رۆژنامەی ھەولێر

هێشـــــتاش درەنگ نییـــــــــە!

خوسره‌و جاف
ئەکپاتانا پایتەختی دەستەڵاتی “ماد” بووە، “هیرۆدۆت” مێژوونووسی یۆنانی پێش زایین دەربارەی ئەکپاتانا دەڵێت:” ئەو شارە حەوت شوورەی بەدەوردا ھەبووە،‌ ھەر شوورەیەکی بە ڕەنگێک و نێوانییان چەندان گالیسکەی جەنگی بووە شانبەشان توانیویانە پڕتاو بڕۆن. کۆشکی شا و دەستەڵات لە چەقی شاردا بوونە و بە دەوریدا کۆشک و ساختمانی جۆراوجۆر بنیاد نراون. میللەتی ماد نزیکەی پێنسەد ساڵ ژێردەستەی دەستەڵاتی ئاشوورییەکان بوونە، سەرەنجام دەستەڵاتی ئاشوور لەلایەن لەشکری داخ لە دڵی مادەوە لەناو برا، شاری نەینەوای پایتەختی ئاشوور نەک تەنھا سووتێنرا، بەڵکوو داری بەسەر بەردەوە نەما و کرایە تەپۆڵکەیەکی گەورە.
دەمارگرژە فارسەکان لە زەمانی محەمەدڕەزا شای دەرکراودا، کە جەژنی دووھەزاروپێنسەد ساڵەیان دەگرت، سەدوھەشتا ساڵی دەستەڵاتی مادیان لەسەر مێژووی ئێران ئەژمار نەکرد و برادەرانی ئێستای ئێرانیش ھەروەک ئەوان تێدەفکرن و بە ھیچ جۆرێک مەلەفی دەستەڵاتی ماد ناخەنە ڕوو، ئەو پشتگوێخستنە ناتوانێ ڕوخسار و ڕووی ھەقیقەتی مێژوو داپۆشی. لێرەولەوێ ئاسەوارەکانیان ماون.
زانستی میعماری زنجیریەکە پەیوەندە بە یەکەوە، چاتمەیەک لەپڕ پێک نەھاتووە ئەو چاتمەیە زادەی فکری خێزانێکی میعمارییە و بەپێی قۆناغی جۆراوجۆر گەیشتووەتە ئێستا، گوڵتە و پایە بنەماڵەیەکی ڕیشووداری دنیای میعمارییە، وردەکارییەکانی تەلارسازیی ئەوانیش پەیوەندی بە ڕابردووەوە ھەیە بە گوێرەی ژینگەی وڵاتان گۆڕاوە تا گەیشتووەتە ئێستا.
ئەوە حاشاھەڵنەگرە ھیچ شێوە و شەمایلێکی میعماری لەپڕ پێک نەھاتووە و وەک ڕابردوو ڕەچەڵەکی تایفەکانی مرۆڤە. ئەگەر جیاوازیی لەنێواندا دەبینرێت ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ھۆکاری ژینگە و کەرەستەی خۆماڵی، دەمەوێ ئەوە بڵێم: ئەوەی مەحاڵە کۆشکەکانی (پرسپۆلیس)، کە لە سەردەمی کۆرش و خشاپارشادا دروست کراون، زادەی فیکر و ھونەری دەستەڵاتی سی چل ساڵی دەستەڵاتی دەوڵەتی ھەخامنشیان بن، ئەگەر سەدوھەشتا ساڵ دەستەڵاتی ماد و کارە میعمارییەکانی ئەوان نەبووایە مەحاڵە (پرسپۆلیس) دروست کرابا.
دەی ئەوە زانراوە، مێژوو دەستنووسی دەستەڵاتدارانە، ئێمەیش ئەوە ٢٥٠٠ ساڵە بێدەستەڵاتین و پەیڕەوی پایتەختە بیانییەکانین و ئەوانیش لە وژدانەوە دوورن. میعماری و گەشەکردنی دنیای میعماری ئەوسا و ئێستا و بۆ ھەمیشەش پەیوەندە لەگەڵ دەستەڵاتدا، مەحاڵە میللەتێک بووبێتە خاوەن شێوەیەک میعماری ئەگەر لە دەستەڵاتی خۆیەوە بەدەر بێت. ئەوە دەستەڵات و دارایی دەوڵەتەکانە بیر لە سازندەگی و تەلارسازی شکۆمەندی کۆشک و کاخ و قسوور کردووەتەوە، لەبەر ھەیبەت و ترس و تۆقیانیش بووە ملهوڕەکانی مێژوو دەستیان داوەتە تەلارسازی، ئێستایش دەوڵەت و دەستەڵاتی ئێرە و ئەوێ، ئەگەر ئابوورییەکی جێگیر و دەستەڵاتێکی پتەو و دامەزراویان نەبێت مەحاڵە بتوانن بیر لە بواری تەلارسازی بکەنەوە. ئەوە هاوکێشە و موعادەلەیەکی ناسراوە، پێشکەوتنی تەلارسازی پەیوەندە لەگەڵ ئابووری و ئاسایش و ئەکادیمیەتدا.
ئێمەی کورد لە چوار تەنیشتێکدا دەژین، سێ میللەتی داگیرکەر وڵاتەکەمانیان داگیر کردووە بە ئەوپەڕی توانایانەوە ئەوە بۆ ھەزار ساڵ زۆرتر و بڕێکیان لە دوو ھەزار ساڵیش بەسەرەوە لە تەقەڵای لەناوبردنی زمانەکەشماندا بوون، ئیتر بێ ڕەحمانە کۆشاون بۆ لەناوبردنمان، خۆشبەختانە زمانەکەمان ھێندە بەھێز و پتەوە نەیانتوانی وەک شتی تر قووتی بدەن.
قوتابخانەی میعماری ئیسلامی شکڵ و شەمایلی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا بەدی دەکرێ و ناسراوە. لە بیرمە کۆڕێکم لە مەجمەعی عێراقی گرد دەربارەی (بنەماڵە میعمارییەکانی جیھان)، کە ھاتمە سەر بنەماڵەی میعماری ئیسلامی لە گفتوگۆدا تووشی گرفت و تۆمەت ھاتم، کە بۆ نەموتووە بنەماڵەی میعماری عەرەبی ئیسلامی و تەنھا وتوومە بنەماڵەی میعماری ئیسلامی. ھەتاوەکوو یەکێک لە سەرۆک زانکۆکان بە ئاڵۆزییەوە وتی: من لەوە دڵنیام تۆ (شعووبی)ت لەو سەردەمانەیدا شوعوبیەت تۆمەتێکی گەورە بوو، منیش بۆ ئەوەی گاڵتەی پێ بگرێ وەڵامم دایەوە: دکتۆر تۆ بە ھەڵەدا ڕۆیشتووی، من نەک تەنھا شعووبی بم، بەداخەوە سونی مەزھەبم، حەزم دەکرد شیعەیش بامە.
ھۆڵەکە بوویە قاقای پێکەنین، کابرا کەوتە تەنگەبەرییەوە و نەڕاندی و وتی: سوورم لەسەر ئەوە کە شعووبیت!
بەندەیش نەمدەویست وردەکاری مێژووی میعماری ئیسلامی ڕوونکەمەوە، ئاخری ڕووم کردە كابرا و پێم وت: مادام وای لێ ھات، گوێم لێ بگرە…
من وەڵامەکەت بە پرسیارێک دەدەمەوە: ئایا سەرەتای میعماری ئیسلامی لە یەکەمین مزگەوتەوە دەستی پێ نەکردووە؟
وتی: بەڵێ:
وتم: یەکەمین مزگەوت دیوارەکانی لە قووڕ بووە و بنمیچەکەیشی لە سەعفی دارخورما بووە، ھەر لەو سەردەمەیدا دوو بنەماڵەی میعماری پڕ لە زەرافەت لە چەپ و ڕاستی جەزیرەتولعارەبدا شانازییان دەفرۆشتە بینەریان.
یەکەمیان بنەماڵەی میعماری ساسانی.
دووھەمیان بنەماڵەی میعماری بێزەنتی.
ھەستە بڕۆ سەر بانی ئەم ساختمانە و بنواڕە!لە باشووری بەغدایدا بەناوبانگترین تاقی دنیا بە چاو دەیبنی ئەوە پاشماوەی شاری (تیسفون)ـە ناسراو بە تاقی کیسرا.
مزگەوتی ئێستای ئیسلام لە دوو شت پێک ھاتووە (تاق و پایە) تاقی سەردەمی ساسانییەکان و پایە و گوڵتەی میعماری بێزەنتە.
لەگەڵ ئاوا دەمارگرژیەکدا میللەتە مەزڵوومەکان ژێردەستی ئەقڵیەتی وابێ مەعریفەت ئەوزەڵکردنی مەرجەکانی ژیان مەحاڵە تا بگاتە میعماری و ھونەر و چڵ و لکەکانیدا.
ئێمەی کورد لە دەستەڵاتەوە دوور بووینە و ئابووریمان پەیوەست بووە بە پایتەختی داگیرکەرانمانەوە بووە بە قنیات (لێرەیەک یان تمەنێک، یان دینارێک) تەرخانکراوە بۆ ئاوەدانی وڵاتەکەمان و بە پێچەوانەوە وەکوو مانگایەکی شیردەر ھەمیشە وڵاتەکەمانیان دۆشیوە، ئیدی لە کوێنەوە دەبینە خاوەنی میعماری؟
ڕەنگە یەکێک بڵێ چۆن میعماریمان نییە، ئەوە ساختمانەکانی ناو قەڵای ھەولێر نییە؟ ئەوە ساختمانەکانی شاری سنە نییە؟ ئەوە چەندان ساختمانی جۆراوجۆر لە کوردستانی باکووردا نین؟
ئەو پرسیارە بەجێیە… من باسی ساختمانێک ناکەم وەکوو چێشتی مجێور وایە دەر و دیواری ھی میعماری عوسمانییە و سەقف و موقەرنەسەکانی ھی میعماری ئێرانییە، پایە و ڕوخساری ھی میعماری ئیسلامییە، ئەوە ئێرە.
لە باکووردا میعماری عوسمانی ئەبعادەکانی ناسراوە و بە ھەر کویەکیدا بنواڕی شکڵ و شەمایلی دەمی (سینان)ی تەلارسازی عوسمانی پێوە دیارە، شاری سنە و ساختمانە مێژوویەکانی بەشێکە لە میعماری سەردەمی قاجاری و سەفەوی. ئەمە ئەوە ناگەیەنێت ئێمەی کورد وەک گەلانی تر تەماحگیری شێوەی تایبەتمەندی تەلارسازی خۆمان نەبین.
میللەتانی پێشکەوتووی دنیای میعماری لە ھیچەوە دەستیان پێکردووە و بوون بە خاوەنی تەلارسازی خۆیان. بەندە دە ساڵ لەمەوبەر کردمە بانگەواز بۆ دەوڵەت و دەستەڵات تا شەقامێک لەناو شاری ھەولێردا تەرخان کرێت بۆ بەدیھێنانی میعماری نەتەوایەتیمان، بەپێی مەرجەکانی چاوساغانی دنیای میعماری چەند مەرجێک تەرخان کرێت بۆ ئەو شەقامە بە گوێرەی ئەو مەرجانە لەوێڕا ساختمان دروست بکرێت… ھەوڵم زۆردا، دەستەڵات گوێی لێ نەگرتم، ئێستایش زۆر درەنگ نییە و دەتوانین لە سبەینێوە دەست پێ بکەن. میللەتانی دنیا بەم قۆناغی ئێمەدا گوزەراون ھەتا وەکوو چاوساغیان لە دەرەوەی وڵاتی خۆیانەوە ھێناوە و بەپێی بەرنامەیەکی لە یەکدراوە بەردیان لەسەر بەرد داناوە و گەیشتوونەتە شێوەی میعماریی خۆیان.
جا خوێنەری بەڕێز: ئێمەی کورد لە ھیچ میللەتێکی دەوروبەرمان کەمتر نین (ئەگەر لێھاتووترنەبین) ئەم تەماحە نەتەوایەتییە وەک زۆر شتی دابەش نەبێتە سەر حزبەکاندا با پێکەوە تێکڕا بۆی بکۆشین دوور لە حزبایەتی و دوور لە شارچییەتی و زۆر چێتی تر، با بکەوینە بەرد لەسەر بەرد دانان تا دەگەینە قۆناغی پڕ لە زەرافەتی تەلارسازیی خۆمان. (ھەی ھاوار) دەستەڵات و حزبەکان ھیچ کامیان گوێ لە ئاوا بانگەوازێک ھەر ناگرن… با نەیگرن. بەندە ئەوەی پێم بکرێ، دەیکەم. ئەوەی پێم بوەترێ دەیڵێم، دڵنیام لەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان ئاوا بانگەوازێک دەکرێتە سەرچاوە، کەیە؟ نازانم! بەڵام ئەوەی دەزانم میللەتەکەم میللەتێکی زیندووە و ھۆشیارە، جا درەنگ و زووی ھەیە، ئێمەی کورد ھەر دەبێ ببینە خاوەنی تەلارسازی تایبەتمەندی خۆمان… ئەمڕۆ نا… سبەی.