رۆژنامەی ھەولێر

دەڵێی دەست بۆ پشکۆ دەبەم

حەمەسەعید حەسەن
لە ڕوانگەی (ئۆشۆ)وە
هەر لە سەرەتای تەمەنییەوە، کۆمەڵێک ژار دەرخواردی منداڵ دەدەین، ژاری وەک: دەستکەوت، سەرکەوتن، ناوبانگ و سامان. دێین بەو ژارانە کانیاوی ڕوونی بوونی لیخن دەکەین. ئینسان ناچار دەکەین بیست و پێنج ساڵی تەمەنی بۆ فێربوونی ڕۆشنبیرییەکی ژاراوی تەرخان بکات. کۆمەڵ پیاو فێر دەکات ژنەکەی جڵەو بکات، ژن فێر دەکات منداڵەکانی جڵەو بکات، فێری ڕێز لە یەکدی گرتن و دلۆڤانییان ناکات، مەشقیان لەسەر ئەوە پێ دەکات، پێوەندییان وەک پێوەندیی نێوان ئینسان و شتومەک وەها بێت، ئەوە نییە پیاو، وەکوو کاڵا سەیری ژنەکەی دەکات.
پیاو کە دەبێت بە مێرد لە شکۆی کەم دەبێتەوە، ئافرەت کە دەبێت بە ژن لە شکۆی کەم دەبێتەوە. بۆ ئەوەی خاوەنی شکۆی خۆمان بین، هەقە ئینسان بین، نەک مێرد یان ژن، ئاخر ئەوەی ژن و مێرد پێکەوە گرێ دەدات، یاسایە نەک خۆشەویستی، سیاسەتە نەک شیعر، بەرژەوەندیی ئابوورییە نەک هۆگری یەکتری بوون. ژیان وەک پێشبڕکێی ڕاکردنی ئۆڵمپیی لێ هاتووە، ئەوی خاو غار بدات، دەدۆڕێت، ڕاکردنەکە بۆ پارەیە، بۆ پاوەرە و بۆ ناوبانگە. ئیشی تاک ئەوەیە، بوار نەدات ئەوانی دی سەرکەوتن بە دەست بهێنن، بۆ ئەوەی خۆی یەکەم بێت. لە دونیایەکی وادا نە دڵۆپێک لە خۆشەویستی هەیە، نە پرشنگێک لە هاوسۆزی.
بۆچی سیاسەتکار بە دونیای ڕامان نامۆیە؟ چونکە ئەوی خەریکی ڕامان بێت، کەسێکە بێدەنگ و بێوەی، سیاسەتکاریش نە ئەمیانە نە ئەویان. وەک چۆن ناتوانین هاوزەمان سواری دوو ئەسپ ببین کە بە دوو ئاڕاستەی جیاواز غار بدەن، هەر وایش ناتوانین هەم خەریکی ڕامان بین و هەم خەریکی سیاسەتیش. ئەوی خەریکی ڕامان بێت، خۆڕسکانە، پەلەی نییە و خەم لە داهاتوو ناخوات و بۆ ئێستا دەژی، بەڵام سیاسەتکار پەلەیەتی تا زووتر بە پۆستێکی باڵاتر بگات.
جیاوازیی ڕاستەقینە نە لە نێوان ڕەگەزەکاندا هەیە، نە لە نێوان خەڵکانی سەر بە ئەم یان ئەو ئاییندا، ئەوەی هەیە جیاوازییەکی ڕووکەشە، نەک ڕیشەیی. کە ئەفریکایی پێستی ڕەشە و ئەورووپایی پێستی سپییە، ئەوەیش هەر جیاوازییەکی ڕووکەشە. ئەوە ئەفسانەیە ئەگەر پێمان وابێت، جوو میللەتی هەڵبژادەی خوایە، یان ئاری سوپەرئینسانە. هیچ نیشتمانێکیش لەوانی دیکە پیرۆزتر نییە، با کۆنترین نیشتمانیش بێت و با دەیان دینیشی تێدا پەیدا بووبێت. ئەوەی ئەم خۆی لەو بە باڵاتر بزانێت، کە زادەی خۆپەرستییە، تەنیا کارەساتی بۆ مرۆڤایەتی بەرهەم هێناوە. هەموو گۆی زەوی یەکێکە، تەنیا هێڵێکی سوور لەسەر نەخشە، وەڵاتان لە یەک جیا دەکاتەوە، ئیدی چۆن ئەم خاک، لەو خاک پیرۆزترە. جاران هیندستان و پاکستان یەک وەڵات بوون، ئەوە کەی لێکدانەوەیەکی دروستە، ئێستا ئەمیان بە پیرۆزتر بزانین لەویان.
کە ١٤ی تەممووزی ١٧٨٩ شۆڕشگێڕان دەرگەی بەندیخانەی (باستیل)یان کردەوە، بۆ بەندییەکان کوتوپڕی بوو، ئاخر بۆ چوونە دەرەوە و بۆ ئازادی ئامادە نەبوون. زۆرینەی زیندانییەکان چونکە تەمەنێکی درێژیان لەوێ بەسەر بردبوو، لەگەڵ ئەو ژیانەدا ڕاهاتبوون، چونکە نە هیچ بەرپرسیارییەکان لەسەر شان بوو، نە خەمی بژێوییان هەبوو، ئاخر هەم خواردنیان لە کاتی خۆیدا بۆ دەهات و هەم ژیانیان پارێزراوبوو، بۆیە خۆیان بە پاشا دەزانی. کە شۆڕشگێڕان ناچاریان کردن بچنە دەرەوە، شەوێ نیوەیان گەڕانەوە بۆ باستیل، چونکە نەیاندەزانی لە کوێ بخەون. هەندێکیان تا زنجیر نەکرایەوە دەست و پێیان، ئەو شەوە خەو نەچووە چاویان، ئاخر وا ڕاهاتبوون بەدەم زڕەی زنجیرەوە بخەون.
تا ئایین مابێت ئینسان ئازاد نییە، ئاخر ئینسان دەکات بە کۆیلەی خۆی. تا سیاسەتکاران لەسەر چەوساندنەوەی ئینسان بەردەوام بن، کۆیلایەتی بەردەوام دەبێت. ڕەنگە بڕوات بە هیچ دینێک نەبێت، بەڵام ئەگەر لەبن هەژموونی ئایدۆلۆجیایەکدا بیت، تۆیش هەر کۆیلەیت، خۆ ئەوە لە خۆڕایی نییە، بە ئەندامی حیزب دەگوترێت کۆیلە. ئازادی ئەوەیە لە دۆخی عەقڵەوە کە ناوەڕۆکەکەی بریتییە لە دین و ئایدۆلۆجیا و دابونەریت، بپەڕیتەوە بۆ دۆخی ناعەقڵ. کە عەقڵت لەوانە بەتاڵ دەکەیەوە، هیچت لە کیس ناچێت، لە خۆڵ و خاشاک بەولاوە، کە تۆ بە هەڵە بە گەنجینەت زانیوە. خەڵک زەندەقیان لەوە چووە (هیچ) بن، پێیان باشە (شت) بن، هەرچەندە هیچ بین، باشترە لەوەی شت بین، ئاخر هیچ بە مانای ئازادی دێت، ئازادبوون لە دین و ئایدۆلۆجیا و ئاوەزی زاڵ.
کارما ئەوەیە، تۆ بە ئاگری هەڵەیەک دەسووتێیت کە لە ڕابردوودا، کەسێکی دیکە کردوویەتی، کەسێک هەڵگری گیانی تۆ بووە، ئێستا ئەو مردووە و تۆ هەڵگری گیانی ئەویت. واتا: تۆ کە ئێستا لە کوێرەوەریدا دەژیت، هەڵەی خۆت نییە، هەڵەیەکە لە ڕابردوودا ڕووی داوە، بۆیە تۆ ناتوانیت هیچ گۆڕانێک لە ئێستادا بکەیت، چونکە ئێستا زادەی ڕابردووە. کارما ئەفسانەیە، هەڵاتنە لە بەرپرسیاری، ئاخر ئەگەر پێت وابێت تۆ قوربانیت و باجی هەڵەی ڕابردوو دەدەیت، هیچ ناکەیت، هەر لە کوێرەوەریدا ژیان بەسەر دەبەیت و خۆت بەوە قایل دەکەیت کە دەسەڵاتی ئەوەت نییە ڕابردوو بگۆڕیت. ئەم وەهمە کاهین دایهێناوە، بۆ ئەوەی هەژاران ئەگەر لە برسانیشدا بمرن، هەر بە بەشی خۆیان قایل بن، لە واقیع یاخی نەبن و هەوڵی گۆڕینی نەدەن. کارما گەورەترین کۆسپە لەبەر هەڵگیرسانی شۆڕشدا، تا کارما چۆکی لەسەر هۆشی خەڵکی هیند دادابێت، شۆڕش ڕوو نادات.