رۆژنامەی ھەولێر

ماده‌م دڵسۆزی ده‌بێ باج بده‌یت!

دكتۆرە خالیدە خەلیل
دڵسۆزی بەهایه‌كی باڵایە، وەک تاجی پاشایەتی وایە؛ تەنها ئەوانەی ڕۆحێکی پاک و سنگێکی فراوانیان هەیە، دەتوانن له‌ خۆیاندا به‌رجه‌سته‌ی بكه‌ن. تاقیکردنەوەیەکی زۆر قوڕسه‌، مەیدانێکە تەنها پاڵەوانەکانی وەفا تێیدا سەرکەوتوو دەبن، ئەوانەی دڵیان وەک ئاسن لەناو ئاگری ئەزموونە سەختەکاندا کوتراوە و بەرگەی زریانی ناخۆشییەکانیان گرتووە .کاتێک تۆ بژاردەی دڵسۆزی هەڵدەبژێریت، وەک ئەوە وایە پەیمانێکی خوێنی لەگەڵ ڕۆحی خۆت مۆر بکەیت، بۆ ئەوەی ڕێگای پڕ لە ئاستەنگ بگریتەبەر؛ ڕێگایەک تەنها نانه‌ڕەقه‌ت وەک سەبری تاراوگەکان پێشکەش دەکات و کاتێک بەسەر لووتکە سەختەکانی ژیاندا هەڵدەگەڕێیت عارەقەی ماندووبوون لە نێوچاوانت ده‌ڕژێت. لەکاتێکدا لە خوارەوە، زۆر کەس وەک ڕاوچییەکی چاوچنۆک چاوەڕێتن، چاوەڕێی ساتێک دەکەن، کە پێت بخلیسکێت، تا فڕێت بدەنە ناو گێژاوی پەراوێزخستن و لەبیرچوونەوە
دڵسۆزبوون، واتە بە تەنها ڕۆیشتن لە ڕێگایەکی سەختدا، لە ڕێگایەکی درێژ و چۆڵ، پڕ لە دڕکوداڵ، دەورەدراو بە خەنجەری ناپاکی. لەو سەردەمەدا کە ژاوەژاوی بەتاڵ بەسەر چرپەی حەقدا زاڵە، بەهاکان لە بازاڕەکانی دووڕوویی بە نرخێکی کەم نمایش دەکرێن، ئاڵاكان بەسەر سەری دووڕووەکاندا بەرز ده‌كرێنه‌وه‌، بە هەزاران ڕووخساری جیاواز تەپڵ بۆ ماسکدارەکان لێدەدرێت!
دڵسۆزبووی، واتە بەبێ هیچ ڕووناکییەک ڕێنوێنیت بکات و بێ هیچ هاوارێک یاوەریت بکات، بەڵام لە ناخی تۆدا گڕێک هەیە ناکوژێتەوە، پاکییەک هەیە ئارەزووەکان ناتوانن پیسی بکەن، بەهایەک هەیە لە هەموو ئەو ژاوەژاوەی جیهان كه‌ دەنگی لێوه‌ دێت، باڵاتره‌.
دڵسۆزبوون، واتە ده‌بێ باجی چاوەڕوانی بدەیت، ڕێگا تەختکراوەکە لەبەردەم چاوەکانتدا ببینیت بۆ خاوەن تۆمارە ڕەشەکان کە لە گۆڕینی ڕەنگ و ساختەکاریدا شارەزان، لەکاتێکدا تۆ لە ڕیزی کۆتاییدا جێدەهێڵدرێیت، چاوەڕێی نۆرەیەک دەکەیت ڕەنگە هەرگیز نەیەت.
واتە توێشووی ئارامی هەڵبگریت، فرمێسکەکانت بخۆیتەوە، تەمەنت چاودێری بکەیت، كه‌ بەبێ شایەت وەک مۆمێک لە تاریکیدا دەسووتێت و ڕێگایەک بۆ خۆی ڕووناک دەکاتەوە، كه‌ جگە لە تۆ کەسی تر نایبینێت!
چونکە تۆ لەگەڵ دۆزەکەتدا ڕاستگۆیت، وەک نامۆیەک لەناو خێزانەکەتدا دەژیت؛ به‌ سیس و نابووتت دەبینن، ڕوویان لێت وەردەگێڕن، هاوكات بە گەرمی چەپڵە بۆ فێڵبازان‌ لێدەدەن كه‌ پڕوپووچی ده‌كه‌ن به‌ حەق، فێڵکردن لە پشت پەردەی ڕاستی دەشارنەوە.
دڵسۆزبوون واتە تۆ له‌ باجی وەفاداری دەزانیت لە جیهانێکدا قازانجخوازەکان حوکمی دەکەن؛ جیهانێک دەرگاکانی بە تەواوی بەڕووی فێڵبازەکاندا کراوەن و بەڕووی ئەوانەدا دادەخرێن کە لاپەڕەی ژیانیان سپی و بێگەرد ماوەتەوە. چونکە لاپەڕە سپییەکان سەرنجڕاکێش نین. لە سەرده‌مێكدا گرنگی بە ڕواڵه‌تبازی دەدرێت و بەهاکان پشتگوێ دەخرێن.
تۆ هه‌ر لەبەر ئەوەی دڵسۆزیت هەڵبژاردووە، چاوه‌ڕێ مه‌كه‌ كه‌س به‌ وشەیەکیش پاداشتت بداتەوە، تەنانەت ئەگەر به‌ خێریش بێت. ڕەنگە غیره‌یه‌كی توند گێژاوت پێبکات، یان بایەکی ژەهراوی ڕوخسارت بسووتێنێت، هەناسەکانت بخنکێنێت، به‌ڵام تۆ بۆ ئەوەی خۆت لە ناو گێژەڵوکەکاندا بدۆزیتەوە، لە بەردەم گڕکانێکی گەورەی درۆ و بوختاندا، بە شمشێرێکی دارینەوە خه‌ریكی شەڕی ئاشە ساخته‌كاتی ستایشه‌كانی ده‌وروبه‌رت ده‌كه‌یت.
سووربوون لەسەر دڵسۆزی، ئەوەیە دژایەتی ڕەوتێكی بەهێز بکەیت، بەرامبەر سوپای دووڕووەکان خۆڕاگر بیت و لە جیاتی ژیان به‌ شكسته‌وه‌، مه‌رگ بە پێوه‌ هەڵبژێریت.
سووربوون لەسەر دڵسۆزی ئەوەیە دەنگت لە بەرامبەر ئەم سەردەمە خراپەدا بەرز بکەیتەوە، پەیمان لەگەڵ خۆت ببەستیت هەرگیز سەرت دانانەوێنیت و سازش لەسەر وەفاداریت ناکەیت، تەنانەت ئەگەر هەمووانیش پشتیان تێ کردیت. چونکە دڵسۆزی گەوهەرێکە لەناو لیتەی ئەم سەردەمە نەخۆشەدا دەدرەوشێتەوە، درەوشانەوەکەی لەژێر خۆڵەمێشی نائومێدیدا کەم نابێتەوە و تەورەکانی ساختەچییەکانیش ناتوانن بیشکێنن.
ئەمە تاجێکە تەنها شایستەی ئەو سەریانەیە خودا لە سەرووی پێوەرەکانی مرۆڤەوە بەرزی کردوونەتەوە، هه‌روه‌ها بۆ خۆڕاگریی بەها پاکەکان شایەتحاڵێکی بێدەنگە ، لەناو ئاوازە درۆینه‌كان، كه‌ جیهانی به‌ بێمانایی پڕ کردووە، نۆتەیەکی ڕاستگۆیە.
بە هەمان شێوە دڵسۆزیی کورد بۆ دۆزەکەی، لەسەر لووتکە بەرزەکانی چیاکان مانای دڵسۆزی ڕاستەقینەکەی بەرجەستە کرد، ڕووبەڕووی جیهانێک بووەوە کە شوێنی بۆ دڵسۆزی تێدا نەبوو. گیانی خۆی کردە قوربانی، ئارامی گرت لە بەرانبەر دەربەدەری و گەمارۆ و کۆمەڵکوژییەکان، تا دەستبەرداری خەونی ئازادی نەبێت و سازش لەسەر ناسنامەی خۆی نەکات. بێ پشتوپەنا خەباتی کرد، بە بان و ئاو و جلوبەرگ بە ڕووی ئاسن و ئاگردا وەستا، بە خوێنی خۆی بەرزترین شەهادەتی نەخشاند، باوەڕی وابوو کە وەفاداری ڕەنگە گەمارۆ بدرێت، بەڵام هەرگیز شکست ناهێنێت.