رۆژنامەی ھەولێر

ئیستێک لەبەردەم پێشکەوتنی تەکنەلۆژیادا

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

جیهانی نوێ، جیهانی زانیارییە. جیهانی پێشکەوتنی زانست و گەشەسەندنی خێرای زانستە، بەجۆرێک زۆرجار فریای ئاگاداربوونی هەموو پێشکەوتنەکان ناکەوین. هەفتەی پێشوو ئایفۆن 17 بڵاوبوویەوە، بەڵام زۆربەمان هێشتا ئایفۆنی هەشت، یان حەوت بەکاردەهێنین. ئەمە پێشکەوتنێکە کە لە دەرەوەی چاوەڕوانییەکانی مرۆڤ و پێڕاگەیشتنیەتی. بەڵام ئایا ئەمە پێشکەوتنە؟ ئەگەر پێشکەوتنە چ جۆرە پێناسەیەکی هەیە؟ ئایا ئەو هەموو پێشکەوتنە لەم دوو دەیەیەدا بەدەستهێنراون بوونەتە هۆی ئەوەی مرۆڤ ئاسوودەتر بژی و کوشتار کەمتر بێتەوە و دارستانەکان پارێزراوتربن و دەریاکان خاوێنتر و جەنگەکان بە کۆتا گەیشت بن؟

بە وردبوونەوەیەکی ئاسایی و سەرنجێکی وردی کەناڵە میدیاییەکان و هەواڵە ڕۆژانەییەکان بەر دوو وەڵام دەکەوین. یەکەمیان بەڵێ پێشکەوتنێکی زۆر بەدەستهاتووە و لە هەموو بوارەکانی تەکنەلۆژیا و زانستیدا گەلێک پێشکەوتن تۆمارکراوە، کە لە دەرەوەی پێشبینی ئێمەدا بووە. واتە ئەوەی بەدەستهاتووە بێ هیچ گومانێک پێشکەوتنە. بەڵام پێشکەوتن لە چ ئاستێدا؟ لە وەڵامیشدا بەر ئەوە دەکەوین بێگومان ئاستی زانستی و تەکنەلۆژیدا و ئاسانکاریی لە زۆرێک لە بوارەکانی ژیاندا کردووە. بەڵام پرسیاری جەوهەری ئەوەیە ئایا مرۆڤ ئاسوودەترە لە جاران، یان ژیان لەسەری سەختتر نەکراوە؟ بێگومان مرۆڤ لەم جیهانە نوێیەدا و لە سایەی ئەم پێشکەوتنانەدا بارکراوە بە کۆمەڵێک پەیوەستبوونی ناچارەکی، کە پێشتر ئەوانە نەبوون و ئەم پەیوەستبوونانەش تێچووی ماددی زیاتری لەسەر مرۆڤەکان زیادکردووە و ئەمەش ناچار بە هەڵپەی زیاتر و کاری زیاتر کردووە. واتە پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان چەند ئاسانکاریین (وەک لە ڕووکەشدا دەردەکەوێت) هاوکات دوو هێندە بارگرانین، ئەمەش بە وردبوونەوەیەک سەرەتایی لەو پەیوەستبوونانە ڕوون دەبێتەوە، کە ئەو پێشکەوتنە زانستی و تەکنەلۆژییەکان بۆ مرۆڤیان دروست کردووە.
دەشێ بۆ ڕوونکردنەوەی مەبەستی تەواوی ئەم وتارە نموونەی پەیوەستبوونی مرۆڤ بهێنینەوە بە مۆبایلی زیرەکەوە، بەر لە 20 ساڵ هیچ پەیوەستییەکی ئەوتۆ بە مۆبایلی زیرەکەوە نەبوو، ئێستا بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەک لە هەموو خێزانێکدا جۆرێک پەیوەستبوون و هاوکات لە بارگرانی دارایی دروست کردووە بۆ خێزانەکە، کە خێزانەکە ناچارە بەشێک لە داهاتی مانگانەی بۆ مەسرەفی ئەو مۆبایلە زیرەکانە تەرخان بکات، کە لە ماڵەکەیدا لەلایەن ئەندامانی خێزانەکەیەوە بەکار دەهێنرێن. ئەمە نموونەیەکی سەرەتایی پەیوەستی ناچارانەی مرۆڤە بە تەکنەلۆژیاوە. بێگومان چەندین نموونەی دیکەش هەیە، کە لێرەدا نامانەوێت ئاماژەی بۆ بکەین.
بیرمەندی لوبنانی “عەلی حەرب” لە کتێبی “گەمەی مانا”دا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات “شارستانییەتی نوێ، گەشەی بە بەکارهێنانی ئامێر داوە، بەڵام مرۆڤ بووە بە درێژکراوەی ئامێر، لەکاتێکدا دەبوایە ئامێر درێژکراوەی ئەو بێت.” ئەم بیرمەندە ڕەخنە لە بەئامێربوونی مرۆڤ دەگرێت لە سایەی پێشکەوتن و شارستانییەتی نوێدا. لە جێگەیەکی دیکەی هەمان کتێبدا ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە ئەوەی پێشکەوتووە زانست و تەکنەلۆژیایە، بەڵام مرۆڤ پێش نەکەوتووە، لێرەوە بە وەڵامی ئەو پرسیارە دەگەین کە لەسەرەوە خستمانەڕوو، کە مرۆڤ لە سایەی ئەم پێشکەوتنەدا ئاسوودەتر ناژی و کوشتاریش کەم نەبووەتەوە و دارستانەکانیش پارێزراوتر نین، بەڵکو هەر ڕۆژەی بەشێک لە داستانەکان لە جێگە جۆراوجۆرەکانی زەویدا دەسووتێنرێن، نەک دەسووتێن، چونکە هەموو گومانەکان بۆ ئەوەیە کە بسوتێنرێن بۆ ئەوەی جێگەکەیان بکرێت بە پرۆژەی بەرهەمدارتر و قازانج زیاتر. هاوکات دەریاکانیش تا دێت تووشی پیسبوونی کوشندە دەبن و جەنگەکانیش تا دێت ماڵوێرانکەرتر دەبن. لەبری ئەوەی لەسایەی ئەو پێشکەوتنە زانستی و تەکنەلۆژیانەدا جەنگەکان بە کۆتا بگات، بەڵام وەکو عەلی حەرب لە جێگەیەکی دیکەی هەمان کتێبدا دەڵێت: “ئاخۆ کوشتنی بە کۆمەڵ خەسڵەتێکی سەردەمە؟” لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا بە وردبوونەوە و سەرنجدان لەو قەیرانە گەورە و جۆربەجۆرانەی لە جیهاندان دەتوانین بە دەنگی بەرز بڵێین “بەڵێ”، چونکە لە چەندین جێگەی دونیا کوشتنی بەکۆمەڵ بووەتە تایبەتمەندییەکی ئەم سەردەمە.
لێرەوە تێدەگەین پێشکەوتنی زانست و تەکنەلۆژیا یەکسان نییە بە پێشکەوتنی مرۆڤ. مرۆڤ ئەوکاتە پێشدەکەوێت کە ژینگەکەی، ژیانەکەی، ئاسوودەییەکەی مسۆگەر بێت. پێشکەوتن ئەوکاتە بەدەست دێت جیهانەکەمان؛ خاوێنتر و ئارامتر و دوور بێت لە هەموو توندوتیژییەک. بەڵام ئێستا لەجیهانێکداین، کە لێوانلێوە لە توندوتیژی و نائارامی و ژاوەژاو، کە بەرەو داڕمان و هەرەسی گەورەی ژینگەیی و ژیاریی سەر ڕێ کەوتووین، بۆیە گرنگە نەک ئیستێک بەڵکو ببێتە جێگەی سەرنجی گەورە و هەڵوێستی جیدی بەرامبەر پاشکەوتنی مرۆڤ و پێشکەوتنی زانست و تەکنەلۆژیا بنێین.