هاوژین محەمەد
فینۆمینۆلۆژیای ئەخلاق هەوڵێکە بۆ ئەوەی ئەخلاق لە دەستی یاسا و فرمانە گشتیەکان دەربهێنرێت بگوازرێتەوە بۆ ناو ئەزموونی ڕاستەوخۆی مرۆڤ. لێرەدا باش و خراپ نە لە دەستوورێدا نووسراون، نە لە پەرتووکێکدا، بەڵکو لە هۆشیاری و هەستی بەرپرسیارێتی مرۆڤدا دەردەکەون.
فینۆمینۆلۆژیا وەک مێتۆدێکی فەلسەفی لەسەرەتادا پرسیاری ئەوە ناکات (ئەخلاق چیە؟). بەڵکو پرسیاری ئەوە دەکات کە (ئەخلاق چۆن بۆ من دەردەکەوێت؟). کە من ئازاری کەسێکی تر دەبینم، پێش هەموو حوکمیکی ئەقڵ، هەستێک لەناو مندا دروست دەبێت؛ هەستی بەرپرسیارێتی، هاوسۆزی، یا تاوانباری، ئەم هەستانە بنچینەی ئەخلاقن. لە فینۆمینۆلۆژیای ئەخلاق، هۆشیاریی ئەخلاقی شتێکی بێلایەن نیە. مرۆڤ بە تەواوەتی تێیدا تێکەڵە. من ناتوانم لە دەرەوە سەیری کارێکی خراپ بکەم؛ بەڵکو لە ناوەوە هەستی پێ دەکەم. خراپ بۆ من تەنها کردەوەیەک نییە، بەڵکو شتێکە دڵم قەلەق دەکات و ئارامیم لێ تێک دەدات.
ماکس شیلەر فینۆمینۆلۆژیای ئەخلاقی بۆئەوە پەرە پێ دا کە پیشانی بدات ئەخلاق بنیات نراوە لەسەر هەستە ئەخلاقییەکان، نەک تەنها لەسەر ئەقڵ. بەپێی ئەو مرۆڤ پێش ئەوەی بیر بکاتەوە لە باش و خراپ، باش و خراپی هەست پێ دەکات. ئەمە واتای ئەوەی ئەخلاق لە دڵەوە دەست پێ دەکات نەک لە یاساوە؛ فینۆمینۆلۆژیا، ئەخلاق وەک شتێکی زیندوو دەبینێت؛ شتێک کە لە کاتی ترس، خۆشەویستی، یان قوربانیداندا دەردەکەوێت. ئەخلاق لە ئەزموونی ڕۆژانەدا دەژیێت، لە نیگایەکی خەمبار، یا لە دەستی هاوکارییەک، یا لە دەنگی ویژدانێک کە لەناو دڵدا دەنگ دەداتەوە.

