ئومێد ئەحمەد محەمەد
ڕۆڵی ئافرەت لە ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکان بنەمای پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگایەک دەردەخات، و ئافرەت دەتوانێت نیشانی بدات کە توانای کار و بەرزکردنەوەی ئاستی پیشەیی هەیە، وەک مامۆستا، دکتۆر، بازرگان، یان لە ڕێکخراوی فەرمی. ئافرەت دەتوانێت چالاکییەکانی بە شێوەیەکی بەرز و ئاسایی جێبەجێ بکات، ئەمەش خزمەت بە کۆمەڵگا دەکات.
بۆ ئەمەش، یەکسانی یەکێکە لە گرنگترین بنەما سەرەکییە دەستوورییەکان کە هەموو ماف و ئازادییە گشتییەکانی لەسەر بەندە، لە نێوانیشیاندا مافی سیاسی. پاراستنی پێگەی ئافرەت شوێنی باڵا و ووردتری هەیە لە پێدانی مافەکانی. دەتوانین بڵێین کێشەکانی ئافرەت تایبەت نییە بە کۆمەڵگای کوردستان، بەڵکو لە زۆربەی وڵاتان جیاوازی دەکرێت بە بەراورد بە ڕەگەزی بەرامبەر. بۆ نموونە، لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا حەقدەستی کارکردن —کە یەکێکە لە مافە سەرەتاییەکان— جیاوازە لە نێوان نێر و مێدا، بەتایبەتی لە پیشە تەکنەلۆژییەکان.
بۆیە پێویستە درک بەوە بکەین ڕۆڵی ئافرەت لە ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکان نەک تەنها نیشانەی توانای فیکری و کاری ئافرەتە، بەڵکو پشتیوانییەکی گرنگە بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگا. لە هەمان کاتدا خزمەتێکی تایبەت بە هەموو ئەندامەکانی کۆمەڵگا دەکات.
لە کوردستانیشدا ڕۆڵی ئافرەت لە ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکان بە شێوەیەکی جیاواز و پڕ ڕوونی دەبینرێت. ئافرەت بە بەشێک لە قەوارەی سەرجەم کۆمەڵگا دەژمێردرێت، ڕۆڵێکی هەستیاری پێ بەخشراوە وەک بکەرێکی چاڵاک و زیندوو لە ڕووی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی، هەم لە ڕووی پیشەیی و سیاسییەوە. دەتوانین بڵێین ئافرەت ڕۆحێکی زیندووی نێو کارەکان و بەردەوامیدانە. ئەم زیندوێتییەش ورەی بەرز و بەهێزی ئافرەت بە درێژایی ڕەوتی ژیان، لە گشت قۆناغەکانی پانتایی ژیاندا ڕەنگ دەداتەوە و کاریگەرییەکانی ون نابن.
بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی تەندروست و خاوەن ڕوانگە و خەونی جوان، بنەمای شکۆمەندین. ئەم هاوکێشەیەش دەریدەخات ڕۆڵی ئافرەت گەورە و بایەخدار و نکۆڵی لێ نەکراوە، و هیچ کۆمەڵگایەک ناتوانێت بەنادیدەگرتنی ڕۆڵ و پشتیوانی کۆمەڵایەتی و مەعنەوی ئافرەت، قۆناغەکانی پێشکەوتن و پەڕینەوە بۆ قۆناغێکی باشتر و باڵاتر ئیدیعای کامڵبوون بکات.

