ئەمڕۆ شەممە، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئامادەکارییەکان بۆ تیروپشکەکە کۆتایی هاتوون.
کاروان ستوونی ئاماژەی بەوەدا کە ئەمساڵ بۆ یەکەمجار پرۆسەی ناوتۆمارکردن بۆ حەج بە شێوەی ئەلیکترۆنی بەڕێوەچووە. بەهۆی نوێبوونی سیستمەکە و پێویستی بە وردبینی و پێداچوونەوەی ناوەکان، پرۆسەکە ماوەیەکی زیاتری خایاندووە و بەو هۆیەوە تیروپشکەکە کەمێک دواکەوتووە.
گوتەبێژی حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: 89 هەزار کەس ناویان بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجی ساڵی 2026 تۆمارکردووە. بەهۆی زۆری خواست، مەرجێکی نوێ زیادکراوە کە ئەگەر کەسێک پێشتر فەریزەی حەجی ئەنجامدابێت، ناوی ناچێتە نێو تیروپشکەکەوە. بەم هۆیەشەوە، هەزاران ناو دەرهێنراون و دوورخراونەتەوە.
ڕۆڵی حکوومەتی هەرێم لە ئاسانکاریکردنی پرۆسەی حەج
کاروان ستوونی ستایشی هەوڵەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی پرۆسەی ناوتۆمارکردن بۆ حەج. ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە ئەم هەنگاوە هاوکارییەکی باشی هاووڵاتییانی کردووە و بارگرانی کەمکردووەتەوە، چونکە لەم سیستمەدا ناوتۆمارکردن بێبەرامبەرە.
پێشتر، هەرکەسێک ناوی بۆ حەج تۆمار بکردایە، دەبوو بڕی 50 هەزار دینار بدات، کە دواتر ئەم بڕە بۆ 25 هەزار دینار کەمکرایەوە. ئەمەش جێبەجێکردنی یەکێک بوو لە هێڵە گشتییەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە بریتییە لە کەمکردنەوەی ڕۆتین لە ڕێگەی بە ئەلیکترۆنیکردنی کارەکان.

