د. ئەیوب ساڵحی
قۆناغی منداڵی بە قۆناغێکی زۆر گرنگ دادەنرێت لە پێکهێنانی کەسایەتیی تاکدا، چونکە یەکەم تۆمی کەسایەتیی تێدا دەچێنرێت. لەسەر بنەمای ئەوەی لە قۆناغی منداڵیدا وەری دەگرێت، چوارچێوەی کەسایەتیی دیاری دەکرێت. ئەگەر ئەو ئەزموونانە، ئاسایی و دڵخۆشکەر و گونجاو بن، وەک مرۆڤێکی ئاسایی گەورە دەبێت و، ئەگەر ئەزموونەکان بەئازار و تاڵ بن، ئەوا شوێنەواری زیانۆک بەسەر کەسایەتییەکەیەوە بەجێ دەهێڵن. ئەزموونەکانی منداڵی ڕەگی خۆیان قووڵ لە کەسایەتیی تاکدا دادەکوتن؛ منداڵ بوونەوەرێکە هێشتا توانای داڕشتن و پێگەیاندنی هەیە.
بۆیە، پێویستە گرنگییەکی تایبەت بەم قۆناغە بدرێت، ژینگەیەکی تەندروست بۆ منداڵ دابین بکرێت و چاودێریی دەروونیی پێویستی پێشکەش بکرێت. هەروەها کار بکرێت بۆ تێرکردنی پێداویستییەکانی و پاراستنی لە دڵەڕاوکێ، نیگەرانی، ترس، ئیرەیی، تووڕەیی و هەستکردن بە نائارامی. دەبێت مامەڵەیەکی باشی لەگەڵدا بکرێت لەسەر بنەمای تێگەیشتنێکی قووڵ لە پاڵنەر، هەست و سۆزەکانی. دیارە پرۆسەی پەروەردەکردنی منداڵان کارێکی ئاسان و سادە نییە، بەڵکو پرۆسەیەکە پێویستی بە وشیارییەکی زۆری دەروونی و پەروەردەیی هەیە لەلایەن دایکان و باوکان و مامۆستایان و گەورەکان بە گشتی. تایبەتمەندییەکانی کەسایەتیی تاک لەلایەن ئەزموونەکانی منداڵییەوە دیاری دەکرێن، کە شێوازی مامەڵەکردن و تەنانەت بارودۆخی ژینگەیی دەوروبەریش دەگرێتەوە. لەسەر ئەم بنەمایە، پێویستە گرنگی بەم قۆناغە بدرێت بۆ بەدەستهێنانی گونجانی تاک لە داهاتوودا لەگەڵ خۆی و کۆمەڵگاکەیدا. بۆ مسۆگەرکردنی ئەمەش، چەند خاڵێکی زۆر گرنگ خراونەتە ڕوو، کە ئەمانەن:
1. دابینکردنی ژینگەیەکی تەندروست بۆ منداڵ؛
2. پێویستیی تێرکردنی پێداویستییە دەروونییە بنەڕەتییەکانی گەشە؛
3. مامەڵەکردنی باش لەگەڵ منداڵدا.
لەم بارەیەوە، شانتز (١٩٧٥، Shantz) ئاماژە بەوە دەکات کە تێگەیشتنی کۆمەڵایەتیی منداڵان بریتییە لە ئاستی تێگەیشتنیان لە کەسانی تر و، چۆنیەتیی تێگەیشتنیان لە بیرۆکە، مەبەست، جووڵە و بۆچوونەکانی ئەوانی تر.
ئەو پێی وایە کە ئەم تێگەیشتنانە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دیاری دەکەن کە منداڵان چۆن کارلێک لەگەڵ کەسانی تردا دەکەن. لەوەی شانتز دەیڵێت، دەردەچێت کە سروشتی تێگەیشتنی منداڵ بۆ کەسانی تر و بیرۆکەکانیان، چۆنیەتیی کارلێککردنی لەگەڵیاندا دیاری دەکات، بە جۆرێک کە ئەم کارلێکە بە شێوەیەکی خۆکارانە ڕوودەدات لەسەر بنەمای تێگەیشتنی لە بەرامبەرەکەی. ئەمە لەگەڵ بۆچوونی “فادیە عومەر ئەلجولانی”دا یەکدەگرێتەوە کاتێک باسی گرنگیی قۆناغی منداڵی دەکات، کە پێی وایە بەهۆی کاریگەریی ئەم قۆناغەوە، تێگەیشتن لە بارودۆخ و تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتی، دەروونی و فیزیۆلۆژییەکانی زۆر گرنگە. ئەمەش چونکە قۆناغێکە کە هەستیاریی منداڵ و کاریگەربوونی بە دەوروبەرەکەی و شێوازەکانی پەروەردەکردنی تێدا دەردەکەوێت. بەم شێوەیە، قۆناغەکانی گەشە کە بریتین لە: منداڵیی سەرەتا (٢-٦ ساڵان)، منداڵیی ناوەڕاست (٦-٩ ساڵان) و، منداڵیی کۆتا (٩-١٢ ساڵان)، بنەمایەک پێک دەهێنن بۆ گەشەی خودی تاک و، تێگەیشتن لە خۆی و دەوروبەرەکەی. جگە لەوەش، گەشەی ئەخلاقی و پێکهێنانی کەسایەتیی لە چوارچێوەی کۆمەڵایەتیدا پێک دەهێنێت. بۆیە ئەم قۆناغە زۆر گرنگە و تێگەیشتن لێی داواکارییەکی پێویستە بۆ دەستنیشانکردنی کێشە کۆمەڵایەتی و قوتابخانەییەکان ئەمە پشتڕاست دەکرێتەوە لەلایەن “عەبدولعەلی جسمانی” کە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو منداڵەی لە ڕۆژانی منداڵیدا تووشی بێبەشی و بێوەری بووە، لە قۆناغی هەرزەکاریدا پەیوەستبوونێکی تایبەت نیشان دەدات بەرامبەر بەو کەسانەی سۆزی بۆ دەردەبڕن، وەک مامۆستاکانی یان یەکێک لە هاوتەمەنەکانی لە قوتابخانە. هەروەها ئەو منداڵەی لە ماوەی منداڵیدا هەست بە بێمتمانەیی دەکات، لە قۆناغی هەرزەکاریدا چاوەڕێی ئەوە دەکات کەسێک قبووڵی بکات بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هەڵەکانی بکات. ئەو منداڵەی کە بە شێوەیەکی هاوسەنگ گەورە بووە و لە منداڵیدا کێشەیەکی وای نەبووە، لە سەردەمی هەرزەکاریدا پەیوەندی لەگەڵ هاوڕێیەک یان زیاتر دروست دەکات کە وەک خۆی قبووڵی دەکەن و بەشداری لە خولیا و ئارەزووەکانیدا دەکەن؛ لە شیکارییەکەی عەبدولعەلی جسمانییەوە، گرنگیی تێگەیشتنەکانی منداڵ لە قۆناغی منداڵیدا دەردەکەوێت و، بەشدارییان لە دیاریکردنی ئاراستەکانی و تێگەیشتنی بۆ کەسانی تر لەسەر بنەمای تێگەیشتنی لە سروشتی مامەڵەکردنیان لەگەڵیدا. ئەم مامەڵەیە داهاتووی تەندروستیی دەروونیی ئەو منداڵە دیاری دەکات. ئەمەش هەمان شتە کە “مستەفا فەهمی” ئاماژەی پێ داوە کاتێک باسی ئەوە دەکات کە ساڵانی یەکەم گرنگیی خۆیان هەیە لە پەروەردەکردنی منداڵدا و، لە بەدەستهێنانی گەورەترین پشکی گونجانی دروست لە داهاتووی ژیانیدا. بۆیە، پێویستە ئێمە وەک پەروەردەکاران لە باشترین ڕێگاکانی مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵ لە قۆناغە سەرەتاییەکانی گەشەیدا تێبگەین، تا گەشەیەکی دروست و پێشکەوتووی بۆ مسۆگەر بکەین کە پێداویستییە ئەندامی، دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی تێر بکات.
مستەفا فەهمی لە قسەکانیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە گونجانی منداڵ لە داهاتوودا پەیوەستە بە ساڵانی یەکەمی تەمەنیەوە و، پەیامێک ئاراستەی هەموو پەروەردەکاران دەکات کە ناوەڕۆکەکەی ئەوەیە پرۆسەی پەروەردە ئاسان نییە و پێویستە پەیڕەوی شێوازی دروست بکرێت لە پەروەردەکردنی منداڵاندا بۆ مسۆگەرکردنی گەشەی دروستیان. مستەفا فەهمی دەیشڵێت ژینگەی دەوروبەری منداڵ، بە شێوازی مامەڵەی دایک و باوکیشەوە، هۆکارێکی گرنگە لە داڕشتنی کەسایەتی و پێکهێنانی ئاراستە، مەیلهکان و تێڕوانینی بۆ ژیان. ئێمە وەک دایکان و باوکان، خۆمان بە پایە سەرەکییەکانی ئەم ژینگەیە دادەنێین و، هەرچەندە زیاتر شارەزای تایبەتمەندییەکانی گەشەی ببین لە ڕووی جەستەیی، ئەقڵی، سۆزداری و کۆمەڵایەتییەوە، ئەوە زیاتر یارمەتیدەر دەبێت بۆ جێبەجێکردن و تێرکردنی پێداویستییە جیاوازەکانی.
ئەم تێگەیشتنە لە تایبەتمەندییەکانی گەشەی منداڵان یارمەتیمان دەدات بۆ زانینی ڕێگاکانی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا لە قۆناغە یەک لە دوای یەکەکانی گەشەیاندا. لەوەی پێشوو ڕوون دەبێتەوە کە زانینی قۆناغی منداڵیی تاک چەند گرنگە بۆ لێکدانەوەی ڕەفتارەکانی لە قۆناغەکانی دواتری تەمەنیدا، بەهۆی کاریگەریی قۆناغی منداڵی لەسەر پێکهێنانی کەسایەتیی. هەروەها ئەو مامەڵەیەی وەریدەگرێت بەرپرسە لە هەموو ئەوەی کە لە داهاتوودا دەیکات یان دەبێت بەو شێوەیە. چونکە وێنەی زەینی لەو قۆناغەوە هەڵدەگرێت کە تێگەیشتنی بۆ ئەو کەشەی تێیدا گەورە بووە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوروبەریدا نیشان دەدات و، لەسەر بنەمای ئەو تێگەیشتنانەی دروستی کردووە کارلێک دەکات. ئەو لەسەر بنەمای ئەزموونەکانی ڕابردووی کار دەکات، جا چ خۆش بن یان بەئازار و، لەسەر بنەمای ئەوانە ئاراستەکانی دیاری دەکات و شێوازی کارلێککردنی لەگەڵ ژینگەکەیدا دادەڕێژێت مستەفا فەهمی هەمان ئاراستەی گرتووەتە بەر لە شیکردنەوەی کاریگەریی قۆناغی منداڵی لەسەر هەرزەکار، کە ئاماژەی بەوە کردووە بۆ ئەوەی لە ڕەفتاری هەرزەکار تێبگەین و بتوانین ئەو یارمەتی و هاوکارییەی پێویستییەتی پێشکەشی بکەین، پێویستە هەوڵ بدەین لە هەستەکانی ڕابردووی تێبگەین. بێگومان ئەم تێگەیشتنە یارمەتیمان دەدات بۆ زانینی ئەو هۆکارانەی پاڵی پێوە دەنێن بۆ جێبەجێکردنی کارەکانی، هەروەها وا دەکات بزانین کێشە و گرفتە جیاوازەکانی چۆن دەستیان پێ کردووە.
زۆرێک لەو هەستانەی کە ڕەفتاری ئێستای هەرزەکار ئاراستە دەکەن و کاریگەرییان لەسەر کەسایەتیی هەیە، بۆ ئەوسا (ڕابردوو) دەگەڕێنەوە. هەروەها پەیوەندییەکی نزیکیان بە بیرۆکەی هەرزەکارەوە هەیە دەربارەی خۆی، کە لە ئەزموونەکانی منداڵی و شێوازی مامەڵەکردنی دایک و باوکیەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەمە وامان لێ دەکات بڵێین کە پێویستە ئەو ڕووداو و ئەزموونانەی بەسەر منداڵدا دێن بیانزانین بۆ ئەوەی لە ڕەفتاری داهاتووی تێبگەین، بەڵام ئەم زانینە بە تەنها بەس نییە .

