حەمەسەعید حەسەن
قۆشمه وه‌ک چه‌کێکی بەرەنگاری
په‌یامبه‌ر پێی وابووه، قۆشمه وره به‌رز ڕاده‌گرێت و ده‌روون له پۆخڵی، خاوێن ده‌کاته‌وه، بۆیه که له‌سه‌ره‌مه‌رگیشدا بووه، له قۆشمه‌کردن نه‌که‌وتووه و به فاتیمه‌ی گوتووه: کچم مه‌گری، تۆ یه‌که‌م که‌سی من ده‌بێت، ده‌گه‌یته لام، به‌و شۆخییه، فاتیمه‌ی وه‌پێکه‌نین هێناوه. جارێک ژنێکی به‌ساڵداچوو، داوا له په‌یامبه‌ر ده‌کات، نزای بۆ بکات تا به به‌هه‌شت شاد ببێت. په‌یامبه‌ر سه‌ره‌تا پێی ده‌بێژێت: پیرێژن ناچێته به‌هه‌شته‌وه، دواتر مه‌به‌ستی خۆی بۆ ڕوون ده‌کاته‌وه که ژنان له هه‌ر ته‌مه‌نێکدا بمرن، به کچێنی ده‌چنه به‌هه‌شت.
له نێوان ئه‌و گه‌لانه‌دا که بڕوایان به زیندووبوونه‌وه هه‌یه، ئه‌وه سه‌یر نییه، ئه‌وی له سه‌ره‌مه‌رگدایه، به ڕوویه‌کی خۆشه‌وه، پێشوازی له مردن بکات و که‌سوکاریشی بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی باری گرانی مه‌رگ، ئاهه‌نگ بگێڕن. په‌یامبه‌ر گوتوویه‌تی: (ئه‌وی خۆشی بخاته دڵی موسڵمانانه‌وه، خودا به به‌هه‌شت پاداشتی ده‌داته‌وه) و بڕوای به‌وه هه‌بووه، خۆشییه‌کانی دنیا، تێکه‌ڵ به سرووته پیرۆزه ئایینییه‌کانیش بکرێن، ئه‌وه بۆیه قۆشمه له گوته‌کانیدا ئاماده‌یه و ئه‌وه‌ی به‌لاوه باش بووه، بۆ بانگه‌شه‌کردن بۆ ئایینی ئیسلام، سوود له قۆشمه وه‌ربگیرێت و هه‌وڵی داوه، به ده‌م گه‌مه و قۆشمه‌وه، منداڵان فێری کاروباری دین و دنیا بکات. زۆر جاریش به کۆتری قۆشمه‌دا، ڕژدترین په‌یامی ناردووه، به‌ڵام له‌وپه‌ڕی قۆشمه‌کردنیشدا، سه‌نگینیی خۆی پاراستووه.
وه‌ک قه‌زوینی ده‌یگێرێته‌وه: جارێکیان په‌پووه‌سلێمانه، سلێمان په‌یامبه‌ر و له‌شکره‌که‌ی بۆ دوورگه‌یه‌ک داوه‌ت ده‌کات. په‌پووه‌سلێمانه کولڵه‌یەک ده‌کوژێت و فڕێی ده‌داته زه‌ریاوه و پێیان ده‌ڵێت: فه‌رموون بخۆن! ئه‌وی گۆشتی به‌رنه‌که‌وت، با به گۆشتاو خۆی تێر بکات. که‌واته گرێدانی ئایین به قۆشمه‌وه، له سه‌رده‌می په‌یامبه‌ری ئیسلامه‌وه ده‌ست پێ ناکات، زووتریش به پێوه‌ند له‌گه‌ڵ ئاییندا هه‌بووه و ئه‌وه هه‌ڵه‌یه، ئه‌گه‌ر پێمان وابێت، شتی هاوبه‌ش له نێوان ئایین و قۆشمه‌دا نییه و دوو دنیای دژبه‌یه‌کن.
ئه‌ده‌بی گاڵته‌جاڕی، ئاوێنه‌یه‌کی ڕاستگۆیه، خه‌وشه‌کانی کۆمه‌ڵ پیشان ده‌دات، داکۆکی له به‌ها بڵنده ئینسانییه‌کان ده‌کات، ئاستی هۆشیاری خه‌ڵک به‌رز ده‌کاته‌وه، گه‌نده‌ڵی به دیار ده‌خات، چه‌کێکی خه‌باتی کۆمه‌ڵایه‌تییه و به گژ سته‌مدا ده‌چێته‌وه. کۆمیدیا، تێکه‌ڵه‌یه‌که له شیرینی و تاڵی، شیرینییه‌که‌ی پێکه‌نین ده‌ورووژێنێت و تاڵییه‌که‌ی ڕه‌خنه‌یه‌کی زبره و ڕه‌نگه ئامانجی، له ڕۆشنکردنه‌وه‌ی به‌رچاوی زۆربه‌ی خه‌ڵکدا، چڕ ببێته‌وه. ئه‌وه ئه‌ده‌بی گاڵته‌جاڕییه که قسه‌ی دڵی زۆربه‌ی بێده‌نگ ده‌کات و له چڕترین پێناسه‌یدا، گریانه له ڕێی پێکه‌نینه‌وه و پێکه‌نینه به هۆی گریانه‌وه، به ده‌ربڕینێکی دیکه، (قوڵپی پێکه‌نین) و (زه‌رده‌خه‌نه‌ی هه‌نسکه.)*
قۆشمه که هه‌وێنی پێکه‌نینه، ده‌نگدانه‌وه‌ی خه‌م و خه‌فه‌ته، ئاخر ئه‌گه‌ر قۆشمه نه‌بووایه، ئه‌و خه‌ڵکه به چی خه‌میان به با دابا؟ قۆشمه هه‌ڵاتن نییه له واقعێکی تاڵ، به‌گژداچوونه‌وه‌ی واقیعێکی تاڵه. ئه‌وه‌ی که قۆشمه بایه‌خێکی زۆر به سێکس بدات، زاده‌ی چه‌پاندن و برسییه‌تییه بۆ ئه‌و پێویستییه و له پێناوی چێژ لێ وه‌رگرتندایه. له کۆمه‌ڵگه‌ی بابسالاردا، قۆشمه‌ی نێو پیاوان که پێوه‌ندیی به سێکسه‌وه هه‌بێت، ڕووی مه‌جلیسێکی نییه، ژنی تێدا بێت.
ئاخۆ که‌س، توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه، ژیان له دنیایه‌کدا به‌سه‌ر ببات، قۆشمه‌ی تێدا نه‌بێت؟ ڕه‌نگه که‌س به‌رگه‌ی ژیان له دنیایه‌کی مڕومووچدا نه‌گرێت، ئاخر ئه‌گه‌ر پێکه‌نین نه‌بێت، ئینسان نه دڵی به دنیا خۆش ده‌بێت و نه هیوایه‌کی ده‌بێت له پێناویدا بژی. چونکه ئینسان زینده‌وه‌رێکی ده‌مبه‌خه‌نده‌یه، ته‌نانه‌ت ته‌وحیدی که به فه‌یله‌سووفێکی ڕه‌شبینه، بایه‌خێکی زۆری به قۆشمه ده‌دا و قۆشمه‌ی وه‌ک چه‌کێک بۆ داکۆکی له خۆ کردن، له به‌رانبه‌ر سه‌ختییه‌کانی ژیاندا به‌کار ده‌هێنا.
(پێم بڵێ هاوڕێکانت کێن؟ پێت ده‌ڵێم تۆ کێیت.) ده‌توانین، ئه‌م گوته‌یه وا لێ بکه‌ین: (پێم بڵێ به چی پێده‌که‌نیت، پێت ده‌ڵێم تۆ کێیت.) که‌واته وه‌ک چۆن ده‌ڵێن: شاعیر، شێوازه، ڕه‌نگه بوێرین بڵێین: ئینسان، پێکه‌نینه، ئاخر هیچ شتێک هێنده‌ی پێکه‌نین، ڕاستگۆیانه خودی ئینسان بەرجەستە ناکات. ئه‌گه‌ر پێکه‌نین نه‌بووایه، ئینسان له به‌رده‌م دژوارییه‌کانی ژیاندا، هه‌ره‌سی ده‌هێنا.
(*) (قوڵپی پێکه‌نین) و (زه‌رده‌خه‌نه‌ی هه‌نسک) ناونیشانی دوو کتێبی نووسەری ئەم باسەن.

