رۆژنامەی ھەولێر

دەڵێی دەست بۆ پشکۆ دەبەم

حەمەسەعید حەسەن
نووسەری سەرچڵ
بەوەی باشە، ئینسان بڕوای وایە، خوا فەرمانڕەوایەکی دادپەروەرە، ئەگەرنا سڵی لە ستەمکاری نەدەکردەوە. ئەوانەی ستەم لەم و لەو دەکەن و ژیانیان بە فڕوفێڵ و گەندەڵکارییەوە بەندە، با حەچ و عەمرەیشیان کردبێت، با نوێژێکیشیان نەچووبێت، با خۆیان وەک بڕواداریش نمایش بکەن و قورئانیشیان خەتم کردبێت، خەڵکانێکن خۆیان فریو دەدەن، ئاخر ڕاستییەکەی نە بڕوایان بە خوا هەیە، نە بە زیندووبوونەوە و نە بە بەهەشت، ئەگەرنا لە سزای خوای دادپەروەر دەترسان و خۆیان چاک دەکرد. ڕەنگە شوێنێک بە ناوی بەهەشتەوە لە هیچ کوێ نەبێت، بەڵام بێ گومان لە ناخی خۆماندا هەیە، ئەگەر ویژدانێکی زیندوومان هەبێت و ستەم لە کەس نەکەین.

ئەوە گرنگ نییە بژین، ئاخر ڕەنگە بژین و هیچ لەبارەی مانا و بایەخی ژیانەوە نەزانین و هەرگیز ئەم پرسیارەمان لە خۆمان نەکردبێت: بۆچی دەژین؟ هەموومان خەون بە بەختەوەرییەوە دەبینین، بەڵام بەدەگمەن، یەکێکمان تێدا هەڵدەکەوێت، شتێک لەبارەی ڕێساکانی بەختیارییەوە بزانێت، ئاخر مرۆڤایەتی لە کەمینەیەکی خەمبار و لە مێگەلێکی (بەختەوەر) پێک هاتووە. لای پروودۆن (١٨٠٩ – ١٨٦٥) بەختەوەری ئەوەبوو، ئینسان خۆی نەداتە دەست قەدەر و لای مارکس (١٨١٨ – ١٨٨٣)یش بەشداریکردن بوو لە هەوڵی گۆڕینی دنیادا.

ئەگەر خۆمان پێ شۆڕشگێڕێکی عەیار بیستوچوار بێت، لەگەڵ ئەو باوەڕدارانەدا کە هەمیشە خۆیان پێ لەسەر هەقە، جیاوازییەکی ئەوتۆمان نابێت. باوەڕدار پێی وایە، لەڕێی ئایینەوە بە بەهەشت شاد دەبێت، شۆڕشگێڕی توندڕۆیش وای بۆ دەچێت، بە هۆی ئایدۆلۆجیاوە بەهەشتێک ڕۆ دەنێت، لەم بوارەدا، بە چاوپۆشین لە ڕێبازیان، هەردووکیان ئایدیالیستن، کەسیان مەتریالیست نین. ئیرەیی بە ئادەم دەبەم، کە زیندوو دەبێتەوە، بۆ بەهەشت، بۆ نیشتمانی دێرینی دەگەڕێتەوە، ئێمە ئەگەر بەهەشتیشمان بە نسیب ببێت، نیشتمانی خۆمان، کە بێ شک لە بەهەشت خۆشترە، لە کیس دەچێت.

بۆ ئەوەی بڕوامان بە یوتۆپیا هەبێت، پێویستمان بە بڕێک لە ساویلکەیی هەیە، ئەگەرنا دەبێت خۆمان لە گێلی بدەین. ئەم ساویلکەیی و خۆ گێلکردنە، بۆ ئەدەبی کۆمێدیایش کە لە (تەوس)دا خۆیان نمایش دەکەن، هێندە پێویستن، ڕەنگە بێ ئەو دوو ڕەگەزە، لە دایک نەبێت. وەک چۆن بۆ گەیشتن بە بەهەشتی خوایی پێویستمان بەوە هەیە، قوربانی بە خۆشیی دنیایی بدەین، ئەو بەهەشتەیش کە قەرارە لەڕێی ئایدۆلۆجیاوە ڕۆی بنێین، بێ قوربانیدان پێی ناگەین! هەموو جیاوازییەکانی نێوان نەفسبەرزی و نەفسنزمی لەوەدا چڕ دەبنەوە، نەفسبەرز کەسێکە قوربانیدەر، بەڵام نەفسنزم کەسێکی خۆپەرستە، ئیدی ئامانج بەهەشتی ئەو دنیا بێت، یان هی ئەم دنیا. مەسیح لە کوێ کە گیانی خۆی بەخت کرد و ئەوانە لە کوێ کە بازرگانی بە ئایینەوە دەکەن؟

ئەوانەی کێشەیان هەیە و دەیشارنەوە، مەترسییان بۆ سەر کۆمەڵ هەیە، ئاخر کێشەکەیان دەبێتە سەرچاوەی وزەیان و لەناکاو ئەو وزەیە، خراپ وەگەڕ دەخەن، تەواو وەک گوشار کە تەقینەوەی بە دوادا دێت. ئەوانەیشی هەستێکی وایان لەکن دروست دەبێت، کە فەرامۆش کراون، مافی خۆیان وەک پێویست پێ ڕەوا نەبینراوە، یان سووکایەتییان پێ کراوە، قینێک لە بنی ڕۆحیاندا کۆ دەبێتەوە، بۆ تۆڵەسەندنەوە و تێکدان هانیان دەدات.

ڕەنگە ڕق هەندێک جار بۆ نووسەر ئیلهامبەخش بێت، بەڵام پاڵنەرێکی پۆخڵە و نابێتە هەوێنی بەرهەمهێنانی دەقێکی جوان و ئینسانی و نەمر. (من بە هۆی بیرکردنەوەوە، تۆڵە دەکەمەوە.) ئەوە کارەساتە نووسەر خۆی بخزێنێتە ئەو گۆشە تەنگ و تاریکەوە و لە هەوڵی ئەوەدا بێت، توانای داهێنانی بۆ شاردنەوەی هەستی ڕەشی تەرخان بکات. ئەوە مافی نووسەرە، بڕێک کەڕەت ڕەق و زبر بنووسێت، بەڵام لە پێناوی سەرخستنی بەها جوانەکاندا، نەک بە مەبەستی پاکژکردنەوەی حیساب لەگەڵ نەیارانیدا و بۆ تۆڵەسەندنەوە لەم و لەو. ئەو نووسەرانەم خۆش دەوێت، کە لە نێوان سەرکزی و سەرچڵیدا، دووەمیان هەڵدەبژێرن، بەڵام لە ‌هەڵچوونیشدا توانای جواننووسین لە دەست نادەن.