خوسرهو جاف
لە سەردەمی دەسەڵاتی شاھەنشاھیی ئێراندا، دوو ناسیاری گەورە دەسەڵاتی ئەو وڵاتەم دەناسی. ناسیارییەکەمان زۆر قۆناغی بڕیبوو، تەواوی پەردەکانی ئەتیکێتی ناسیاریمان خستبووە لاوە و ھاوڕێیەتییەکی بێ غەلوغەش لەنێوانماندا بەردەوام بوو. ھەردووکیان پلەوپایەی سەربازییان ھەبوو، ھەردووکیانیش خەڵکی شاری سنەی خۆشەویست بوون.
یەکەمیان بە ناوی (محەمەدئەمینی بیگلەری) لە گاردی شاھەنشاھیی ئێراندا یاریدەری فەرماندەی گشتیی گارد و نیشانەی تاج و ئەستێرە و شمشێری بەسەر ھەردوو شانەوە بوو. دووھەمیان سەرھەنگ (عیسا پەژمان)، تا ئەوهندەی من بزانم لە وەزارەتی ناوخۆدا پلە و پایەیەکی گەورەی ئەمنی ھەبوو. بەداخەوە محەمەد ئەمینی بیگلەری لە ڕۆژی یەکەمی شۆڕشی ئێراندا بە بەرنامەیەکی داڕێژراوی تۆکمەوە لەلایەن یەکێک لە سەربازەکانی خۆیەوە کوژرا.
سەرھەنگ عیسا پەژمان لەدوای سەرکەوتنی کۆمارە ئیسلامییەکەی ئێران بە شێوەیەک لە شێوەکان توانیی لە ئێران وەدەرکەوێت و لە شاری پاریسدا بگیرسێتەوە. لەگەڵ ئەو کەسەیدا ھاوڕێیەتیمان قۆناغی پتەوی بڕیبوو. ڕۆژێک وتی:
بۆ (خانەقا) نەڕۆین؟
لە وەڵامیدا وتم: ڕاستان بوێت تاقەتی (خانەقا) ڕۆیشتنم نییە و لە من گەڕێن.
لێت ناگەڕێین، ھەر دەبێ بێیت.
بە ڕەزا و ناڕەزا بەڵێنیان لێ سەندم و دەی لە جێگەی تەرخانکراودا ئامادە بووم، چاوەڕوانییان دەکردم. لەوێڕا بەرەو جێیەکی نادیار بەڕێکەوتین. ئەوان لە وشەی (خانەقا) زیاتر ھیچی تریان بە من نەوتبوو.
لە یەکێک لە گەڕەکە ناسراوەکانی تاراندا لەبەر دەرگای خانووبەرەیەکدا وەستاین. تا ئەو دەمە من ھەر بەتەمای (خانەقا) ڕۆیشتن بووم، ھەرچی بیرم لەو خانووبەرە و باڵەخانەیە دەکردەوە ھیچی نەدەگونجا لەگەڵ خانەقادا. کە چووینە ژوورەوە ئافرەتێک ھاتە پیرمانەوە، نەمدەناسی، لەگەڵیدا ئاشنایان کردم، ئەوە (فریشتە) خانمە و خاوەنی ئەم جێگە و شوێنەیە. فریشتە بە کوردی لەگەڵ دوو ھاوڕێکەی مندا دوا و کە ڕووی کردە من بە فارسی دوا. (عیسا) ھاتە نێوانمانەوە و بە فریشتەی وت:
“لاوە لاوە” ھەر بە کوردی لەتەک ئاغای جافدا بدوێ.
ڕووی لە من کرد و وتی: ئەمیش فریشتە خانمی ئەردەڵانە و ئەویش وەک ئێمە خەڵکی شاری سنەیە و دەنگیشی خۆشە و ئەمشەو گۆرانیمان بۆ دەڵێت…
چەندی بە چەندە؟ من بە تەمای دەف لێدان و شیعری عیرفانی و بڕێک دەم و چاوی گرژومۆن و خەمۆک بووم، کەچی فریشتە خانمی ئەردەڵان ھاتە پیرمانەوە! کە ڕۆیشتینە ژوورەوە چەندین ئافرەتی ڕوخسار زەریف و شیکپۆش قاچیان لەسەریەک دانابوو، بڕێک لە شلکەی ڕانیان بەدەرەوە بوو. لە دڵی خۆمدا وتم: (ناسکە خانەقا!) چەندین پیاوی پۆشتە و بۆینباخی ڕەنگاورەنگی گرانبەھا لەمل دانیشتبوون، ھەریەکەو پێکێکی خواردنەوەیان لەبن دەستدا دانرابوو، یەک دووانێکیان پێک بەدەست، ناوەناوە مژێکیان لە پێکەکەیان دەدا.
بەندە لەو جۆرە دانیشتنانەم زۆر دیبوو، بەڵام لەو کۆمەڵە ژن و پیاوە تێنەگەیشتم. (فریشتە) ڕووی لە عیسا پەژمان کرد و وتی:
ئەم ئاغا جافە یەکەمین جارە بە خزمەتی دەگەم، ئومێدەوارم لێرە خۆشی ھاتبێت.
عیسا پەژمان لە وەڵامیدا وتی:
ئەم خانزادەیە یەکپارچە شەکەرە، دوایی دەردەکەوێ، دەڵێم شەکەر، کەمم وتووە.
لەم کاتەدا یەکێک لە دانیشتووان ئاماژەیەکی بۆ فریشتە کرد و ئەویش ھەستا ڕۆیشت بەلایەوە. بە فرسەتم زانی لە عیسا پەژمان بپرسم:
ئێرە کوێیە وا منتان بۆ ھێناوە؟ چ جەھەننەم دۆڵ و دەربەندێکە؟
پەژمان وتی: پەلە مەکە، ھەموو شتێکت بۆ ڕوون دەکەمەوە.
ئاغای بیگلەری لە بنەمادا کەمدوێ بوو، زۆرتر بێدەنگ بوو تا قسەکردن، بەڵام ھاتە نێوان من و عیسا پەژمانەوە و وتی:
خوسرەو گیان تەحەممول کە، ھەموو شتێکت بۆ دەردەکەوێ. ئێرە وەک یانەیەکی تایبەتە، ئەندامەکانی مانگانە پووڵ و پارەیەک دەدەنە فریشتە خانم و لێرەدا خواردنەوە و خواردن بێ بەرانبەرە. ئیدی ئەو کەسە بێت یان نێت ھەر دەبێ مانگانەی خۆی بدات. ئێمە (من و عیسا) ھەردووکمان ئەندامی ئێرەین و لە بڕێک لە بەرنامەکانیدا گۆرانیبێژە بەناوبانگەکانیش لێرەدا ئەندامن، وەک ھایدە، مەھەستی، گوگوش و ئەوانی تریش! پیاوە ناسراوەکانی ئەم وڵاتە بڕێکی زۆریان ئەندامی ئێرەن. بەڕای من ئێرەتان لا ناخۆش نابێت و لەم یانە تایبەتەدا بەشداری بکەی دڵنیام پەشیمان نابیتەوە!
پەژمان تا ئەوکاتە بێدەنگ بوو، قسەکانی بە ئاغای بیگلەری بڕی و وتی:
خۆشت بێت و ترشت بێت، دەبێ ئەندامێتی قبووڵ بکەی.
ئاماژەیەکی لە فریشتە کرد و دووبارە ھاتەوە لای ئێمە. کە ھاتە ژوورەوە فریشتە ھەڵسا و ڕۆیشتە پیرییەوە و دوای ماوەیەک گەڕایەوە لامان. پەژمان ڕووی لە فریشتە کرد:
لە ئەمشەوە خوسرەو جاف بە ئەندامی خانەقا بژمێرە، چی دەکەوێتە سەری، بۆ خۆی دەیدا.
ھەر ئەو شەوە پارەی سێ مانگم دا بە فریشتە خانم. ئەو شەوە بە یەکەمین شەوی ئاشنایەتیی من و فریشتە خانم و ئەندامبوونم لە (خانەقا) دەژمێردرێت. ڕاستت دەوێت، ئەگەر لە لایەن فریشتەوە تەلەفۆنم بۆ نەکرایە، نەدەڕۆیشتم بۆ (خانەقا). جاروبار تەلەفۆنی دەکرد کەوا ئەمشەو مەھەستی یان گوگوش دێن بۆ خانەقا. وشەی “خانەقا” تەنها بەلای پەژمان و بیگلەرییەوە بەکار دەھێنرا، وهئیللا فارسەکان بێگانە بوون لەو وشەیە و بەکاریان نەدەبرد.
من لەو ماڵەدا لەگەڵ زۆربەی ھونەرمەندانی ناسراوی ئێراندا ئاشنا بووم، لەگەڵ بڕێکیاندا دۆستایەتیمان پتەو ببوو. لەبیرمە جارێک (فریشتە) تەلەفۆنی کرد و وتی:
شەو ھەرچی حیزگەلی تاران ھەس دەعوەتم لێ کردوون و دێن بۆ خانەقا.
پرسیم: مەبەستت لە حیزگەل چییە و کێن؟
وتی: ژنگەل نا، ئێژم کوڕگەل!
وتم: تۆ وەرە..
بەھەرحاڵ! لەسەر کاتدا ھات و لەگەڵ خۆمدا بردم بۆ خانەقا. ئەو نەیدەزانی بەرەو کوێی دەبەم. کە ڕۆیشتینە ژوورەوە زیاتر لە بیست ئافرەت بە جلی ئاڵ و واڵاوە دانیشتبوون، ژنایەتییان لێ دەباری! من دەمزانی ئەو ئافرەتانە ھەر ھەموویان نێرن و مێ نین. ھاوڕێکەم سەرسامی ڕوخساری ژنانە و جلوبەرگیان ببوو. فریشتە ھاوڕێکەمی دەناسی، وتم:
فریشتە، ھاوڕێکەم ئەو ئافرەتە جلوبەرگ مۆدانەی بە دڵە، ئاشنایان ناکەی؟
وتی: وەڵا ئەگەر گۆرانی نەڵێت ئاشنای ناکەم.
ھاوڕێکەم کەللەی گەرم ببوو، دەستی لە بناگوێ نا و دەستی پێکرد. بە حەق دەنگە زوڵاڵەکەی ھەموو دانیشتووانی سەرسام کرد. ئەو جۆرە دانیشتنانە گەلێک جار لەوێڕا دووبارە دەبووەوە.
ساڵ ھات و چوو، وردەوردە خۆپیشاندانی میللەتانی ئێران دەستی پێ کردبوو، ئێمەش خانەقا و ئەو جۆرە دانیشتنانەمان بەلاوە نابوو. سەرئەنجام دامودەزگای دەوڵەتی شاھەنشاھی ھەڵوەشایەوە و لە یەکەمین ڕۆژی داڕووخانەکەدا (محەمەدئەمین بیگلەری) کوژرا. دوای ئیعدامکردنی (سالار جاف)، بەندەش گەڕامەوە بۆ عێراق و لە شاری بەغدادا گیرسامەوە. ھیچ ھەواڵێکی پەژمانم نەدەزانی. دوای یەک دوو ساڵی یەکەمی کۆماری ئیسلامی، بیستم گەیشتووەتە بەریتانیا. لە سەفەرێکمدا بۆ شاری پاریس دووبارە (ئازادە شەفیق)م دی. ئازادە نەوەی ئەشرەفی پەھلەوی بوو لە مێردە عەرەبەکەی کە فڕۆکەوانێکی میسری بوو. ئەشرەف پەھلەوی و محەمەدڕەزا شای ئێران دووانە بوون، ھەردووکیان بە یەک سک لە دایک ببوون. بەندە لە ئێرانەوە ئەو خانمەم دەناسی، لە پاریس دیسان یەکترمان دییەوە. بۆ ھەفتەیەک ڕۆیشتبووم بۆ پاریس، مانگێکم پێ چوو. لەم دواییەدا بیستم پەژمان ئاشقی (ئازادە شەفیق) بووە و وازی لە خێزانە کۆنەکەی ھێناوە و لەگەڵ (ئازادە)دا بوونە بە ژن و مێرد.
ئیدی با ڕاستگۆ بم، هەموو پەیوەندییەکم لەگەڵ (ئازادە)دا بڕیبوو، تا چەند ساڵ لەمەوبەر ڕۆژێک پەژمان تەلەفۆنی بۆ کردم و وتی: ئازادە زۆر نەخۆشە و دەیەوێ قسەت لەگەڵ بکات. کە دەستی بە قسەکردن کرد، بە زەحمەت قسەی بۆ دەھات، وتەکانیم لەبیرە:
“خوسرەو گیان! خەریکم دەمرم، پزیشکەکان ھەفتەیەکیان بۆ داناوم و ئەم جیهانە بەجێ دێڵم، شێرپەنجە (سەرەتان) ناوسکمی داگیر کردووە و با خواحافیزیت لێ نەکەم.”
منیش پەڵمەگریان ببووم، بە زەحمەت توانیم پێی بڵێم ئازیزم بە دۆعا. رێک هەر لەو ھەفتەیەدا وا پزیشکەکانی دایاننابوو، جیهانی بەجێ ھێشت. ئەو ھەفتەیە ھەموو ڕۆژێک پەیوەندیم لەگەڵ پەژماندا دەکرد، بەڵام (ئازادە) لە زمان کەوتبوو، ئەوجارە دواجار بوو لەگەڵ ئازادەدا دوابووم. چوار ساڵ دوای ئازادە، عیسا پەژمان تاک و تەنها لە ئەپارتمانەکەیدا، ئەویش جیهانی بەجێ ھێشت.
مایەوە (فریشتە)ی ئەردەڵان. کاتێک لە بەغدا بووم ئافرەتێک تەلەفۆنی بۆ کردم و وتی: من (فریشتەی ئەردەڵانم). ناردم بە دوایدا و ھێنامە ماڵی خۆمان. تۆمەز بە قاچاغ لە شاری سنەوە خۆی گەیاندووەتە بەغدا. بە هەققەت زۆر خزمەتیم کرد. گرفتارییەکەی فریشتە لەوەدا بوو دەیویست بڕوات بۆ بەریتانیا، بەڵام نە پاسپۆرتی ھەبوو نە ڤیزە. من بۆ خۆم لە بەغدادا دەستم نەدەڕۆیشت، پەنام بردە لای (سەردار جاف)ی ئامۆزام، ئەو توانیی پاسپۆرتی عێراقی و ڤیزەی بەریتانیاشی بۆ وەرگرێت. ئیدی لەو دەمەوە ھیچ زانیارییەکم دەربارەی (فریشتە) نییە و نازانم چی بەسەر ھاتووە، ئەوەندەی دەزانم ئەگەر مابێت دەبێ زۆر پیر بووبێت.

