رۆژنامەی ھەولێر

پرسی ژن لای شێرکــــۆ بێکەس

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

(2-2)
پرسێکی گرنگ سەبارەت بە ژن کە ڕەنگدانەوەی زۆرە پرسی ئازادییە. لەم دیدگایەوە بەبێ ئازادیی ژن ناکرێت باس لە هیچ ئازادییەکی دیکە بکرێت و لافی ئەوە لێ بدەین کۆمەڵگە ئازادە. ئەم دیدگایە ڕەنگدانەوەیەکی تەواوی لەنێو زۆرێک لە بەرهەمەکانی ئەم شاعیرەدا هەیە. هەر لێرەوەیە پرسی نایەکسانی و نادادیش بووە جەوهەری پرسی ژنە لای شێرکۆ بێکەس، چونکە گرێدراوی چەمکی پێشوون، کە دەست بە داکۆکیکردن دەکات لە ئازادی ژن و تا دەگاتە ئەوەی لە جێگەیەکدا دەنووسێت:

“درەنگە و سووربوونی هاوارمە و
پەلەمە و هەر ئەبێ
من جەستەم بە تەنیا هی خۆمبێ!”(11)
کوشتن لەسەر شەرەف، یەکێکە لە کێشە بنچینەییەکانی دۆزی ژن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستانیشی گرتووەتەوە. جەستەیەک کە ژن خۆی خاوەنییەتی پیاو لێی داگیر دەکات و ئەم داگیرکردنە دەگۆڕێت بۆ خاوەندارێتی بەسەریەوە. لێرەدا ئەم شاعیرە دێت و دژی ئەم خاوەندارێتیکردنە هەڵوەستە دەکات و دژی دەوەستێتەوە. هەر ئەمەشە ئەرکی سەرەکی شیعر، کە دژ بە ڕوانینی باو بوەستێتەوە و ڕوانینێکی نوێی هیومانیستیانە بونیاد بنێت.
شیعر لەو چرکەساتانەی دەبێتە بڵنگۆی ئازادی و یاخیبوون لە کولتووری باو ئەوکاتە ماناڕاستەقینەکانی خۆی دەدۆزێتەوە. شیعر بەبێ ئەو ڕۆحیەتە یاخیگەرانەیە و داکۆکیکردن لە ماناکانی ئازادی جەوهەری خۆی ون دەکات.
“شەقام دەڵێ تامێینەم بەشەو و ڕۆژ
ئازادانە پێدا نەڕوات
وا ئەزانم شەقامێکم دەست و قاچێکم نوقسانە.
ڕووبار ئەڵێ تا مێینە ئازادانە خۆی لە ئاوم هەڵنەکێشی
وا ئەزانم ڕووبارێکم نیوەی شەپۆلم نوقسانە.
بادە ئەڵێ تا مێینە ئازادانە نەمنێ بەلێوی خۆیەوە
وا ئەزانم بادەیەکم نیوەی چێژەکەم نووقسانە.
عەشقیش ئەڵێ تا مێینە ئازادانە دەم نەخاتە نێو دەممەوە
وا ئەزانم من عەشقێکم نیوەی دەم و
نیوەی ماچ و نیوەی دواڕۆژم نوقسانە.”(12)
کارین ئۆفین- لە کتێبی “مێنیزم” دا ئەوە دەخاتەڕوو: “کە پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی بەندە بە پێشکەوتن و ئازادی ژنەوە، ئەگەر هاتوو ئازادی ژن لە پاشەکشەدا بێت؛ ئەوا کۆمەڵگە لاواز دەبێت.”(13) لای ئەم شاعیرەش بەهەمان شێوەیە و ئەگەر ژن ئازاد نەبێت واتە نیوەی ژیان ئازاد نییە، چونکە لای شاعیر ژن نیوەی ژیانە، نەک تەنیا نیوەی کۆمەڵگە.
خاڵێکی گرنگ کە بمانەوێت ئاماژەیەکی کورتی پێ بکەین ئەوەیە کە ژن لە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکاندا (کە کۆمەڵگەی کوردی وێنەیەکی بچووککراوەیەتی) تەنیا لەلایەن ڕەگەزی بەرامبەرەوە ناچەوسێنرێتەوە، بەڵکو لەلایەن تەواوی کۆمەڵگەوە دەچەوسێنرێتەوە. لەبەرئەوەیە کە دەتوانین لەبری “باوکسالاری”، یان “نێرسالاری” چەمکێکی گشتیتر بەکاربهێنین و بڵێین “کۆمەڵگەسالاری”، چونکە ئەوەی دژی ژنە لەم چەشنە کۆمەڵگەیانەدا تەنیا ڕەگەزی بەرامبەر نییە، بەڵکو تەواوی کۆمەڵگەیە کە هەیمەنەی خۆی دژی ژن درێژە پێ دەدات و بەشێکی زۆریش لە ژنان هاوشانی پیاوان لەژێر سایەی ئایین و کولتووردا بەشدارن لە چەوساندنەوەی ژنان.
“لەم ڕۆژهەڵاتەدا
هەرچیمکرد بۆ ئەوەی لەبەردەم
یەک ئاوێنەدا
هەردوو وشەی “ئازادی” و “ژن”
لەسەر دوو کورسی بە تەنیش یەکەوە دانێم
بێ هوودە بوو، هەموو جارێکیش
وشەی “کۆمەڵ” بە سمێڵێکی فشەوە ئەهات و
بەرماڵێکی لەبن دەستدا و
خۆی لە جێی ژن دائەنیشت!”(14)
ئەگەرچی لێرەدا هەست بە نائومێدیی شاعیر دەکرێت لە پێکەوەگرێدانی “ژن” و “ئازادی” بەڵام ئەم نائومێدبوونەی نابێتە هۆکاری ئەوەی لە خەبات بوەستێت و کار نەکات بۆ کۆکردنەوە و بەرجەستەکردنی ئەم دوانە پێکەوە. سووربوونی شاعیر لەسەر ئازادی ژن، یەکێکە لە سیما جوانەکانی شیعری شێرکۆ بێکەس.
یەکێکی تر لەو کتێبانەی ئەم شاعیرە کە دەچێتە بازنەی خزمەتکردن بە پرسی ژنەوە کتێبی “ژن و باران”ـە، وەک لە ناونیشانەکەیەوە دەردەکەوێت ژن لێرەدا لە پەراوێز دەردەهێنرێت و دەکرێتە سەنتەر، ئەم کتێبە شیعرییە هەر لەناونیشانەوە پەیامێک دەگەیەنێت کە ناباوە و دەیەوێت ئەو بوونەوەرەی کۆمەڵگە دەیخاتە پەراوێزەوە ئەم بیهێنێت و بیکات بە سەنتەر.
“ڕێگەم بدە! لەناو قژی قەدەغەدا
لە دەریاچەی قەدەغەدا
لەناو سەری پڕ لە هەوری بروسکەدا
مانای بۆن و مانای ڕەنگ و مانای ئاواز بدۆزمەوە.”(15)
“من ناتوانم شاخ بێ ڕەوەز ببینم و
من ناتوانم هەور بەبێ پرچی باران وێناکەم و
من ناتوانم چڵەپۆپە لە ڕەنگی ژان داببڕم و
من ناتوانم قەت ناتوانم
بێ ئەو باڵانەی قژی تۆ
هەرگیز بفڕم!”(16)
پرسی یەکسانی پرسێکی گرنگی دۆزی ژنە. ئەوەی دۆخی ژیانی بەرەو کوشتن و وێرانە بردووە بڕوا نەبوونی پیاوانە بە یەکسانی ژن و پیاو، بۆیە لێرەشدا، دیسان شاعیر دێت و لە پانتاییەکی دیکەدا دژ بەو ڕوانینە باو و چەقبەستوانە دەوەستێت و ڕوانینێکی یەکسانخوازی دەخاتەڕوو. لێرەوە دیسان شیعر ئەرک بنەڕەتییەکەی وەردەگرێتەوە، کە فەراهەمکردنی ئازادی و ڕەخساندنی پانتایی ئازادە.
“لەناو پرسیاری حەرامدا. لە جوگرافیای حەرامدا…
لەبیرکردنەوەی حەرامدا
ئاوێنەکان نێرینەن و
کلیلەکان نێرینەن و
ئایینەکان نێرینەن و
شەقامەکان نێرینەن و
یاساکان و جەنگەکان و یانەکان و
ئەوەی تەنیا مێینەیە… هەردوو وشەی بەسزمانە:
یەکەمیان خۆشەویستییە و
دووەمیشیان ئێش و ئازارە.”(17)
داگیرکردنی فەزای گشتی و هەموو پانتاییەکان لەلایەن نێرینەوە دەبێتە خاڵێکی سەرنج بۆ شاعیر و ڕەخنەی دەکات. لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا، مێینە دیل دەکرێت و هەموو هەنگاوەکانی سنووردار دەکرێت. ئەوەی مێینەکانیش دیل دەکات نێرینەکانن، چونکە هەموو پانتاییەکانیان داگیرکردووە. کاتێکیش مێینەیەک دەیەوێت ئەو سنوورانە ببڕێت تووشی ئازار و کوشتن دەبێتەوە و شاعیر لە چەندین شوێنی ئەزموونە شیعرییەکەیدا ئاماژەی بەمەش داوە.
“باڵی شاهۆیەکیان شکاند
فڕینێک لە کیس ئاسمان چوو.
چاوی ئاسکێکیان کوێر کرد
تەماشایەک لە کیس دەشت چوو.
ساچمەیەک دای لە گەرووی
باڕە کەوێ
گۆرانییەک لە کیس شاخ چوو.
گوڵێکیان خستە ژێر پێوە
بۆنێک لە کیس بولبولێ چوو.
بەڵام وەختێ ژنێکیان کوشت
عەشقێک لە کیس
گشت دنیا چوو!”(18)
شاعیر و نووسەرەکان زۆرجار باسی گەورەیی ژن و گرنگی عەشقی ژن دەکەن، بەڵام کەمیان هەیە چەشنی شێرکۆ بێکەس توانای ئەوەی هەبووبێت سنووری باسکردن تێپەڕێنێت و لەنێو تێکستەکانیدا گەورەییەکە پیشان بدات. لێرەدا و لەو پارچەیەی سەرەوەدا شاعیر دەیەوێت گەورەیی ژن پیشان بدات، کە کوشتنی ژنێک بەتەنیا کوشتنی عەشقێک نییە لە سنوورێکی دیاریکراودا، بەڵکو هەموو دونیا ئەو عەشقەی لەکیس دەچێت، کە لە دڵی ژنێکدایە، ئەمەش بۆ پێگە و گرنگیی مێینە دەگەڕێتەوە کە دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگی پەیدابوون و پەروەردەکردن.
لە ئەزموونی ئەم شاعیرەدا، بێجگە لەم چەند نموونەیەی سەرەوە، چەندین نموونەی دیکەی شیعریی تێدایە، کە شاعیر دەیەوێت بەرگریی لە ژن و مافەکانی بکات و پێیوایە کە بەبێ ژن ژیان نوقسانە.
یەکێک لەو ژنە کاریگەرانەی ژیانی ئەم شاعیرە دایکییەتی، کە کاریگەرییەکی گەلێک گەورەی لەسەر ژیان و ئەزموونە شیعرییەکەی هەبووە و کاریگەریی ئەو لەنێو بەشێکی زۆر لە شیعرەکانیدا دەبینرێت، زۆرجار کە دەیەوێت باسی ژن و جوانییەکانی بکات لەڕێگەی وێنەی “دایک”ـەوە دەیگەیەنێت. خۆیشی لە چاوپێکەوتنێکدا سەبارەت بە کاریگەریی دایکی دەڵێت: “دایکم پاڵەوانی ڕاستەقینەی ژیانم بوو. ئێستەش ئاواتەخوازم مەرگی من پێش مەرگی ئەو بکەوێت!”(19)
“دایکم لە شۆڕەبی پاییز ڕووتەڵەتر..
لە تاق تاقکەرە تەنیاتر..
لە پەڕەیسێلکە هەژارتر..دایکی منە.
دایکم تاریکەشەو کراسێکی دایە و
گەڵاڕێزان لەبەریکرد.
دار هەنارێکی بێوەژن
جووتێ ژانی بەرزی دایە و
باڕێزەیەکیش لەپێی کرد.”(20)
لای ئەم شاعیرە ئافرەت لەهەر پێگەیەکدا بێت هەر قوربانییە، دەشێ هەر ئەمەش بوبێتە بزوێنەری تەرخانکردنی ئەو ڕووبەرە زۆرەی ئەزموونە شیعرییەکەی بۆ پرسی ژن. پرسێک کە هیچ نووسەرێکی ئازادیخواز نییە ئاوڕێ لێ نەداتەوە و نەبێتە پرس بۆی.

سەرچاوە و پەراوێز:

11- شێرکۆ بێکەس، کتێبی ملوانکە-دەقی واڵا، ل15
12-هەمان سەرچاوە، ل126-127
13-شیرین تاهیر، مێنیزم، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، چاپی یەکەم 2025، ل
14-شێرکۆ بێکەس، حەفتا پەنجەرەی گەڕۆک-شیعر، چاپخانەی ڕەنج، چاپی یەکەم 2007، ل14
15-شێرکۆ بێکەس، ژن و باران-شیعر، چاپخانەی دلێر، چاپی یەکەم 2000، ل42.
16-هەمان سەرچاوە، ل44
17-هەمان سەرچاوە، ل52-53
18-شێرکۆ بێکەس، تەون-شیعر و پەخشان، چاپکراوی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چاپی یەکەم 2009، ل97
19- بڕوا بەرزنجی، مردن بەڕێوەیە، ل72
20- شێرکۆ بێکەس، ژن و باران-شیعر، ل102