شێرکۆ حەبیب
لەم شەوانە دوای کاتژمێر یەکی بەرەبەیان ئازیزێک کە لە پشکنینی فڕۆکەخانەی هیسرۆی لەندەنی کار دەکات، گوتی”ئەمڕۆ دیفید ئەلامی” م بینی و جانتایەکیشم پشکنی، دەزانم ئەو کەسایەتیە چ پۆستێکی لە حکوومەتی بەریتانیا هەیە(جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دادە و ئەندام پەرلەمان)، گوتم ئەو جا ئەوە کێیە؟ گوتی فلانە کەسە.
لەوانەیە هەواڵەکە بۆ من و ئەو کەسە زۆر ئاسایی بێت، چونکە زۆر جار وەزیر یا ئەندام پەرلەمانی بەریتانی لە ویستگەی شەمەندەفەر یا سوپەر مارکێت رووبەرووی هاووڵاتیان دەبنەوە خۆم زۆر جار ئەو هەلەم بۆم ڕێککەوتووە، بەڵام لەوانەیە لای هەندێ بەرپرسانی ئەم وڵاتەی خۆمان جێگای سەرسوورمان بێت، چۆن جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ هاووڵاتی سادە لەهەمان شوێن داخلی فرۆکەخانە دەبێت و لە شوێنی ئاسایی لە ناو فرۆکە دادەنیشێت، ئەمە دیموکراسی بەریتانیە وەزیر، ئەندام پەرلەمان، خۆی جیاواز ناکاتەوە لە هاووڵاتی سادە چونکە ئەو دەزانێ بە دەنگ و پاڵپشتی ئەو هاووڵاتیانە و میللەت لەو شوێن و پۆستەدایە.
بەداخەوە لەم وڵاتەی خۆمان لەگەڵ رێزم بۆیان وەک کەسایەتی، بەڵام بەداخەوە ساتێک هەندێکان پۆستێک وەردەگرن وا هەست دەکەن کە ئەوان چەندین پلە لە هاووڵاتی سادە بەرزترن، وا هەڵسوکەوت دەکەن هەروەک ئەوان تەنیا لەسەر ئەم زەویەدا دەژین، و بەدەنگ و هێزی میللەت ئەو پۆستەیان وەرنەگرتووە، بەداخەوە زۆر جار دەبینین خۆیان لە هاووڵاتی بە مەزنتر دەزانن، بەتایبەتی هەندێ ئەندام پەرلەمان لەگەڵ رێزم بۆیان وەک مرۆڤ، دەبینین دەبێ لە ریزی پێشەوە نەبێت دانانیشن، یا بە پاسەوان لە بۆنەکان ئامادە دەبن لە کاتێکدا ئەندام پەرلەمان پێویستی بە پاسەوان نییە، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ بەرپرسی حزبی و حکوومی هەمان ڕێچکەیان هەیە، دەبێ مرۆڤ ئەوەندە سادە بێت کە لە پۆستەکەی نەما رێزی لە نێو هاووڵاتیان هەبێ نەک لەگەڵ پۆستەکەی نەمێنێ و رێزیشی نەما، لەم ماوەیەدا بەخۆشحاڵی و سوپاس بۆ بەرپرسانی مێپس لە دهۆک ئامادەی دوو رۆژی کۆنفرانسەکە بووم، ئەوەی لام سەیر بوو بەیانیەک بەرپرسێک کاتژمێر ٨:٣٠ی بەیانی ئامادە بوو کە جارێک کات مابوو بۆ دەست پێکردن ئەو بەرپرسە تەنیا لەو کاتە هاتبوو بۆ ئەوەی لە ریزی پێشەوە جێگای خۆی بکاتەوە، و کاتێک هەڵسا پاسەوانەکەی لە شوێنی خۆی دانا، هەندێ کەسایەتی و بەرپرس وا دەخوازێ کە لە ریزی پێشەوە بن، بەڵام بەداخەوە لە وڵاتەکەی من هەموو دەیانەوێت لە ریزی پێشەوە بن بەڵام لە کاتی جێبەجێ کردنی ئەرک و کار لە دواوەن، خۆزگە ئەوانەی ئێمەش کە بۆ ئەوەی بڵێن بەرپرسە لە هەوڵی ریزی پێشەوەن، پەندێک لەو بەرپرسە بەریتانیە فێر دەبوون، بەرپرسی راستەقینە ئەگەر لە دواوەی دواوەش دانیشێت هەر سەنگ و پێگەی خۆی هەیە. خۆزگە…

