د. سارا مەحموود
ڕۆمانی “میرنامە”کەی جان دۆست، کارێکی ئەدەبیی مێژووییە و باس لە سەردەمی ئەحمەد خانی، شاعیر و بیرمەندی ناوداری کورد دەکات. خانی یەکێکە لە دامەزرێنەرانی بیری ئەدەبی و هەروەها بیری نەتەوەیی کورد. ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە لە شاری بایەزید ڕوو دەدەن، کە دەکەوێتە سەر سنووری نێوان ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و سەفەوی و تیشک دەخاتە سەر دۆخی کورد لەو شارەدا، هەروەها لەو سەردەمە مێژووییەدا.
ڕۆمانەکە پشتی بە شێوازی شیعری بەستووە بۆ گێڕانەوەی ڕووداوەکانی ڕابردوو، بە شێوەی خەیاڵی کە پشت بە خەیاڵی نووسەر دەبەستێت بۆ خولقاندنی ڕوانینێکی داهێنەرانە. گێڕانەوەکە بە زیندووکردنەوەی ڕابردووەوە دەست پێ دەکات، لە ڕێگەی دەنگی کەسایەتییەکانەوە کە هاوچەرخی خانی بوون، چ لە دۆستەکانی بێت یان لە دژمنەکانی کە دژی گوتارە نەتەوەییەکەی وەستابوونەوە، کە بەهۆی ئەو گوتارە نیشتمانییەی هەوڵی دەدا لە ڕێگەیەوە کورد بەهێز بکات و سەر فارس و تورکی بخات.
یەکێک لە بەڵگە هەرە دیارەکانی ناسیۆنالیستی خانی، سووربوونیەتی لەسەر نووسین بە زمانی کوردی، سەرەڕای ئەوەی کە توانای نووسینی بە زمانەکانی تر هەبووە. ئەو زمانی کوردی هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی ببێتە زمانە ئەدەبییە باڵاکەی “مەم و زین”؛ هەروەها بە یەکەم کەس دادەنرێت کە بانگەشەی سەربەخۆیی کوردستانی کردووە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ کوردی لەژێر دەسەڵاتی عوسمانی و سەفەویدا.
گێڕەڕەوەکە، لەسەر زاری خانییەوە، باس لە دۆخی نالەباری سیاسی دەکات و دەڵێت: “کاتێک بریفان هێشتا لە دەستی فارسدا بووە شارەکانی ئەم ناوچانە وەک تۆپ وابوون و یارییان پێ کراوە، ڕۆژێک ئاڵای فارس و ڕۆژێک ئاڵای تورک لێیاندا شەکاوەتەوە. بە ڕۆژ قزڵباش حوکمی دەکرد، بە شەو سوننە. ئێمەی قەلەندەریش وەک بەلەمێکی کونکون بووین و شەپۆلەکانی تورک و فارس یارییان پێ دەکردین.”
ئەم ڕۆمانە سەر بە چەشنی گێڕانەوەی مێژوویی خەیاڵییە، چونکە تەنها باس لە کەسایەتییەکی کلاسیکی و ڕووداوە مێژووییە ڕاستەقینەکان ناکات، بەڵکو لە ڕێگەی تەکنیکەکانی گێڕانەوەی نوێوە پێشکەشی دەکات، وەک فرەیی دەنگەکان و بەکارهێنانی زمانی زیندوو کە گونجاو بێت لەگەڵ ئەو ژینگەی مێژووییەی کە دەگەڕێتەوە بۆ چەندین سەدە لەمەوبەر. زمانی گێڕانەوە بەهێز و ڕەوانە، لەگەڵ بەکارهێنانی هێما و ئاماژەکان، وەک هێمای باران کە دوای مردنی خانی وەک مەرەکەبی ڕەش دەبارێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ تووڕەیی سروشت بەهۆی کۆچی دوایی ئەو و هەروەها ئاماژەیە بۆ پایەکەی وەک ڕۆشنبیرێکی گەورەی سەردەمی خۆی.
ڕۆمانەکە ململانێی دوالیزمەکان دەخاتە ڕوو کە گرژییەکی درامییان لەناو دروست کردووە: وەک خۆشەویستی و ڕق، خۆپەرستی و خاکەڕایی، خیانەت و وەفاداری، دوژمنان و دڵسۆزان و ناسنامەی کوردی لە بەرامبەر هەوڵەکانی سڕینەوەیدا. ئەم گرژییە قوڵتر دەکاتەوە لە وێنەکردنی ئەو زۆردارییە مێژووییەی کە کورد ڕووبەڕووی بووەتەوە و گێڕانەوەکە لە چەند ئاستێکی هێماییدا ڕەنگدانەوەی هەیە.
هەروەها سیمای بیری نەتەوەیی خانی بە ڕوونی دەردەکەوێت، گێڕەڕەوەکە لەسەر زاری میر (میرزابێک) جەخت دەکاتەوە: “ئەگەر [خانی] گوێی لە میر بگرتایە، من بایەزیدم دەکردە خانەیەکی گەورەی زانست و فەقێ لە هەموو لایەکانی کوردستانەوە دەهاتن بۆ ئەوەی تێیدا بخوێنن، ئەگەر گوێڕایەڵی منی بکردایە، بایەزیدم دەکردە ڕکابەری تەورێز و ئەسفەهان و ئەستەنبوڵ.” هەروەها خانی ڕەخنە لە کەمتەرخەمی فەرمانڕەواکان دەگرێت بەرامبەر ئەدەب و ڕۆشنبیری، و دەڵێت:
“گەنجینەیەکی زۆر هەیە لە دڵی خانیدا بەڵام کەس نییە بپرسێت لە گەوهەرەکەی.” (مەم و زین، وەرگێڕانی جان دۆست).
ڕۆمانەکە وەک گێڕانەوەیەکی زنجیرەیی بەڵگەنامەیی خەیاڵی پۆلێن دەکرێت، کە پشت دەبەسێت بە ڕووداوە مێژووییەکان کە پەیوەندییان بە کۆمەڵگەی کوردییەوە هەیە. تایبەتمەندییە هونەرییەکەی لە پێشکەشکردنی کەسایەتی (ئەحمەد خانی)ـدایە وەک ڕۆشنبیرێکی سەرەکی لە کارەکەدا. جان دۆست توانیویەتی بەهرەی شیعری خۆی لە گێڕانەوەی ڕووداوەکاندا بەکار بهێنێت، بۆیە گێڕانەوەی شیعری تێکەڵ بە ئەزموونی مێژوویی و بەڵگەنامەیی بووە، ئەمەش وایکردووە ڕۆمانەکە تایبەتمەندییەکی ئەدەبی و خەیاڵێکی بەرزی هەبێت.
ڕۆمانی مێژوویی لەم چوارچێوەیەدا لە جۆرەکانی تری ڕۆمانی خەیاڵی جیا دەکرێتەوە، چونکە پشت دەبەسێت بە ڕووداو و بەسەرهاتی بەڵگەدار، کە لە ڕێگەی گێڕانەوەی داهێنەرانەوە دووبارە داتاشراونەتەوە. هەروەها، وەک هەندێک ڕەخنەگر پێیان وایە، سەر بەو جۆرە گێڕانەوەیەیە کە هەوڵ دەدات “ڕابردوو بە شێوازێکی خەیاڵی دووبارە بنیاد بنێتەوە، کە تێیدا کەسایەتییە ڕاستەقینەکان بە کەسایەتییە خەیاڵییەکان یەک دەگرن.” بەم شێوەیە، ڕۆمانی مێژوویی دەبێتە ماددەیەکی جوان و هێمایی، لە دۆکیومێنتکردن تێدەپەڕێت بۆ ئەوەی ڕابردوو بە شێوازێک دووبارە نیشان بداتەوە کە تێگەیشتنی مرۆڤ بۆ ژیان و ناسنامەی خۆی بەهێزتر بکات. پاوڵ ڕیکۆر ئاماژە بەم جۆرە تێکەڵبوونە دەکات لە نێوان خەیاڵ و مێژوودا بە زاراوەی “ناسنامەی گێڕانەوە”، کە تێیدا گێڕانەوەی ئەدەبی و مەرجەعی مێژوویی لە خاڵێکدا یەکدەگرن کە هۆشیارییەکی نوێ دەربارەی ئەزموونی مرۆڤایەتی دروست دەکات، کە گێڕانەوەی ڕۆمانی بە ڕێکوپێکترین شێوە دەریبڕێت نەک تەنها مێژوو.

