ڕائیب جادر – هەولێر
ئەمساڵ لە پارێزگای دھۆک ١٤٤ ملم باران باریوە، کەچی ساڵی ڕابردوو تا ئەم کاتە تەنیا ٢٨ ملم باران باری بوو، باران بارین لە دھۆک کاریگەریەکی زۆر باشی لەسەر پۆند و بەنداوەکان دروست کردووە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت لەو سنوورە گرنگیەکی زۆر بە دروستکردنی پۆند و بەنداوەکان دراوە، ٤ بەنداو و ٦٠ پۆند ھەن، ژمارەیەکی دیکەش لە قۆناغی جێبەجێ کردندان.
لە سنووری پارێزگای دھۆک ٤ بەنداوی گەورە و ٦٠ پۆند ھەن، پشت بەستنی ئەو پارێزگایە بە ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوییە، ھاتنی بارانی زیاتر کاریگەری باش لەسەر زیادبوونی سەرچاوەکانی ئاو دەبێت بەتایبەتی ئاوی ژێر زەوی، لە دھۆک تا ئێستا ١٤٤ ملم باران باریوە، ئەمە لە کاتێکدایە ساڵی ڕابردوو تا ئەم کاتە تەنیا ٢٨ ملم باران باری بوو، بەگوتەی لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەگەر ڕێژەی باران بارین زیاتر بێت، بۆ ساڵی داھاتووش ئاو کۆ دەکرێتەوە.
بەنداوی دھۆک لەگەڵ ئەو باران بارینەی چەند ڕۆژی ڕابردوو ٨ سم بەرزبووەتەوە، باران بارینی زیاتر کاریگەری ئەرێنی لەسەر ئەو بەنداوە دروست دەکات، لە بەنداوەکانی دیکەش ڕێژەی ئاو بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد بووە. فەرھاد محەممەد، بەڕێوەبەری بەنداوی دھۆک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ئاستی ئاو لەناو بەنداوی دھۆک تا ئێستا نزیکەی ٨ سم زیاد بووە، ئەو باران بارینە تا ڕادەیەکی زۆر کاریگەری لەسەر بەنداوەکان ھەبووە، بۆ نموونە ئاستی ئاوی ھەر دوو بەنداوی خنس و کەشکان زیاتر لە سێ مەتر بەرزبووەتەوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت مەترسی وشکەساڵی نەماوە.

