ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
قەبزی بە شێوەیەکی گشتی واتە کەمتر لە سێ جار دانانی پیسایی لە حەفتەیەکدا یاخود بە زەحمەت دانانی پیسایی.
قەبزی گرفتێكی زۆر باوە، نزیكەی 80% خەڵك تووشی قەبزی دەبن لە كاتێكی دیاریكراوەی تەمەنیان. لای خۆمان، لە كوردستان، لێكۆڵینەوە كەمە، بەڵام لە وڵاتانی پێشكەوتوو لێكۆڵینەوە لەسەر قەبزی زۆرە و دەركەوتووە كە زیاتر لە 800 ملیۆن دۆلار خەرجی ساڵانەی دەرمانەكانی قەبزییە.
هەرچەندە ژمارەی چوونە سەرئاو لە كەسێك بۆ كەسێكی تر دەگۆڕێت، بگرە لە كاتێك بۆ كاتێكی تر لەهەمان كەسدا، بەڵام نزیكەی 95% لە كەسانی لەشساغ ڕێژەیەكی جێگیریان هەیە كە لە نێوان یەك بۆ سێ جار لە ڕۆژێكدا بۆ سێ جار لە هەفتەیەكدایە.
د. هەرمان سابر نانەكەلی پزیشكی پسپۆری نەشتەرگەری گشتی ڕوونیدەكاتەوە كە: كاتی قەبزی، چوونە سەرئاو یان كەمتر ڕوو دەدات یان ئەوەتە پیسایی ڕەق و وشكە و بە زەحمەت دەردەچێ. زۆربەی كاتەكان، قەبزی تایبەت نییە بە نەخۆشییەك یان بارێكی نەخوازراوی كۆئەندامی هەرس، بەڵكو، گرفتەكە (قەبزی)، هۆكارەكەی دەگەرێتەوە بۆ جۆری خواردن، شیوازی ژیانی مرۆڤەكان، بەكارهێنانی چەند جۆرێك دەرمان، یان چەند هۆكارێكی تر كە پیسایی ڕەق و توند دەكەن، یان كاردەكەنە سەر دەرچوونی پیسایی و زەحمەتی دەكەن.
د. هەرمان نانەكەلی ئاماژە بە هەندێك هۆكاری قەبزی دەكات كە بریتین لە:
*خواردنی كەم ڕیشاڵ (فایبەر) – مرۆڤ ڕۆژانە پێویستی بە 25 – 35 گرام لە ڕیشاڵ (فایبەر)، هەیە لە خواردنەكانیدا هەبێت، بۆ ئەوەی پیساییەكەی نەرم بێت وە یارمەتی بدات بۆ دەرچوونێكی تەندروست.
*كەم خواردنەوەی ئاو – بۆ ڕێگریكردن لە ڕەقبوون و ووشكبوونی پیسایی، ڕۆژانە پێویستمان بە لایەنی كەم 6 – 8 (ژەمە) ئاو خواردنەوە هەیە. هەر (ژەمە ئاوخواردنەوە)یەك دەكاتە بەرداغێك ئاو، شیر یان شەربەت، بەڵام دەتوانین ئاوی ناو میوە و سەوزەكانیش بژمێردرێ.
*كەم جوڵەیی لەبەرئەوەی جوولانەوە و وەرزشكردن پێویستە بۆ هاندانی كرژبوون و خاوبوونەوەی ماسولكەكانی دیواری ڕیخۆلەكان، بە پێچەوانەوە قەبزی زیاد دەكات.
*پشتگوێخستنی پێویستی چوونە سەرئاو – ئەگەر هەستت كرد كە پێویستە بچیتە سەرئاو و چوویت بۆ سەرئاو، ئەمە دەمارەكان و ماسوولكەكانی دیواری ڕیخۆلەكان هان دەدات بۆ یارمەتیدانی ئەم هەنگاوە. بەڵام هەندێك جار بە هۆی جەنجالی ژیان و سەرقالبوونمان بە كاری تر، یان بەهۆی نەبوونی شوێنی گونجاو بۆ ئەم مەبەستە، یان بەهۆی تەمبەڵییەوە، مرۆڤەكان ئەم هەستكردنە وەلاوە دەنێن. ئەگەر ئەم هەنگاوە دووبارە و سێبارە بكرێتەوە، ئەمە ئەگەری تووشبوون بە قەبزی زیاد دەكات.
*گەشت – گەشت تووشبوون بە قەبزی زیاد دەكات بە هۆی گۆڕینی خواردن، تێكچوونی كاتی نانخواردن و نەبوونی شوێنی گونجاو بۆ ئەم مەبەستە.
*زیاد بەكارهێنانی دەرمانی قەبزی – بەكارهێنانی دەرمانی قەبزی بۆ كاتێكی درێژ و بە شیوەیەكی بەردەوام وا دەكات كە ڕیخۆلەكانت لەسەر ئەم دەرمانانە رابێت و بە بێ ئەو دەرمانانە نەتوانرێ پرۆسەكە بەئەنجام بگات. لەكۆتادا وەك خووی لێ بێت، كە نەتوانرێ بەبێ ئەم دەرمانەنە بژیت.
*كاریگەری لاوەكیی دەرمانەكان – چەندان دەرمان هەن كە قەبزی دروست دەكەن.
*ژان یان ناڕەحەتی لە دەورووبەری كۆم و دەرچە – برینداربوون (ناسور) یان مایەسیری وا دەكات كە چوونە سەرئاو بەئازار بێت.
*هەندێك جاریش وایە كە قەبزی نیشانەی نەخۆشییەك بێت كە تووشی كۆئەندامی هەرس یان كۆئەندامی دەمار بووە. وەكو نەخۆشیی قۆلۆن (Irritable bowel syndrome) گیرانی ڕیخۆلەكان، گرێ یان شێرپەنجە لە قۆلۆن، تەمبەڵیی ڕژێنی دەرەقی، زیادبوونی ڕێژەی كالسیۆم لە خوێن، نەخۆشی پاركنسۆن و هیتر.
*هەروەها قەبزی لەوانەیە دەرئەنجامی هەندێك نەخۆشی بێت كە تایبەتن بە ژنان، وەكو دابەزین و فتقی منداڵدان، یان بەهۆی كرژبوونی نائاسایی ماسوولكەكانی حەوز.
كێ زیاتر تووشی قەبزی دەبێت؟ د. هەرمان سابر نانەكەلی لە وەڵامدا ئاماژە بەوە دەكات كە: قەبزی لە هەموو تەمەن و ڕەگەزێكدا هەیە، بەڵام بە شێوەیەكی بەرچاو پاش تەمەنی 65 ساڵی تووشبوون زیاد دكات، لە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێدا.

