رۆژنامەی ھەولێر

دەڵێی دەست بۆ پشکۆ دەبەم

حەمەسەعید حەسەن
سوپاس خودایە بە ژن نەتخوڵقاندم
لای ئایینی جوو، مەبەست لە پێوەندیی سێکسی لە نێوان نێر و مێدا، خستنەوەی وەچەیە، تا توخمی ئینسان هەر بەردەوام بێت. سەر زەوی شوێنێکی گونجاوە، بۆ ڕاپەڕاندنی ئەو ئەرکە پیرۆزە و بۆ درێژەدان بە هەبوونی خەڵک. ئەوە مافی ڕەوای ئینسانە، بۆ دابینکردنی بژێوی، سوود لە ماسیی زەریا، مەلی ئاسمان و زیندەوەری سەر زەوی وەربگرێت. بۆیە دەتوانین بڵێین، ئایینی جوو زێتر بایەخ بە ژیانی ئەم دنیا دەدات. بەگوێرەی گێڕانەوەی ئایینی موسا، سەرەتا ئادەم لە قوڕ چێ دەکرێت و دواتر لە کەپوویەوە هەناسەی ژیانی، واتا ڕۆحی بە بەردا دەکرێت. دواتر لە پەراسوویەکی ئادەم، ئێڤای مێ، بۆ هاودەمیی ئادەمی نێر دەخوڵقێنرێت، کەواتە هەر لە سەرەتاوە، ئێڤا بە ئێسک و بە گۆشت، قەرزداری ئادەم دەبێت. ئادەم و ئێڤا بە ڕووتوقووتی دەخوڵقێنرێن و هەر وایش دەژین، بێ ئەوەی شەرم لە یەکدی بکەن. هەنووکەیش لە ئەفریکا، هەندێک خێڵ، نزیکەی هەر بە ڕووتی، ژیان بەسەر دەبەن.

یەکەم گوناهی ئینسان، کە دەبێتە یەکەم یاخیبوونی ئینسان لە خودای مەزن، ئەوە دەبێت کە لە بەری درەختی زانینی خێر و شەڕ کە لێی حەرام کراوە، دەخوات. ئیدی لەو سۆنگەیەوە لە بەهەشت وەدەر دەنرێت. میڵتۆن کە شاعیرێکی گەورەی ئینگلیزە، لە داستانی (بەهەشتی لەدەستچوو)دا دەبێژێت: (ئینسان بۆیە دەمرێت، چونکە لە بەری کوشندەی ئەو درەختەی خواردووە، ئەوەیش کارەساتێکە بەرەو ڕووی هەموومان دەبێتەوە.) ڕەنگە کارەساتەکە ئەوە بێت، سزای ئەو یاخیبوونە لە خودا، مەرگی کوتوپڕ نییە، بەڵکوو ژیانێکی پڕ لە ڕەنجکێشان و ئازار و مەینەتییە.

چونکە بەگوێرەی ئەو گێڕانەوەیە، ئەو ژن بووە پیاوی فریو داوە لە بەری دارەکە بخوات، ئەوە بۆیە ژانی منداڵبوون، هێندە سەختە. لە هەمان گێڕانەوەدا (مار)یش هەیە، کە هەم ڕەمزە بۆ نەمری، ئاخر مار لەڕێی گۆڕینی کاژەوە درێژە بە ژیان دەدات، هەم ڕەمزیشە بۆ چووک و وا باوە، ئەوە مار بووە، ئینسانی فێری بە یەکگەییشتنی سێکسی کردووە. ئادەم و ئێڤا هەر کە لە بەری درەختەکەیان خواردووە، چاویان کراوەتەوە، هەستیان بەوە کردووە ڕووتن، بۆیە بە گەڵای داری هەنجیر خۆیان داپۆشیوە و لەوە بە دواوە، ئادەم تێگەییشتووە مێردی ئێڤایە، ئیدی لە گەڵیدا جووت بووە و نەوەیان خستووەتەوە.

(قال هي عصاي أتوكأ عليها وأهش بها على غنمي، ولي فيها مآرب أخرى. سوورەتی تەها ١٨) پەرجووی گەورەی مووسا لە عەسایەکەیدا بووە کە دەبوو بە مار، کەسێک مار پێوەی دابا، سەیری کردبا، چاک دەبووەوە، ئاوی لە زەویی ڕەق پەیدا دەکرد و توانای دوولەتکردنی زەریای سووریشی هەبوو. لە سەروەختی (حەزقیا) پاشادا، مار هێندە پیرۆز بوو، (بوغرد)یان بۆ دەسووتاند و لە تەوراتدا بایەخێکی زۆر بە مار دراوە کە وەک سیمبۆڵ بۆ چووک ناسراوە. خەتەنەکردنی نێر کە لای جوو هەیە، پێوەندیی بە پیرۆز سەیرکردنی ئەندامی نێرینەوە هەبووە، هەرچەندە خەتەنەکردنی نێر هێندە کۆنە، پێش ئەوەی چەقۆ داهاتبێت، هەبووە و ئەوسا پێیان وابووە، ئەو (بەرگە گۆشتینە) ڕێ لە بەردەم پێوەندیی سێکسیدا تەسک دەکاتەوە. جوو کوڕ لە تەمەنی هەشت ڕۆژیدا خەتەنە دەکەن، کریستیانیش لە هەمان تەمەندا، ناو لە منداڵ دەنێن. خەتەنەکردن لای جوو، ئاماژەیە بۆ بەستنی پەیمان لەگەڵ خودادا. (فتختنون فی لحم غرلتکم، فیکون علامە عهد بینی وبینکم.)

کتێبی پیرۆزی جوو، پێ لەسەر باوکسالاری و هەژموونی نێر دادەگرێت، بڕوای بەوە هەیە، ژن پلەیەک لە پیاو نزمترە، ژن موڵکی مێردە و لە تەلمووددا هاتووە کە پێویستە پیاوان شوکری خودا بکەن کە وەک مێ لە دایک نەبوون و ڕۆژانە لە کاتی نوێژکردندا، ئەم نزایە بڵێنەوە: (سوپاس ئەی خودای من کە بە ژن نەتخوڵقاندم.) پێویستە ژنانیش بە بەشی خۆیان قایل بن و بڵێن: (سوپاس ئەی خودای من کە بە پێی ویستی خۆت، منت خوڵقاند.) لای جوو بەختەوەر پیاوێکە، ژنێکی چاک، ئازا، شەرمن و بێدەنگی هەبێت، ژنێکی هێندە جوان کە وەک خۆر بدرەوشێتەوە. هەر بە گوێرەی تەلموود، ژنان زۆربڵێ و کەمعەقڵن و تەنیا بیر لە جوانیی خۆیان دەکەنەوە.