگی و خامۆشی باڵی بەسەر پۆلدا كێشابوو. مامۆستاكە دەستی كرد بە باس كردن و گوتی “نمرەتان بۆ دانانێم لەسەر وەڵامەكانتان تەنها ویستم شتێكتان فێر بكەم بیری لێ بكەنەوە. كەستان باسی پەڕاوەكەتان نەكردوە، هەمووتان جەختان لەسەر خاڵە ڕەشە بچووکەکە كردۆتەوە هەمان شت ڕوودەدات لە ژیانمان. بەڵام سوورین و وڕك تەنها لە خاڵە ڕەشەكە دەگرین. گیروگرفتە تەندروستیەكان و خراپی بارودۆخی دارایی و پەیوەندییە ئاڵۆزەكان لەگەڵ ئەندامانی خێزان و كۆمەڵگە و دڵشكان و نائومێدی لەگەڵ برادەران كە هەموویان وەكو پنت و پەڵە و خاڵێكی بچووكی ژیانمان وایە ئەگەر بەراورد بكەین بەوەی هەمانە لە ژیانماندا، بەڵام ئەو پنتانە بیروهزرمان پیس و بۆگەن دەكەن كە جەخت لەو خاڵە بچووكانە دەكەینەوە لە ئێش و ئازار كەچی رووبەڕێكی گەورە و فراوان لە خۆشی و ئاسوودەیی و جێگیری لەیاد دەكەین كە هەمانە نەهێڵین ئەو خاڵ و پنتە ڕەشانە جوانی و جێگیری ژیانی سپی و بێگەردیمان لێ تاڵ بكەن و، بۆیە دەبێ چاو و نیگامان لە خاڵە ڕەشەكان دوور بخەینەوە لە ژیانمان خۆشی ببینین لەو هەموو چاكە و خێر و ئاسوودەییەی خودای گەورە پێ بەخشیوین و ژیانمان جوانتر دەكات و دڵخۆشتر و ئاسوودەتر دەبین و، بۆیە پێویستە بژین لە ژیانێكی تەژی و پڕ بێت لە خۆشەویستی و ئاسوودەیی. لەو كاتەدا زەنگ لێی دا و قوتابیەكان چوونە دەرەوە قسە و ئامۆژگارییەكانی مامۆستاكەیان لە گوێچكەیان دەزرینگایەوە بۆ ئەوەی سوود لە خۆشی و ئاسوودەیی ژیان ببینن.
*ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

