بارزان ئەکرەم – هەولێر
لیژنەی پێداچوونەی سزاکان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، بانگهێشتی سەرۆکی هەردوو یانەی دهۆک و زاخۆ دەکات و رووداو سپۆرتسیش وردەکارییەکەی ئاشکرا دەکات.
لیژنەی پێداچوونەی سزاکان، هەریەکە لە دکتۆر عەبدوڵڵا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک و عەمار فەرهاد، سەرۆکی یانەی زاخۆ بانگهێشت دەکات بۆ ئەوەی رۆژی چوارشەممە 3/9/2025، کاتژمێر 11:00 لە بارەگای فیدراسیۆنەکە ئامادە بن.
لیژنەکە ئاماژەی بە وردەکارییەکانی بانگهێشتکردنەکە نەکردووە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەکان، بانگهێشتکردنی سەرۆکی هەردوو یانە بۆ گفتوگۆکردنە لەبارەی هەڵگرتنی سزای سەر هەردوو یانە کە لە دوای یارییی جامی عێراق بەسەر هەردوو یانەدا سەپێندراوە.
بانگهێشتکردنی هەردوولا لە کاتێکدایە، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک بە نووسراوێک داوای لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق کردووە سزای سەر هەردوو یانەی دهۆک و زاخۆ هەڵبگیرێت، لە بەرامبەر ئەوەشدا گەرەنتی ئەوە دەدات کە رێگە بە دووبارەبوونەوەی رووداوی هاوشێوە لە یاریگەکانی دهۆک و زاخۆ نەدات.
دوای یاریی کۆتایی جامی عێراق کە لەنێوان هەردوو یانەی دهۆک و زاخۆ لە بەغدا بەڕێوەچوو، شەر و ئاژاوە لەنێوان یاریزانانی هەردوو یانە رووی دا و بەو هۆیەوە هەردوولا بە توندی سزا دران و بڕیار درا لە وەرزی نوێدا لە قۆناغی یەکەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق هەردوو یانە بەبێ هاندەر یاری بکەن، جگە لەوەش 25 ملیۆن دینار وەکوو سزای دارایی بەسەر هەردوو یانەدا سەپێندرا و لە هەردوو یانە چەند یاریزانێک و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی یانەکە سزا دران.

