بەهادین جەلال مستەفا
دەستپاکی ئەو کۆڵەکە سەرەکییەیە، کە پێشکەوتنی شارستانی لەسەر بنیات دەنرێت، جا چ لە بواری هونەر و ئەدەبدا بێت یان لە بواری زانست و توێژینەوەکاندا. بەڵام دیاردەی “دزیی هزری” یان ئەوەی پێی دەگوترێت(Plagiarism)، بووەتە ئالنگارییەكی گەورەیه و، هەڕەشە لە متمانەی بەرهەمی مرۆڤایەتی دەکات، دەستگرتن بەسەر بیرۆکەی کەسانی دیكە و هێنانە پاڵ خۆ، تەنها کارێکی نا مۆڕاڵی نییە، بەڵکوو تاوانێکی هزرییە کە بەهای داهێنان دەڕووخێنێت.
كاتێك باس لە دزیی ئەدەبی/زانستی دەكەین مەبەست بەکارهێنانی بەرهەم، بیرۆکە، دەق، یان داتای کەسێکی دیكە و هێنانە پاڵ خۆیە، بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕەسەنەکە، جا ئەم کارە بە مەبەست (وەک دزیکردنی بە ئەنقەست) یان بەبێ مەبەست (وەک نەزانینی ڕێگاکانی ئەرشیڤكردن) بێت.
جیاوازی لەنێوان گواستنەوەی دەق و دزیکردن لە ئەدەبدا هەیە، كە بریتییە لە یەکتربڕینی دەقەکان و کاریگەربوونی نووسەر بەو کەسانەی پێش خۆی کەوتوون بە شێوەیەکی سروشتی و، ئەمە وەک بەشێک لە کەڵەکەبوونی ڕۆشنبیری قبوڵکراوە. بەڵام “دزیکردن” بریتییە لە وەرگرتنی دەقەکە یان بیرۆکەکە “وەک خۆی” بۆ ئەوەی وەرگر (خوێنەر) وا تێبگەیەنرێت کە دزەکە داهێنەری یەکەمە. ئمە شیعر و پەخشان و هەموو بابەتەكانی نووسین دەگرێتەوە.
دزییە زانستییەکان بە مەترسیدارتر دادەنرێن، چونکە ڕاستیی ساختە بنیات دەنێن، کە ڕەنگە زیان بە کۆمەڵگە بگەیەنێت (بە تایبەت لە بوارە زانستی و تەكنەڵۆجییەكانی وەك پزیشکی و ئەندازیاریدا). ئەم دزینە زانستییە زۆر شێوەیچ هەیە، لەوانە:
بڕین و لکاندن (Copy & Paste): گواستنەوەی بڕگەی تەواو بەبێ دانانی نیشانەکانی وەرگرتن یان ئاماژەدان بە سەرچاوە.
دزی لە خۆ كردن: توێژەر توێژینەوەیەکی کۆنی خۆی بە ناونیشانێکی نوێ بڵاوبکاتەوە، یان داتای توێژینەوەیەکی پێشووی لە توێژینەوەیەکی نوێدا بەکاربهێنێت بەبێ ئاماژەپێدان.
پەنابردنە بەر نووسەری سێبەر: پارەدان بە کەسێکی دیكە بۆ نووسینی نامەی زانستی و پێشکەشکردنی بە ناوی خوێندکارەکەوە.
نموونەی ئەمە لە سەردەمی مۆدێرندا، ئابڕووچوونی زانستی دەبێتە هۆی وێرانکردنی ئایندەی سیاسی و ئەکادیمی، نموونەی کارل تیۆدۆر تسو گوتنبێرگ (وەزیری بەرگریی پێشووی ئەڵمانیا – ٢٠١١). كە بە “بارۆن”ـی سیاسەتی ئەڵمانی ناسرابوو، بەڵام دەرکەوت بەشێکی زۆری تێزی دکتۆراکەی لە یاسادا پیت بە پیت لە سەرچاوەی جیاوازەوە دزراوە بەبێ بەڵگەنامەکردن. بۆیە دواجار بڕوانامەی دکتۆراکەی لێ سەندرایەوە و، ناچار بوو لە پۆستەکەی وەک وەزیری بەرگری دەست لەکار بکێشێتەوە و، بەهۆی “دزیی زانستی”ـیەوە ژیانی سیاسی وێران بوو. نموونەیەكی دیكە پاڵ شمیت (سەرۆکی هەنگاریا – ٢٠١٢) سەرۆکی هەنگاریا دەستی لەکارکێشایەوە دوای ئەوەی زانکۆی “سێمێلویس” بڕوانامەی دکتۆراکەی لێ سەندەوە، پاش ئاشکرابوونی ئەوەی بەشێکی زۆری تێزەکەی دەربارەی یارییە ئۆڵۆمپییەکان پیت بە پیت لە نووسەرانی دیکەوە گواستراوەتەوە.
بەڵام هۆکارەکانی دزییە ئەدەبی و زانستییەکان چیین؟ فشارە ئەکادیمییەکان واتا بنەمای بڵاوکەرەوە یان لەناوچوو فشار لە مامۆستایان دەکات بۆ بڵاوکردنەوەی خێرا بەبێ گوێدانە کواڵێتی.
هەروەه بە ئاسانی دەستگەیشتن بە زانیاری، وەك ئینتەرنێت پڕۆسەی “بڕین و لکاندن”ـی وا لێکردووە تەنها چەند چرکەیەکی پێ بچێت. هۆكارێكی دیكە بریتییە لە لاوازیی لایەنی ئەخلاقی، ئارەزووی سەرکەوتنی خێرا و تەمبەڵی مەعریفی. هاوكات نەزانینی ڕێگاکانی بە بەڵگەكردن، هەندێک خوێندکار بەبێ مەبەست دەکەونە هەڵەی دزیکردنەوە بەهۆی نەزانینی چۆنیەتیی وەرگرتنی دروست.. هتد.
چۆن دزی ئاشکرا دەکرێت؟ لەکۆندا پشت بە توانای لەبەرکردنی ڕەخنەگران دەبەسترا، بەڵام ئەمڕۆ كەناڵ و سەرچاوەی زۆر پێشکەوتوو هەن کە زانکۆ و گۆڤارە زانستییەکان بەکاری دەهێنن، وەک:
تورنتین Turnitinئامرازێکی بەهێزی ئەکادیمی ئۆنلاینە، کە بەکاردێت بۆ سکانکردنی دەقەکان و توێژینەوەی زانستی بۆ دیاریکردنی دزیکردن بە بەراوردکردنی ناوەڕۆکی توێژینەوەکە لەگەڵ داتابەیسێکی گەورەی توێژینەوە و بابەت و کتێب و ماڵپەڕەکان، بۆ دیاریکردنی ڕێژەی لێکچوون و تیشک خستنە سەر بەشە کۆپیکراوەکان، یارمەتیی خوێندکاران و توێژەران و دامەزراوە پەروەردەییەکان دەدات بۆ دڵنیابوون لە ڕەسەنایەتی کاری ئەکادیمی و پابەندبوون بە ئەخلاقی توێژینەوەی زانستی.
هەروەها بەرنامەی iThenticate، ئەم بەرنامانە دەقەکە لەگەڵ ملیۆنان سەرچاوە بەراورد دەکەن و ڕێژەی لێکچوونەکە بە وردی دیاری دەکەن.
دزییە ئەدەبی و زانستییەکان تەنیا سەرپێچی یاساکانی موڵکییەتی هزری نین، بەڵکو خیانەتن لە ئەمانەتی زانستی و شێواندنی ڕاستین. داهێنەری ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە بەردێکی نوێ دەخاتە سەر دیواری مەعریفە، نەک ئەوەی بەردی کەسانی تر دەدزێت بۆ ئەوەی خانەیەکی وەهمی پێ دروست بکات. وەک چۆن لە کۆندا گوتراوە: “ئافاتی زانست لەبیرچوونە، ئافاتی گێڕانەوەش درۆیە”، ئەمڕۆش دەتوانین بڵێین: “ئافاتی توێژینەوە ئینتیحالە (دزینی هزرییە)”.

