رۆژنامەی ھەولێر

خوێندنەوەیەك بۆ كتێبی (قوتابییە هەژارەكە)ی (ئۆسامۆ دازای)

وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری

(شیشۆستسۆ)*، بە ئینگلیزی دەبێتە (I Novel) كە بە واتای (ڕۆمانی من یان ڕۆمانەكەم یا ڕۆمانی كەسی) دێت و بەرهەمی سەردەمی می جی** بوو. شیشۆستسۆ، جۆرێك لە ڕۆمان بوو كە پەیوەندییە سەرەتاییەكانی پەیوەست بوون بە ژیانی شارستانی و دووركەوتنەوە لە گۆشەگیریی خوخوازی ژاپۆنی. لە قۆناغی دواتر، شیشۆستسۆ كەوتە ژێر كاریگەریی ناتورالیزمی ئەورووپاوە. هەڵبەت نابێت ئەوەمان بیر چێت كە ناتورالیزمی زۆلایی*** لە ژاپۆنیش وەكو هەموو شتەكانی دیكە بە ژاپۆنی كرا و شیشۆستسۆ لەبەرگرتنەوە و كۆپییەكی بێ ئەملاو و ئەولای توخمە ناتورالیستییە بەناوبانگەكانی ئەورووپا نەبوو.

ئەگەر لە ناتورالیزمدا پێداگری لەسەر فۆرمالیزەكردنە كۆمەڵایەتییەكان بوو، لە شیشۆستسۆدا هەموو شت شەخسیتر و دەروونیتر بوو. لەو كاتی گەشەكردنی جۆرێك لە شیشۆستسۆ، ڕۆحی ژاپۆنی ڕێگەی نەدەدا ئەدەبیاتێكی لەم شێوەیە تەواو خەریكی پرسە كۆمەڵایەتییەكان بێت. شیشۆستسۆ، گێڕەرەوەی حیكایەتی نەفسگەلێكی بێ هەژمار بوو كە لە خەڵوەتی مرۆڤەكان بەردەوام ڕووی تێدەكردن، بەڵام ناتورالیزم بەو وردبینییەیەوە ئەم دەنگە دەروونییانەی بە دیار نەدەخست. نووسەرە ژاپۆنییەكانی وەك (ناتسومە سۆسەكی) و (ئۆسامۆ دازای ـ Osamu Dazai)، لەم قۆناغەوە، شیشۆستسۆیان بردە نێو قۆناغێكی نوێترەوە.

ئەگەر سەرەتا، شیشۆستسۆ هەوڵی دەدا لە تەنیایی مرۆڤەكاندا كورت ببێتەوە، لای نووسەرانی سەرەتای سەدەی بیستەمیش ڕەنگی كۆمەڵایەتی بە خۆیەوە گرت. لەخودبێگانەبوون، تەنیایی، خەم، تازیەباری و هەڵپژانی كێشە دەروونییەكان كە تایبەتمەندیی پاڵەوانە ژاپۆنییەكانی ئەو سەردەمە بوون، لە قۆناغی نوێدا هەر ئەو پاڵەوانانە پەیوەندییان لەگەڵ كۆمەڵگەكەیان دروست دەكرد. لە ڕاستیدا، لە سەرەتای سەدەی بیستەم، پاڵەوانەكان قۆناغێكی تازەیان لە كاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ژینگەكەیان ئەزموون دەكرد. لای نووسەرە ژاپۆنییەكان، (I novel) چیتر ئەو پێناسە كلاسیكییەی نەمابوو و لەدەستی دابوو.
تەنانەت نەتدەتوانی لە ناویدا نەریتە زۆلاییەكان بدۆزیتەوە. كاتای، شیگا، سۆسەكی، دازای، تۆسۆن و ئەم تاقمە نووسەرەی ژاپۆن، پەیامهێنەرێكی نوێ بوون لە شێواز و ستایلێك كە هەموو نووسینەكانیان خۆماڵی كردبوو. دووبارە پێداچوونەوە و نووسینی ئەم نووسەرە پلە یەكانە، وای كرد كە لە فاكتۆرەكانی شیشۆستسۆ، ڕەوتی نووسینی ئەم شێوازە لە ڕۆمان لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم بە تەواوی گۆڕانی بەسەردا بێت.
ڕۆمانی (قوتابییە هەژارەكە) ڕێك یەكێكە لەو نموونە گۆڕاوانە كە لە ساڵی 1940 نووسراوە. ئەم چیرۆكەی ئۆسامۆ دازای، كە هێندەش لە نێو بەرهەمەكانی بەنێوبانگ و ناسراو نییە و لەژێر سێبەری ڕۆمانی (لەنێوچوونی مرۆیی ـ Ningen Shikkaku/ No Longer Human) و ڕۆمانی (شایۆ/ئاوابوونی خۆر ـ Shayo/ The Setting Sun)یەكەیدا ماوەتەوە، نموونەیەكی باڵای هونەریی دازایە لە نووسینی شیشۆستسۆ.
دازای لەم ڕۆمانەیدا بە فۆڕمە نوێیەكەیەوە، لە نمونە كلاسیكەكانی شیشۆستسۆ دوور دەكەوێتەوە، بۆ نمونەش بەرهەمەكانی (تایاما كاتای). دازای لە ڕۆمانی (قوتابییە هەژارەكە)دا دەچێتە زگ شار، كۆمەڵگە، ڕەزالەت و خەیاڵ و تێكهەڵكێشكردنی هەموو ئەمانە وادەكات ڕۆمانی (قوتابییە هەژارەكە) ببێتە نمونەیەكی دروست لە شێوازی شیشۆستسۆ.
چیرۆكی )قوتابییە هەژارەكە( بە دۆخێكی نیمچە سینەمایی دەست پێدەكات. گێڕەرەوەیەكمان هەیە كە چیرۆكەكە بە گێڕانەوەی كەسی یەكەمەوە دەگێڕێتەوە. ئێمە تێدەگەین كە گێڕەرەوە دەقێكی نە چەندان خوازراو، وەكی دەڵێن بێبەها، بۆ سەرنووسەرەكەی دەنێرێت كە چاوەڕوانی ناردنی بابەتەكەیەتی. حیكایەتی نەفسی گێڕەرەوە ئەم خاڵانەمان نیشان دەدات:
یەكەم: ئەوەی كە گێڕەرەوە لە خۆی دڵنیا نییە.
دووەم: ئەوەی كە نە هێندە بێ‌متمانەیە بە خۆی تا چەمابێتەوە و نە هێندەش لە خۆی دڵنیایە تا دوای ناردنی بابەتەكە پرتەوبۆڵە و گلەیی نەكات.
سێیەم: ئەم خاڵە كە دەكرێت لە هەمووی گرنگتر بێت ـ ئەوەی كە گێڕەرەوە لە پشت گلەیی و پرتەوبۆڵەكانی، حەز دەكات هەستی بەزەیی بیگرێتەوە.
واپێناچێت كە گێڕەرەوە هێندە لەژێر فشار و كاریگەریی خێزانیدا بێت. وەهاش لە ژینگەكەی خۆیدا مرۆڤێكی بێزراو و بێ ئیحترام نییە، هەرچەندەش بەهادارانە نانووسێت. تەنانەت دەتوانرێت بگوترێت كەسایەتییەكی گۆشەگیری هەیە كە لای باشترە شێوازی ژیانەكەی بێدەنگ و تەنیا بێت. كەواتە چ شتێك لە كەسایەتیی ئەودایە كە حەز دەكات بەزەیی ئێمە بۆ خۆی ڕابكێشێت؟
لەو سەروبەندەداین كە (سائیكی) بە دەنگی مەلەكردنی لە ڕووباری ئاوی شیرینی تۆكیۆ دێتە نێو چیرۆكەوە و دوای ئەوە دڵەڕاوكێی گێڕەرەوەی بێ‌هەستمان هەیە كە دەترسێت سائیكی لەم مەلەكردەنەدا گیانی خۆی لەدەست بدات. ڕەنگە لێرەدا دەبێت چاوەڕوانی درامایەكی تایبەت بین، بەڵام (دازای) ـ نووسەر وەك هەمیشە ڕۆحی پەریشان و ڕۆحی یاخی بەرامبەر یەك جێگیر دەكات و نمایشیان دەكات. ڕۆحی پەریشان و سەرلێشێواوی گێڕەرەوە لە بەرامبەر ڕۆحی یاخیی سائیكی. سائیكی لە تەواوی چیرۆكەكەدا وەك لەو دیمەنەی كە پێمان دەناسێنرێت، یاخییە.
لە سەرەتای كتێبەكەدا، ئەو بە قسە ئاڵۆزەكانی دازای، گێڕەرەوە دەكوتێت. دازای دەزانێت گەنجەكە زیرەكییەكی تێدایە، بەڵام لەوەش ئاگادارە خۆشی لەو كەمتر نییە و شەڕ و كەڵكەڵەی ئەم دوو ڕۆحە یاخی و پەریشانە زیاتر لەوەی كە مژدەدەری تراژیدیایەكی نوێ بن، دەرخەری چیرۆكێكی مەیلەو كۆمیدین. دەبێت هەژاری و مایەپووچی قوتابییەكەمان بۆ دەركەوێت، بەڵام لە شوێنێكەوە بۆ دواتر ئیتر ئەم هەژارییە شوێنی خۆی دەگۆڕێت بۆ زۆربڵەیی. سائیكی باش دەزانێت لەو زۆربڵەییەدایە كە دەتوانێت كەموكورتییەكانی خۆی بشارێتەوە. ئەگەر بێدەنگ بێت، لایەنی بەرامبەر ورد و خاشی دەكات. كەواتە سائیكی دەرفەت ناداتە دازای و بە خێرایی بە ڕیزكردنی ناوی چەند بیرکاریزانێك، هەوڵی ئەوە دەدات ڕووبەڕووی چاڵنجی بكاتەوە، هەرچەندە ئەزموونی دازای یارمەتی دەدات تا بە قوتابیەكە نەدۆڕێنێت.
هێزی سێیەمی ئەم چیرۆكە، (كۆماموتو)یە. تێگەیشتنی سەرەتایی و كۆتاییمان بەرامبەر بە كەسایەتی كۆماموتو، لەو ڕێگەیەی كە ئەم سێ پیاوە پێیدا تێدەپەڕن، تەواو گۆڕانی بەسەردا دێت. كۆماموتو هێزێكە كە لە زەینی خوێنەردا بە ئاراستەی وێرانكردن و لەنێوبردنی كەسایەتی سائیكی دەچێتە پێشەوە و دەبێتە هۆی گۆڕانكاری لە قەزاوتەكانمان سەبارەت بە سائیكی. كۆماموتو بە دەنگە نەخۆش و گاڵتەجاڕانەكەیەوە، وەكو كەسایەتییەكی لاوەكی ـ لە ڕاستیدا تاقە كەسایەتی لاوەكی چیرۆكەكەشە ـ شوێنی خۆی لە چیرۆكەكەدا توندوتۆڵ دەكات. كاری كۆماموتو لە چیرۆكەكەدا، زیاتر دەرخستنی سائیكییە.
لە ناوەڕۆكی قسە و دەمەقاڵێی دوو قوتابییەكەدا تا ڕادەیەك لە شوێنگەی سائیكی تێدەگەین. كۆماموتو كەسایەتییەكی ئاسایی و لاوەكی هەیە. لە دڵەڕاوكێدا دەژیت و ئەو كاتەی كە لە تەنیشت سائیكییەوەیە، بچووك و سووك دەردەكەوێت. ئەو جلەكانی قوتابخانەی دەداتە سائیكی و دازای، تاوكوو كۆتایی ڕۆژەكەدا هاوڕێیان بێت و لەگەڵیان بمێنێتەوە. ئەم هاوڕابوونە شەڕ و گرژییەكانیان دەگەیێنێتە لوتكە. هەردوو قوتابییەكە هەوڵ دەدەن لە یەكتری بانتر بن، نایانەوێت لە بەردەم دازای كەم بێنن و هەڵبەت شەڕ و پێكپژانەكانیان بۆ دازای تا ڕادەیەك گاڵتەجاڕ و منداڵانەیە.
دیمەنی كۆتایی ڕۆمانەكە، وێرانكردنی هەموو ئەو شتانەیە كە لە تەواوی چیرۆكەكەوە لە زەین و مێشكمان فۆرموولە و دروست كراوە. دازای تەواو نەغرۆی تەنیایی خۆی دەبێت. ئێمەی خوێنەریش، سەرلێشێواوانە گوێ لە قسەكانی دەگرین و كۆتایی حیكایەتەكە تەواو دەبێتە شتێكی شۆكهێنەر. لە كۆتایی ڕۆمانی (قوتابییە هەژارەكە)، ئەنجامگیرییەكی كلاسیكی پێشكەش ناكرێت. هەرچەندە دازای لە فیلمی بێدەنگدا باش دەردەكەوێت، بەڵام جەنگی دەروونی ئەو و هەستەكەی سەبارەت بە ئاساییبوونی خۆی هێشتا لای دەمێنێتەوە و بیرکردنەوەی كۆتاییشی لەسەر ئەم بابەتە پشتڕاستكراوەیە. نەبوونی ئەم متمانەبەخۆبوونە تێكەڵ دەبێت بە نۆستالۆژیا و تەنیایی و دازای لەنێو قۆناغێكی هەستیاری دەروونیدا جێی دەهێڵێت.
دازای وەكو بازنە وایە. چەندی هەوڵ دەدات بەرهەمدار بێت، كەچی بەردەوام دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ڕێگاكەی و دەست دەكاتەوە بە وێرانكردنی خۆی. ئەمە ڕێك پێچەوانەی سائیكی و كۆماموتو. كەچی سائیكی وەكو سێگۆشە وایە. تیژ و بڕەڕ دەچێتە پێشەوە. نووكی تیژی هەرمەكەی زۆرجار دەچەقێتە كەلەكەی نەرم و خولاوەی دازای و برینگەلی بێ هەژمار، ڕەنگە نەخوازراو لە وجوودی نووسەرە ڕەنجدیتووەكەدا و هەڵبەت كۆماموتوش دروست بكات. كۆماموتوی هاوشێوە لاكێشە كە هەموو هەوڵی ئەوەیە هەموو چیرۆكە لە چوارچێوەی خۆیدا جێ بكاتەوە. ئەم كۆماموتویە لەمەدا چەندە سەركەوتوو دەبێت، ئەوە ئیتر دیار نییە.
دواجار كۆماموتو و سائیكی لەم شەڕی یەكتربەزێن و خۆبەباڵاتربینینە بێ ئەنجام دەمێننەوە و واز لە شەڕ دەهێنن و ئێمەی خوێنەریش هێندە لە دۆخی باڵابوونی كۆماموتو یان قووڵبوونی سائیكی ئاگادار نین تا قەزاوەت و حوكمێكی پتەویان لەبارەوە بدەین. (ئوسامۆ دازای) نووسەری ژاپۆنی، لەم رۆمانەیدا كارێكی وەها دەكات كە لە شاكارەكەی خۆی واتە لە (لەنێوچوونی مرۆیی) نەیكردووە. لەم ڕۆمانەیدات حوكمەكە دەخاتە بەر دەستی ئێمە. ڕەئی و حوكمی ئێمە دەتوانێت هەر شتێك بێت. لەوانەیە دوای دواهەمین وشەی كتێبەكە، دازای نێو حیكایەتەكە بڕیاری خۆكوشتن بدات. ڕەنگە سائیكی بڕیار بدات كە واز لە خۆدەرخستن بهێنێت و ئەم شێوازی ژیانە نەگرێتە بەر و بچێتە نێو ئەو چوارچێوانەوە كە دازای لە مێشكیدا بوون. ڕەنگە كۆماموتو دواجار بكەوێتەوە پێش سائیكی و بەمەش ڕازی بێت و ئۆقرە بگرێت و واز لە خۆدەرخستن بهێنێت.
ئێمەی خوێنەر ئاگاداری كۆتایی چیرۆكی هیچیەك لەم كەسایەتییانە نین. بۆیە دەبێت پشت بە را و حوكم ببەستین. حوكمێك كە دواجار زۆر دڵنیا نین لە قایمی و بەردەوامبوونی.

پەراوێز:
* شیشۆستسۆ: ستایلێكی نووسینی رۆمان بوو كە لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی میجی باو بوو. ئەم دەستەواژەیە ئاماژەیە بەو ڕۆمانانەی كە تیایاندا نووسەر سوود لە ئەزموون و ڕوانگەكانی خۆی وەردەگرێت بۆ گێڕانەوەی چیرۆكەكە وەك كەسایەتی یەكەمی تاك. ڕۆمانەكانی شیشۆستسۆ، زۆرینەیان خۆیان دەدەنە قەرەی بابەتگەل و دڵەڕاوكێیە شەخسییەكان و هەست و سۆز و حەقیقەتەكانی ژیانی نووسەر، واتە جۆرێك لە بیرەوەریگێڕانەوەی ئەدەبین بە شێوەی رۆمان.
**سەردەمی می جی: بە ژاپۆنی پێی دەڵێن (Meiji jidai) كە سەردەمێكی 45 ساڵەیە لە مێژووی ژاپۆن كە تیایدا ئیمپراتۆر میجی (23/10/1868 تا 30/7/1912) دەسەڵاتی لە دەستدا بوو. پاش مەرگی ئیمپراتۆر میجی لە ساڵی 1912، ئیمپراتۆر تای شو بووە دەسەڵاتدار و سەردەمی تای شوو دەستی پێ كرد.
***(ئێمیل زۆلا ـ Emile Zola) (٢ی نیسانی ١٨٤٠ ـ ٢٩ی ئەیلوولی ١٩٠٢)، ڕۆماننووس، ڕۆژنامەنووس، شانۆنامەنووسێکی فەڕەنسی بوو و ناسراوترین قوتابیی قوتابخانەی ئەدەبیی سروشتیخوازی بوو، هەروەها بەشدارێکی گرنگ بوو لە پەرەسەندنی سروشتیخوازیی شانۆیی. زۆلا لە ساڵانی ١٩٠١ و ١٩٠٢ پاڵێوراو بوو بۆ یەکەم و دووەم خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات.