رۆژنامەی ھەولێر

ڕۆڵی ئافرەت و پێگەی بە هێزی لە ناو کۆمەڵگای کوردیدا

ئومێد گەیلانی
فەیلەسوف و ناودارەکان کە باس لە ئافرەت دەکەن بەم شێوەیە دێنەگۆ بۆ جوانی و ڕێزو شکۆی
ناپلیۆن پۆناپارت دەڵێت (ئافرەت بەدەستێکی لانکە و بەدەستێکی ھەمووجیھان ڕادەژەنێ)
ھەروەھا نوسەری ڕوسی سۆخۆملینسکی پسپۆڕی پەروەردە دەڵێت (ئافرەت لە پەروەردە کردنی خۆشەویستیدا ڕۆڵی گرنگ دەبینێت وە ئافرەت نەک هەر تەنها دایکی مناڵە بەڵکو پیاویش پەروەردە دەکات)ھەروەھا دەڵێ (ئەوە ژنی ئازا و بەھێز و دڵسۆزە کە پیاوی ئازا و بەھێز دەخوڵقێنێت)
کورد دەڵێ ئافرەتی باش وەک خاکی باش وایە منداڵی باش بەر‌هەم دێنێ، پێغەمبەر (د.خ) دەفەرمووێت باشترین و چاکترین لە ئێوە ئەوانەن کە لەگەڵ خاتوونەکانتان باشن و منیش لە هەمووتان باشترم بۆیان. خودای گەورە مرۆڤی دروست کردووە بێ جیاوازی ڕەنگ و زمان و نەتەوە دەتوانین بڵێین ئافرەتان گەوھەرێکی خودایین لەسەر زەوی ھەربۆیە خودای گەورە بەھەشتی لەژێر پێی دایکان داناوە، ھەروەھا لە ئاینی ئیسلامدا بەگەورەیی باسی ئافرەت کراوە و دوو سوڕەت بەناوی ئافرەتان دابەزیوە لە وانە سوڕەتی (مریم ــ نسا) ھەروەھا داوا دەکات ڕێزی ئافرەتان بگرن پیاوانیش ئاگادار دەکاتەوە کە ئافرەتان ئەمانەتن و دەبێت بەجوانترین شێوە ماماڵەیان لەگەڵ بکرێ و بیان پارێزن.
تابلۆی کۆمەڵگای کوردی بە شێوەیەکی ئاڵۆزو یەکگرتوو بە بنەماڵە بەستراوە کە وەک دیواری بنیاتنانی بنەڕەتی کولتوری کوردی خۆی نیشان ئەدات.
پەیوەندییە خێزانییەکان بە شێوەیەکی باوەڕپێنەکراو بەهێزن لە چاو زۆرێک لە میللەتانی تر، زۆرجار چەندین نەوەی لە خۆدەگرت کە لە نزیکەوە دەژین یان پەیوەندییەکی بەردەوامیان هەیە، ئەم شێوازە ژیان کردن و پێکەوەبوونە لە خێزان سیستەمێکی پشتیوانی بەهێز دروست دەکات، بە جۆرێک دەتوانین بڵێین سەقامگیری سۆزداری و کۆمەڵایەتی و ئابووری بۆ ئەندامەکانی دابین دەکات، زۆرجار بڕیارەکان بە ڕاوێژکردن و بەکۆمەڵ دەدرێن، گەورەکان ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕن لە ڕێنماییکردن و ئاراستە کردنی خێزان و بەرزڕاگرتنی بەها نەریتییەکان.
لەناو پێکهاتەی بنەماڵەی کوردیدا، ئافرەتان لە مێژوودا ڕۆڵێکی گرنگ و فرەلایەنیان هەبووە، ئەوە لە کاتێکدایە کە ڕۆڵی ڕەگەزی مێینە زۆرجار بەرپرسیارێتی سەرەتایی لە ئەرکەکانی ناوماڵ و چاودێری منداڵدا بە ئافرەتان دەسپێردرا، لێ ئافرەتان زۆرجار ئەو بازنەیان تێپەڕاندوە و هێزی ژیری و بوێری خۆیان نیشان داوە نمونەی خانزادی سۆران و حەفسەخانی نەقیب و لەیلا قاسم و مارگرێتی پێشمەرگەو ئەو دایک و خاتونە کوردانەی ئێمە کاتێک وەک قەڵا لە پشت پیاوەکانیان بوون بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە شۆڕش و وڵات پارێزی، لە لایەکی ترەوە ئافرەتانی کورد بەشدارێکی چالاک بوون لە هێزی کاردا، بەتایبەتی لە بواری کشتوکاڵ و پیشەسازی دەستیدا. بەشدارییەکانیان بۆ خۆشگوزەرانی ئابووری خێزانەکانیان زۆر گرنگ بووە.
بەڵام ئەزموونی ئافرەتانی کورد بەپێی فاکتەری وەک شوێنی جوگرافی، باری ئابووری و کۆمەڵایەتی و بیروباوەڕی ئایینی بەشێوەیەکی بەرچاو دەگۆڕێت، لە هەندێک ناوچەدا ئافرەتان بەهرەمەندن لە سەربەخۆیی و دەرفەتی زیاتریان بۆ خوێندن هەیە، لەکاتێکدا لە هەندێک ناوچەی تردا بەهۆی نۆرمەکانی پیاوسالاری و چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگاوە ڕووبەڕووی سنووردارکردنیان دەبنەوە واتە نابێت زۆر دەرکەون و بەرچاوبن، سەرەڕای ئەم تەحەددایانە ئافرەتانی کورد بەردەوام خۆڕاگری و هێز و ئیرادەیان بۆ باشترکردنی ژیانی خۆیان و ژیانی دەوروبەریان نیشانداوە.
سەرۆک بارزانی لە دهۆکی ڕەنگین کاتێک قسەی بۆ ئافرەتانی دهۆک دەکرد فەرمووی جگە لە خوای گەورە ئێمە خۆمان بۆ کەس ناچەمێنین، لێ بۆ دایکی شەهیدان و خانەوادەی سەربەرزیان دە جار خۆمان دەچەمێنین، هەروەها گوتی بە درێژایی مێژوو لە شۆڕشی ئەیلول و گوڵان و تا ئێستاش ئافرەت دایک و باوک و مامۆستاو جوتیار بووە.
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە قسەیەکی بارزانی باوک کرد لە کۆبوونەوەیەک فەرمووبووی ئەو ئافرەتانەی نان دەکەن بۆ پێشمەرگە ئەوانە پێشمەرگەی ڕاستەقینەن، چونکە ئەگەر ئەو ئافرەتانە نەبن پێشمەرگە خۆی لە بەرەکانی جەنگ ناگرێ.
سەرۆک بارزانی نمونەی هەندێ لە شێرەژن ‌هێنایەوە کە ڕۆڵەی قارەمانیان پەروەردە کرد و شەهید بوون لە پێناو خاکی پیرۆزی کوردسان وەک دایکە عائیشەو دایکە حەلیمەو نمونەی دەیان دایکی تر.
شایەنی باسە ئافرەتانی کوردستان ڕۆڵی کاریگەریان هەیە لە پیگە حزبی و حکومی و ڕیکخراوەییەکانی هەرێمی کوردستان خزمەت دەکەن.
شانازییە بۆ ئافرەتانی کوردستان لەم خولەو خولەکانی تری پەرلەمان کاندیدە خاتونەکان ڕێژەی تەواوی دەنگیان هێناو سەرکەوتن و بونە ئەندام پەرلەمانی کوردستان و عیراق، لەوێ دەبنە بەرگریکاری مافی ئافرەتانی کوردستان و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان.