وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری
چ دەبوو ئەگەر مۆسیقا بیتوانیبایە نهێنییە شاراوەكانی ژیان ئاشكرا بكات؟ (سێلڤیا)، كچێكی پانزە ساڵانی ئەورۆیی و شەرمن بەڵام بوێرە كە ناچار دەبێت بۆ ماوەیەكی كورت لەگەڵ دایكیدا بچێتە ئەو گوندەی كە دایكی لێی لەدایك بووە.
گوندێكی بێدەنگ و دوورەشار و بێخزمەتگوزاری. سێلڤیا غەریبیی هاوپۆلەكانی دەکات، هەربۆیە تووڕەیە و بە دژواری خۆی لەگەڵ دۆخەكەدا دەگونجێنێت. دایكی نیگاركێش و مامۆستای منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەتە كە بۆ هێوری دەروون و گۆڕینی دۆخی ڕۆحی خۆی، پێویستی بە کەشێکی بێوەی و ئارام و تەنیا هەیە. باوكیشی وێنەگری جەنگە و بەردەوام دەچێتە ناوچە مەترسیدارەكانی جەنگ وەك سووریا.
سێلڤیا لەگەڵ پیرەمێردێكی ٩٥ ساڵانی لەڕ كە ژێركراسی سپیلکی لەبەرە و لەهجەیەكی ئەوروپیی هەیە و ناوی ئەندریاسە، ئاشنا دەبێت. ئەندریاس وەك دیلی جەنگ هاتووەتە گوندەكە و دوای كۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی دووەم و دەستپێكی ئاشتی، ئیتر هەر لەوێ ماوەتەوە و نەگەڕاوەتەوە. هەڵبەت ئەندریاس سەردەمێك دوژمنی خەڵكی گوندەكە بووە.
ئەندریاس بەردێكی لێوار تیژ دەداتە سێلڤیا و پێی دەڵێت لە ڕوانگەی ئەوەوە پێشینانیش هەروەك ئێستا ئامرازگەلێكیان بۆ كوشتن دروست دەكرد. ئەو، لەو كاتەوەی كە هاتووەتە ئەم گوندە، بە یارمەتی دارستان و مۆسیقا و بولبول و تەیرەكان و ڕەشایەتییەكانی بەردەكان گۆڕاوە.
سێلڤیا، نیوەشەوێكیان و بە بێدەنگی، گوێی لە مۆسیقایەكی دڵنشین و سەیر دەبێت و پێی سەرسام دەبێت و بەمەش گابریێلی كوڕێژگەیەكی هاوتەمەنی خۆی دەناسێت كە زۆر سەیر زیرەك و هۆشیارە و بە ئێسقانێكی نێوبەتاڵ مۆسیقا دەژەنێت.
مۆسیقا لە گوێی سێلڤیادا دەنگ دەداتەوە و لە نێو ئاوازەكان ئازاد و باڵ دەگرێت. گابریێل دایكی خۆی لەدەست داوە و لەگەڵ برا بچووكەكەی و باوكی دەژێت. لەبەر ئەوەی خەمۆكی هەبووە، بۆیە باوكی ناچار بووە لەگەڵ هەردوو كوڕەكەی بێتە گوند. ئەو پرسیارگەلێكی لەبارەی ماهیەتی ژیان و جیهان هەیە و پەیوەندی ئەو لەگەڵ سروشت و ئاژەڵەكان، گابریێل ڕزگار دەكات.
گابریێل و سێلڤیا زۆربەی كاتەكان لە دارستان و گردۆڵكەكان پێكەوە دەگەڕێن و پیاسە دەكەن. سێلڤیا بە چاوێكی نوێ سەیری سروشت دەكات و لەگەڵ ڕابردووی خۆی پەیوەندی دروست دەكات.
گابریێل باسی ڕۆڵی سیحراویی مۆسیقا دەكات. سێلڤیا دەڵێت ئێمە زەوین و زەویمان خۆش دەوێت و گابریێل دەڵێت دەبێت ئەمە بەو كەسانە بگوترێت كە ئاگری تێبەردەدەن، پیسی دەكەن و بۆمب دروست دەكەن، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ئەوان دەتوانن جیهان بگۆڕن.
گابریێل بە بلوێرە ئێسقانییەكەی، كچەكە چەندین سەدە دەپاتە دواوە و لەگەڵ ڕابردووی كۆنینەی خۆی ڕووبەڕووی دەكاتەوە. سێلڤیا بە ئێسقانی نێوبەتاڵ كە لە باڵی کەرکەسێكی مردوو دروست كراوە، دەست بە مەشق و لێدانی بلوێرەكەی دەكات و لە شەودا مۆسیقاكەی لەگەڵ گابریێل دەبێتە هۆی سەرسامی و چێژی خەڵكی گوندەكە. سێلڤیای شەرمن كارێك دەكات كە بۆ خۆشیشی سەیرە. بە ئێسقانی نێوبەتاڵ شمشاڵ دەژەنێت و ئاوازی ئەو ئێسقانی كەركەسە و دارستانی باكوور و نەوای گەرووی ئەو كچە بچووكە، دەگاتە ناوەندی شار.
کتێبی “مۆسیقای ئێسقان”، لە چوارچێوەیەكی بانچیرۆكیی وەسفی و بە ئاوازێكی خۆمانە، یاخیبوونانە و هەستیارانە و فەلسەفیانە دەگێڕدرێتەوە و بەشگەلێكی زۆری لەگەڵ خوێنەردا پەیوەندی دروست دەكات. ئەم پەیوەندییە، جاری وایە بە شێوەی دەربڕینی هەستەكانە كە لەم بوارەدا هەوڵ دراوە گێڕەرەوە لە تەنیشت خوێنەرانی مێرمنداڵ و جاری واش كەسایەتییە جەحێڵەكانەوە بێت. جاری واشە لە سەرووی ئەو شوێنگەیانەوەیە. چیرۆكەكە خۆی لە قەرەی گەشت و باڵغبوونی هزریی گەنجان و ناسینی بوون و خۆیان دەدات.
هەندێك ڕستەی جوانی كتێبەكە:
سێلڤیا ئێسقانە قوڕۆڵەکەی هێنایە بەر ڕوخساری…
گابریێل گوتی: هیچت لێ ناكات.
ـ هیچم لێ ناكات؟
ئێسقانەكەی لە لێوی نزیك كردەوە و دووبارە دایگرتەوە.
دەستەكانی دەلەرزین.
دووبارە بەرزی كردەوە. بە هێواشی فووی پیا كرد.
هیچ شتێكی لێوە نەهاتە دەرەوە، تەنها دەنگی زۆر توندی هەناسەی نیگەران و ڕاڕای خۆی نەبێت.
گابریێل پرسی: كە دەست پێ بكەیت هەستی پێ دەكەیت.
گوتی: هێور بە، هەست بە دەنگەكە بكە، ئەمەش یارمەتیت دەدات ئاوازەكە بخوڵقێنیت.
ئەستێرە و كاكێشانەكان بوون. ئەو بەردە خوارە سەیرە، لە ژێر پێیەكانی بوو و ئاخ، ئەو هەوا و ئاخ ئەو کوندەپەپوو و ئاخ ئەو قرچەقرچە و دەنگی لێدانی دڵی بوو.
سێلڤیا گوتی: “ڕابردوو بە هەموو دەورومانەوەیە”، هەر هەمان ئەو قسەیەی كە چەند ڕۆژ پێش ئەندریاس پێی گوتبوو.
گوتی: لە قووڵایی ناخی ئیمەدایە، چاوەڕوانە تا بیدۆزینەوە.
نووسەری كتێبەكە بناسن:
(دەیڤد ئالمۆند ـ David Almond) لە ساڵی ١٩٥١ زایینی لە نیوكاسڵ لەدایك بووە. یەكەم كتێبی ناوی (ئیسكەپەیكەر ـ SKELLIG)ی لێنابوو كە لە ساڵی ٢٠٠٧دا خەڵاتی كارنێگی بەدەستهێنا و لە دەنگدانێكی گشتیدا، بووە سێیەم كتێبی دڵخوازی منداڵان و لە ساڵی ٢٠١٠یش خەڵاتی دووساڵانەی هانس كریستین ئاندرسەنی پێ بەخشرا.
هەردوو كتێبی (چاوی بەهەشت ـ Heaven Eyes)، (ناوم مینایە ـ My Name is Mina)، بوونە جێگەی ستایشی خوێنەران و ڕەخنەگران. لە هەردوو كتێبەكەدا، منداڵی خۆی بە چێژ و خەمێكی گەورە وەسف دەكات. ئالمۆند یەكەم كۆمەڵە چیرۆكی خۆی بە ناوی (شەوە بێخەوەكان) لە ساڵی ١٩٨٥دا بڵاو كردەوە. كۆمەڵەی دووەمیشی بە ناوی (جۆرێك لە بەهەشت) لە ساڵی ١٩٨٧دا چاپ و بڵاو كردەوە. دوای ئەوە كۆمەڵە چیرۆكێكێكی دیكەی نووسی كە لە سەردەمی منداڵیدا پلانی بۆ دانابوو و دواجار بە ناوی (ژماردنی ئەستێرەكان) لە ساڵی ٢٠٠٠ بڵاوی كردەوە. زۆرینەی كتێبەكانی ئالمۆند وەرگێڕدراونەتە سەر چل زمانی جیاوازی دنیا.

