د. خالیدە خەلیل
ساڵی ٢٠٠٣ خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە مێژووی نوێی عێراقدا، کاتێک کورد دوای دوازدە ساڵ دابڕان، گەڕایەوە ناو دڵی پرۆسەی سیاسی، تا ببێتە پایەیەکی سەرەکی لە پرۆژەی بنیاتنانی عێراقێکی فیدراڵی دیموکراسی کە مافی هەموو پێکهاتەکانی بپارێزێت.
بەڵام ئەو کردە و بڕیارە تاکڕەوییانەی لەلایەن هەندێک هێزەوە لە بەغدا سەریان هەڵدا، ڕەگەزێکی تائیفییانەیان پێوە دیار بوو، نەک بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکەن، بەڵکوو بۆ ئەوەی قووڵتری بکەنەوە، چونکە گوێیان بە ڕۆحی دەستوور نەدا، کە بناغەی سیستەمی سیاسیی نوێی عێراقی لەسەر دامەزراوە، هەروەها بنەمای لێکتێگەیشتنیان پشتگوێ خست، کە بنەمای ڕەوایەتیی سیستەمەکەیە.
پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە جەختی لەوە کردووەتەوە کە سەقامگیری لە عێراقدا بەدی نایەت، مەگەر بە گەڕانەوە بۆ ئەو بنەمایانەی پرۆسەی سیاسیی دوای ٢٠٠٣ لەسەر دامەزراون، ئەوانیش:
هاوبەشی:وەک بنەمایەکی سەرەکی لە پرۆسەی سیاسیدا.
سازان: وەک ڕێگایەک بۆ دیموکراسی.
هاوسەنگی: وەک گەرەنتییەک بۆ بەردەوامی.
ئەم بنەمایانە جەوهەری بیرۆکەی دەوڵەتێکی دادپەروەرانە دەردەخەن، تێیدا حوکمڕانی تەواو نابێت مەگەر بە بەشداریکردنی هەموو پێکهاتەکان بە دادپەروەری و یەکسانی نەبێت، هەروەها بڕیاری نیشتمانی نابێت لە ژووری داخراودا بدرێت، کە پێکهاتەیەک بە تەنیا دەستی بەسەردا بگرێت.
بەدیهێنانی ئەم بنەمایانە بابەتێک نییە بۆ گفتوگۆ یان سازش، بەڵکو بناغەیەکە نیشتمانی لەسەر بنیاد دەنرێت. هەروەها بژاردەیەکی سیاسیی کاتی نییە، بەڵکو پێویستییەکی نیشتمانییە بۆ سەقامگیریی عێراق، کە بەدەستهێنانی پێویستی بە هۆشیاریی پێگەیشتوو هەیە، هەروەها روئیایەکە بەرژەوەندیی کاتی بۆ نیشتمانی هاوبەش تێدەپەڕێنێت، لەسەر بنەمای متمانە و ڕوونی و ویستی ڕاستەقینە بۆ تێپەڕاندنی کولتووری ڕابردوو. کاتێک ویستی ڕاستەقینە لەگەڵ دانایی سیاسیدا یەکدەگرن، دەوڵەتێک لەدایک دەبێت بە زۆر خۆی ناسەپێنێت، بەڵکوو بە ڕێککەوتنی سیاسیی نێوان پێکهاتەکانییەوە بەڕێوە دەبرێت، هەروەها بە ترس حوکمڕانی ناکات، بەڵکوو بەو متمانەی هەیەتی هەموویان کۆدەکاتەوە، پێش ناکەوێت مەگەر بە شەریکایەتیی هەموویان نەبێت.
سەرەڕای ئەوەی ئەزموون سەلماندی ئەم بنەمایانە هێشتا ڕێگای خۆیان بۆ جێبەجێکردن نەدۆزیوەتەوە، تەنانەت دوای ئەو ڕێککەوتنانەش، کە لە نێوان بەغدا و هەرێمدا واژۆ کراون، چونکە دەقەکانیان تەنیا وەک مەرەکەب لەسەر کاغەز مانەوە، دۆسیەکان بە هەڵواسراوی ماونەتەوە، هاوبەشیش بوو بە بارمتەیەک بۆ دەستکەوتنی ئیمتیاز و سازشی سیاسی.
پارتی دیموکراتی کوردستان باوەڕی وایە ئەم بنەمایانە تەنیا بەڵگەنامەیەک نین واژۆ بکرێن، بەڵکوو وەک ئیرادە دەبێت پراکتیزە بکرێن، هەروەها هیچ متمانەیەک لەسەر بەڵێنی دواخراو بنیاد نانرێت، بەڵکو لەسەر کردارێک کە ڕۆحی دەستوور و مانای دادپەروەری دەخاتە ڕوو. جێبەجێکردنی ئەم بنەمایانە نیشانەی هۆشیاری و پێگەیشتنە، بەڵگەیە بۆ ئەوەی سیاسەت تەنیا مەیدانی بردنەوە یان دوورخستنەوە نییە، بەڵکوو هونەری گەڕانە بەدوای خاڵە هاوبەشەکاندا و دروستکردنی لێکتێگەیشتنە لە نێوان جیاوازەکاندا، تاکو ببێتە ئەو تەرازووەی ڕێگری لە دەسەڵات دەکات بەرەو تاکڕەوی بچێت، دەیکاتە ئامرازێک بۆ خزمەتکردنی نیشتمان نەک ئامرازێک بۆ دەسەڵاتخوازی، هەروەها شەریکایەتییەکی بەرپرسیارانە نەک دەسەڵاتێکی تاکلایەنە.
ئەم سێ بنەمایە – شەریکایەتی، سازان، هاوسەنگی – تەنیا هاوکێشەیەکی سیاسی نین، بەڵکو پایەکانی بنیادنانی دەوڵەتێکی جێگیرن، تەرازووی دادپەروەریین و دادپەروەری لەگەڵ پێکهاتەکاندا دەکەن، هاوسەنگی و بەردەوامی عێراق دەپارێزن.
پارتی دیموکراتی کوردستان، کاتێک دەست بەم بنەمایانەوە دەگرێت، تەنیا بەرگری لە هەرێمی کوردستان ناکات، بەڵکو بەرگری لە عێراقێکی فیدراڵی دیموکراسیی فرە پێکهاتە دەکات، تێیدا هیچ کەسێک دەرنەکرێت و هیچ لایەنێک دەسەڵات بەسەر لایەنێکی تردا نەسەپێنێت.
شەریکایەتی بۆ ئەوان گەرەنتییە بۆ پێکەوەژیان، پردێکە ناسنامەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، نەک خەندەقێک لێکیان جیابکاتەوە.
ئەگەر ڕابردوو ئازار و کردەوەی زۆرداریی هەڵگرتبێت، ئەوا داهاتوو تەنیا لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتری، دداننان بە یەکتریدا، بەرژەوەندیی نیشتمانیی هاوبەش بنیاد دەنرێت.
هیچ نیشتمانێک بە دەرکردنی ئەوانی تر بنیاد نانرێت، هیچ دیموکراسییەک بە تاکڕەوی گەشە ناکات، هیچ سەقامگیرییەک لەسەر ستەم دامەزراو نابێت.
لێرەوە دروشمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەمپەینی هەڵبژاردنیدا شکڵی گرت:
“هاوبەشی، سازان،، هاوسەنگی” – نەک تەنیا وەک دروشم، بەڵکو وەک فەلسەفەیەکی سیاسی کە بینینی پارتی بۆ بنیادنانی نیشتمانێکی هاوبەش هەمووان لە باوەش بگرێت، گوزارش دەکات، چونکە هیچ سەقامگیرییەک بەبێ شەریکایەتی نابێت، هیچ دیموکراسییەک بەبێ هەماهەنگی بوونی نییە، هیچ نیشتمانێک بەبێ هاوسەنگی نابێت.

