لە سەرەتای کۆبوونەوەدا، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ، ڕاپۆرتێکی دەربارەی هۆکارەکانی ڕووداوی لافاوی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە چەند گەڕەکێکی هەولێر پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوەدا کە هۆکارێکی سەرەکی ڕووداوەکە ، بارینی ڕێژەیەکی زۆری باران بوو لە ماوەیەکی زۆر کورتدا، هەروەها چەندین پێشنیاریشی بۆ ڕێگریکردن لە ڕووداوی هاوشێوە خستەڕوو.
سەرۆکی حکومەت، وێڕای دووپاتکردنەوەی هاوخەمی خۆی لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاری ئەو دوو کەسەی لە ڕووداوەکە گیانیان لەدەستدا ، سوپاسی ژووری ئۆپەراسیۆن و هەموو تیم و فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت و هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە و دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دامەزراوەی (کوردستان فاوەندەیشن )ی کرد بۆ ئامادەکارییان و کاری بەردەوامییان بۆ بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووان و لێقەوماوان.
سەرۆکی حکومەت، جەختیشی کردەوە کە دەبێت بە دواداچوون بکرێت و لێکۆڵینەوەی پێویست بکرێت بۆ ئەوەی بزانین چۆن خۆمان بۆ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و ئەگەرەکانی ڕووداوی هاوشێوە ئامادە بکەین.
سەرۆکی حکومەت داواشی لە هاووڵاتییان کرد لە پێناو پاراستنی سەلامەتی خۆیان پابەندی ڕێنماییەکان بن و هاوکار و یارمەتیدەری تیمەکانی فریاکەوتن بن ، هەروەها داوای کرد هاووڵاتییان یارمەتیدەریی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتیش بن لە پاراستنی ژینگە و پاکڕاگرنتنی شار و ناوچەکانیان و فڕێنەدانی زبڵ و خاشاک لەسەر شەقام و جادە و مەنهۆڵەکان.

