مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.
گۆڵپارێزەكەی ئەستۆن ڤێلا، لە چاوەڕوانیی مانچستەر یونایتد هاوینی بەسەر برد
گۆڵپارێزی یانەی ئەستۆن ڤێلا، ئیملیانۆ مارتینیز، دواڕۆژی ماوەی گواستنەوەی كۆتایی پێ هێنا، لە شوێنی مەشقی یانەكەی (پۆدیمۆر هیس)، لە چاوەڕوانی پەیوەندییەكی یانەی مانچستەر یونایتددا بۆ ئەوەی بچێتە ئەو یانەیە، بەڵام ئەو پەیوەندییە نەكرا.
رۆژنامەی زە ئەتلەتیكی بریتانی، بڵاوی كردەوە، كە ئیملیانۆ مارتینیزی گۆڵپارێزی تەمەن 32 ساڵەی یانەی ئەستۆن ڤێلا، لە ماوەی هاویندا خواستی خۆی بۆ چوونە یانەی مانچستەر یونایتد دەربڕی.
داوا لە لیساندرۆ مارتینیز، یاریزانی ئەرژەنتینی و بەرگریكاری ئەو یانەیە، كرد كە لەنێو یانەكەوە نێوەندگیری بۆ بكا و كردی.
ئەو گۆڵپارێزە لە مانگی حوەزیراندا قسەی لەگەڵ رۆبن ئەمۆریم، راهێنەری یانەكە كرد، راهێنەر پێی وا بوو كە بوونی مارتینیز و ئەزموونی لە یانەكە، بۆ یانەكە زۆر باشە، سەرەڕای ئەوەش، بە شێوەی فەرمی دۆسیەكەی پێشكەش نەكرا.
دوای گەڕانەوەی مارتینیز بۆ دەستپیكی ئامادەكارییەكان بۆ وەرزی نوێ، یانەی ئەستۆن ڤێلا، پەیوەندییەكی كرد بۆ ئەوەی بە شێوەی خواستن بیباتە ریزەكانیەوە، بەڵام بۆندەكە لەوە زیاتر پێش نەكەوت.
لە بری ئەوە، یانەی مانچستەر یونایتد، بەرەو ڕێككەوتن لەگەڵ رۆیاڵ ئەنتۆیرب سووڕا، بۆ ئەوەی گرێبەست لەگەڵ گۆڵپارێزی بەلژیكیی سین لامنسی تەمەن 23 ساڵان بكا. بۆ ئەوەی ڕكەبەری ئەندریە ئۆنانا و ئەلتای بایندێر بكا، لەگەڵ سەرنجخستنە سەر بەرەوپێشچوونی ئاستی.
لە ڕووی داراییەوە، گواستنەوەی مارتینیز ئاڵۆز بوو بۆ مان یوونایتد، بە هۆی مووچەجۆرەكەیەوە، كە لە مووچەی ئۆنانا زیاتر بوو، لە كاتێكدا گرێبەستەكەی تا 2029ـیە، لەگەڵ ئەوەی یانەی ئەستۆن ڤێلاش داوای بڕەپارەیەكی زۆری دەكرد بۆ دەستبەرداربوون كە 30 ملیۆن جونەیهی ئیستەرلینییە.
لەگەڵ نزیكبوونەوە لە وادەی كۆتاییهاتنی ماوەی گواستنەوەی هاوینە، مارتینیز جێی مەشقەكانی یانەكەی جێهێشت بەرەو ئەرژەنتین بۆ ئەوەی پەیوەندیی بە هەڵبژاردەی ئەرژەنتینەوە بكا، بە سەركردایەتیی لیۆنێل سكالۆنی، وەكوو ئامادەكاریی بۆ یارییەكانی دیكەی پاڵاوتنی مۆندیال، كە یاری بەرانبەر ڤێنزوێڵا و ئیكوادۆر دەكات.
بەرپرسانی مانچستەر یونایتد و ئەستۆن ڤێلا، ڕەتیان كردەوە كە لەو رووەوە هیچ وردەكارییەك بخەنە ڕوو.
مانچستەر سیتی بە فەرمی گرێبەستی دۆناڕۆمای ڕاگەیاند
یانەی مانچستەر سیتی، بە شێوەیەكی فەرمی، ڕایگەیاند كە گرێبەستی لەگەڵ گۆڵپارێزی یانەی پاریس سان جێرمان جیانولیجی دۆناڕۆمادا واژۆ كرد.
ئەو گۆڵپارێزە تەمەن 26 ساڵانە، بە شێوەیەكی فەرمی و بۆ ماوەی 5 ساڵ، چووە یانەی خاوەن یاریگەی ئیتحیادەوە، گرێبەستەكەی تا هاوینی ساڵی 2030ـە و ئەو زانیارییانە لە پێگەی فەرمیی یانە ئینگلیزییەكەوە بڵاو كراونەتەوە.
دۆنا ڕۆما، بە یەكێك لە باشترین گۆڵپارێزەكانی ئەورووپا و جیهان دادەنرێ و باڵای 196 سانتیمە و ئەزموونێكی یەكجار زۆری هەیە و خاوەن ئاست و كارامەییەكی زۆرە.
دۆناڕۆما، كاروانی یاریكردنی لە یانەی ئەی سی میلانی وڵاتەكەیەوە دەست پێ كرد و یەكەم دەركەوتنی لەگەڵ تیپی یەكەمی یانەكە لە تەمەنی 16 ساڵانەوە بوو، 250 یاریی زیاتریشی كردووە و ڕۆڵی لە بردنەوەی جامی سوپەری ئیتاڵی لە بەرژەوەندیی رۆسۆنێری هەبوو لە ساڵی 2016.
لە ساڵی 2021ـدا، چووە یانەی پاریس سان جێرمان و 4 ناسناوی خولی فەرەنسای لەگەڵ ئەو یانەیە و دوو ناسناوی جام و سێ ناسناوی جامی سوپەری فەرەنسا و چامپیۆنس لیگیش بردەوە.
جیانولیجی دۆناڕۆما، ڕۆڵی سەرەكیی هەبوو لە بردنەوەی جامی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەورووپا بۆ یانە فەرەنسییەكە بۆ یەكەمجار لەمێژوودا، كە هەر لە سەروەختی پڕۆژەی نوێی یانەكەوە، خەونیان بردنەوەی ئەو ناسناوە بوو.
لە یاریی كۆتایی ئەو پاڵەوانیەتییەدا، پی ئێس جی 5-0 گۆڵ لە یانەی ئینتەر میلانی بردەوە و سەركەوتنێكی مێژوویی لە یاریی كۆتاییدا لەگەڵ یانەكەی تۆمار كرد.
لە ئاستی نێودەوڵەتییش، درۆناڕۆما، سەركردایەتیی هەڵبژاردەی ئیتاڵیای كرد لە یۆرۆی 2020ـدا و بە لێدانە یەكلاكەرەوەكان لە خاڵی سزا، لە هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بردەوە و دۆناڕۆماش خەڵاتی باشترین یاریزانی پاڵەوانیەتییەكەی بردەوە.
دۆناڕۆما، دوای چوونی بۆ یانەی مانچستەر سیتی، ڕایگەیاند: پەیوەندیكردنم بە یانەی مانچستەر سیتییەوە، چركەساتێكی مێژووییە و لەبیر ناكرێ و جێی شانازییە، لەژێر سەرپەرشتیی پێپ گواردیۆلا كار دەكەم، یەكێك لە گەورەترین راهێنەرەكانی مێژووی تۆپی پێ، لە یانەكەم ئەستێرە جیهانییەكانی تێدایە، بەردەوام بە یانەی مان سیتی سەرسام بوومە و یاریكردن لە یاریگەی ئیتحیاد، شكۆیەكی مەزنە و لەگەڵ هاوڕێ و یاریزانان و دەستەی هونەری و هاندەراندا، هەرچیمان پێ بكرێ دەیكەین بۆ دەستكەوتی زیاتر بۆ یانەكە.
لای خۆیەوە، هۆگۆ ڤیانا، بەڕێوەبەری تۆپی پێ لە یانەی مانچستەر سیتی، ڕایگەیاند: كاروانی دۆناڕۆما و دەستكەوتەكانی، قسە لەسەر خۆی دەكەن، ئەزموونێكی زۆری هەیە و ئەو وا دەكا زیادكردنێكی باش بێ بۆ ئێمە. ئەو لە بچووكییەوە یاری دەكا، بەبێ هیچ گومانێك یەكێكە لە باشترین گۆڵپارێزەكانی جیهان. ئێمە متمانەمان پێیەتی و دەزانین زۆر پێشكەشی یانەكەمان دەكات.

