حەمەسەعید حەسەن
قۆشمە و ستەمکار
وه‌ک چۆن وه‌رزش، له‌ش له چه‌وری قوتار ده‌کات، (قۆشمه)یش ئینسان له بێزاری ده‌پارێزێت. ئه‌گه‌ر بۆ میتۆلۆژیای یۆنان بگه‌ڕێینه‌وه، ده‌بینین بوارێکی زۆری بۆ قۆشمه ڕه‌خساندووه. قۆشمه، که ئه‌رستۆ گوته‌نی: (به‌ردی بناغه‌ی کۆمیدیایه،) یه‌کێکه له دوژمنه هه‌ره سه‌رسه‌خته‌کانی ده‌سه‌ڵاتداری سته‌مکار و ئه‌و لایه‌نانه‌ی ژیانی که‌سی به‌ئامانجکراو ده‌داته به‌ر ڕووناکی که پێکه‌نین ده‌ورووژێنن. ئه‌رستۆ هێنده به‌ڕێزه‌وه، له قۆشمه‌ی ده‌ڕوانی، به (لوتکه‌ی جوانی و هونه‌ر)ی نێوزه‌د ده‌کرد. له کۆمیدیادا، (جۆک)یش بایه‌خێکی زۆری هه‌یه، به تایبه‌تی کاتێک سوود له قوتبوونه‌وه‌ی له‌ناکاوی هه‌ندێک وشه و ده‌ربڕینی چاوه‌ڕێنه‌کراو وه‌رده‌گیرێت.
له سه‌ده تاریکه‌کانی ناڤین‌دا، که‌نیسه جیاوازییه‌کانی نێوان شانۆ، سێرک و گه‌مه‌ی نه‌ده‌بینی و وه‌ک یه‌ک به گژ هه‌موویاندا ده‌چووه‌وه، ته‌نانه‌ت که باس ده‌هاته سه‌ر ڤێنووسی خوداوه‌ندی جوانی و باخۆسی خوداوه‌ندی مه‌ی، ئه‌میانی به سێکسفرۆش و ئه‌ویانی به سه‌رخۆش له قه‌ڵه‌م ده‌دا. چونکه کۆمیدیا بایه‌خی به خۆشییه‌کانی ئه‌م دنیا ده‌دا، ئه‌شکه‌نجه و سزای ئه‌و دنیای فه‌رامۆش ده‌کرد، گاڵته‌ی به دابونه‌ریته سه‌رده‌مبه‌سه‌رچووه‌کان و مۆچیارییه لهکهڵککهوتووهکانی که‌نیسه ده‌هات، زوو زوو بۆ تیری غه‌زه‌بی پیاوانی ئایین ده‌بووه نیشانه، به‌ڵام ململانێی نێوان کۆمیدیا و که‌نیسه، به سه‌رکه‌وتنی یه‌که‌میان دوایی هات و قۆشمه و جۆک و گه‌مه گه‌یشتنه نێو که‌نیسه‌یش، به‌تایبه‌تی له‌و ڕۆژه‌دا که (جه‌ژنی شێته‌کان)ی پێ ده‌گوترا.
قۆشمه زاده‌ی ئه‌و سه‌رکوتکردنه‌یه، ئینسان گیری به ده‌ستییه‌وه خواردووه. فرۆید پێی وابوو، قۆشمه به‌رهه‌می(لهبیدۆ: وزه‌ی سه‌رکوتکراوی سێکسییه) و ئینسان هه‌م وه‌ک چه‌کێک به‌رانبه‌ر ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی ده‌وروبه‌ر که هه‌ڕه‌شه له (خود)ی ده‌که‌ن، ده‌یخاته گه‌ڕ و هه‌م چێژیشی لێ وه‌رده‌گرێت. فرۆید به‌بایه‌خه‌وه باسی جۆکی کردووه و وای بۆ چووه، ئه‌وی خاوه‌نی خه‌یاڵێکی به‌پیت و فراوان نه‌بێت، نه توانای دروستکردنی نوکته‌ی هه‌یه و نه چێژیشی لێ وه‌رده‌گرێت. هه‌نری بێرگسۆن ده‌یگوت: قۆشمه پێوه‌ندیی به ئینسانیبوونی مرۆڤه‌وه هەیە، له کاتێکدا سۆزی بزره و عه‌قڵی حازره. لای بێرگسۆن قۆشمه، بۆ ڕاستکردنه‌وه‌ی چه‌وتییه‌کان، ڕۆڵێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی کاریگه‌ر ده‌بینێت و به گژ ئه‌و دهستڕۆییشتووه دوورهپهرێزانهدا ده‌چێته‌وه، لووتیان له هه‌ور ده‌خشێت.
ده‌ڵێن پێکه‌نینی جوو، به مه‌به‌ستی خۆ پاراستنه له گریان و جوو بۆ داکۆکی له خۆ کردن، هانای بۆ قۆشمه بردووه. ده‌ڵێن که نووسراوی دێرینی جوو له قۆشمه خاڵییه، له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌وه‌یه، گه‌لێکی سته‌ملێکراو بوون، به‌ڵام ڕاستییه‌که‌ی زۆر جار قۆشمه، زاده‌ی هه‌لومه‌رجی دژواره و غه‌یری ده‌سه‌ڵاتی ئایین، هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی دیکه نه‌یتوانیوه به‌ری پێ بگرێت. گه‌لێک جار پیاوانی ئایین، به‌چاوپۆشین له‌وه‌ی بانگه‌شه‌یان بۆ کام ئۆل کردووه، به پاساوی ڕهوشتپارێزی، ئه‌وانه‌یان وه‌به‌ر ڕێژنه‌ی پلار داوه، که له بواره‌یلی قۆشمه، گاڵته، جۆک و شۆخیدا چالاک بوون.
بۆ به گژدا چوونه‌وه‌ی دیکتاتۆر، قۆشمه یه‌کێکه له چه‌که هه‌ره کاریگه‌ره‌کان، ئاخر لای دیکتاتۆر، هیچ شتێک له‌وه ناخۆشتر نییه، له ڕه‌وشێکی وه‌هادا خۆی ببینێته‌وه، که بووە به هه‌وێنی پێکه‌نینی خه‌ڵک. ئه‌وه به‌لای سته‌مکاره‌وه وه‌ک ئاسایی وایه، به‌ره‌و ڕووی مه‌ترسی ببێته‌وه، یان خه‌ڵک ڕکیان لێی بێت، به‌ڵام وه‌ختێک گه‌یشته ئه‌وه‌ی، ببێته مایه‌ی پێکه‌نینی میلله‌ت، ئیدی ناتوانێت درێژه به سته‌م بدات و هێنده‌ی پێ ناچێت، وه‌ک سته‌مکار کۆتایی پێ دێت.
له چواری ته‌ممووزی ٢٠١٢دا، دوو رۆژنامه‌نووسی سویدی، به مه‌به‌ستی گاڵته‌کردن به ئالێکسانده‌ر لوکه‌شینکۆی دیکتاتۆری ڕووسیای سپی، له فڕۆکه‌یه‌کی تایبه‌تییه‌وه، له به‌رزایییه‌کی که‌مه‌وه، هه‌شت سه‌د بهچکهورچی په‌ڕۆینه‌یان، به په‌ڕه‌شووت، به‌سه‌ر ته‌لاری ئه‌و دیکتاتۆره‌دا، به‌ر دایه‌وه. په‌ڕه‌شووته‌کان لێیان نووسرابوو، به‌ڵێ بۆ ئازادیی بیروڕا ده‌ربڕین. ئایا ئه‌وه، لوتکه‌ی گاڵته پێ کردن نییه، دیکتاتۆرێک بهچکهورچ باران بکرێت؟

