فازڵ میرانی
ئەگەر پرسە هەنووکەیی و گرنگەکان و بوونی لایەنە کاریگەرە ڕاستەقینەکان لەسەر ڕەوتی بڕیار و دەرەنجامەکان نەبوایە، ئەوا هیچ پێویستییەک بۆ دانوستان نەدەماوە.
وێنە واقیعییەکە هەرچۆنێک بێت، دانوستان لە هەر لایەنێکەوە بێت گوزارشتە لە جۆرێک “هۆشیاری هزری ئەدایی”، کە تێیدا لایەنەکە ویست و مەرامی خۆی دەخاتە ڕوو؛ دەشێت ئەم مەرامە بابەتییانە بێت و پاڵپشت بێت بە بەڵگەگەلێک، کە سەلماندنی ڕاستییەکەیان ئەستەم نەبێت.
بە شێوەیەکی گشتی، دانوستان گفتوگۆیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەخۆ دەگرێت، ئەمە جگە لە پێکهاتە بنەڕەتییەکانی دیکەی وەک (ئامانج و هۆکارەکان)، وێڕای لایەن و پرسەکان. هەموو ئەمانەش مەرج نین بۆ ئەوەی پێشوەختە دانوستانەکە سەرکەوتوو بێت، چونکە ژینگەی دانوستانی سەرکەوتوو ئەوەیە لایەنە ڕاستەقینەکان ئامادەیی گوێگرتنیان هەبێت، خودان توانای جووڵە و چالاکی بن بۆ ئەنجامدان، درک بە فاکتەری کات بکەن و بۆ مەرامێک پێچەوانەی پڕۆژەی دانوستانەکە ڕەوت نەکەن؛ چونکە دانوستان پڕۆژەیەکی تەواوکارە و هەڵگری وەسفی ئەو شتەیە کە لەپێناویدا دەستپێکراوە.
ڕەوا نییە جڵەوی پرسە ناوخۆییەکانی هیچ وڵاتێک بەرەو ناوچەیەک لە دەست دەربچێت کە تێیدا چارەسەرکردنیان سەخت بێت یان هەندێک جار دۆزینەوەی چارەسەر مەحاڵ بێت، چونکە لەوێدا پێشهات و داواکاریی دیکەی بۆ زیاد دەبێت کە بارگرانیی خشتەی شایستەکان زیاتر دەکەن، لەوێشدا دەبێت بەدوای ئەو فاکتەرە کاریگەرانەدا بگەڕێین کە بوونەتە هۆی بوونی دۆسیەی فرەجۆر و، ئەگەریش هەیە ئاڵۆزکاو و پەیوەست بن بە هێزی دیکەوە.ۆ
پرسە نیشتمانییەکان دەکرێت بەهۆی فاکتەری یارمەتیدەری گرنگەوە ببەنە مایەی فریادرەسی – بێگومان بۆ ئەوەی بە چاوی تێگەیشتنەوە لێی دەڕوانێت -، وەک: کۆکەرەوەی ناسنامەی نیشتمانی، ڕای گشتی و ڕای جەماوەریی چاودێر بەسەر ئەداوە، ڕەنگدانەوەی سەرکەوتن لەسەر هەستی هاووڵاتییانی دەوڵەت، سەرباری ڕای هەڵسەنگێنەری ئەو وڵاتانەی خاوەن بڕیارن و پەرۆشیی خۆیان بۆ سەلامەتیی هەڵوێستەکانی دەوڵەتێک دەردەبڕن، لەگەڵ هۆکارگەلی دیکە؛ هەموو ئەمانە پاڵنەرێکی گرنگن بۆ سەرکەوتنی ڕەوتی دانوستان.

