ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
شێرپەنجەی مەمک بەربڵاوترین شێرپەنجەیە لە ئافرەتاندا، هەرچەندە ڕێژەیەکی کەم لە پیاوانیش مەترسییان لەسەرە. شێرپەنجەی مەمک بریتییە لە زیادبوونی هەڕەمەکی و خێرای خانەکانی ناو لوولەشیرەکانی مەمک، لە ئەنجامدا بارستەیەک دروست دەبێت کە وردەوردە قەبارەکەی زیاد دەکات و، لەوانەیە پەل بهاوێت بۆ ناوچەکانی دیکەی لەش.
ئێستاکە هەر هەشت ژنێک و یەکێکیان تووشی شێرپەنجەی مەمک دەبێت، ئەمەش سروشتی تاڕادەیەک باوی ئەو نەخۆشییە نیشان دەدات. بەڵام ڕێژەی مانەوە بە بەرزی دەمێنێتەوە. لە هەر دە ژنێک کە تووشی شێرپەنجەی مەمک بوون، نۆیان چاک دەبنەوە، ئەمەش بە هۆی پێشکەوتنی بەرچاو لە ڕێكارەكانی چارەسەرکردندا.
د. دیمەن حسێن پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون و نەزۆکی ئاماژە بەوە دەدات كە: شێرپەنجە بریتییە لە زیادبوونێك و دابەشبوونێكی نائاسایی لە ئۆرگانەكانی لەش، پاشان هێرش دەكاتە سەر خانەكانی تری نزیك لە خۆی و، وا دەكات ئەو خانانە کار و فرمانی خۆی جێبەجێ نەكات، هەندێ جار بەوەشەوە ناوەستن و بەردەوام لە بڵاوبوونەوەدان، هاوكات لە ڕێگەی خوێنەوە بڵاو دەبێتەوە بۆ هەموو بەشەكانی تری لەش.
مەرج نییە هەموو گرێیەك ببێتە شێرپەنجە، هەربۆیە هەر گرێیەك جیاوازی خۆی هەیە.
ئەو پزیشكە دەربارەی هۆكارەكانی تووشبوون ئاماژە بەوە دەدات كە تەنها یەك هۆكار نییە بۆ تووشبوون، هەربۆیە چەندین هۆكاری جیاواز هەن، بەڵام لە هەمویان دیار تر بۆماوەیی لە خێزان، لە هەندێك لە نەخۆشان قەڵەوی و كەمجووڵەیی و جگەرەکێشان و خواردنەوەی ئارەق؛ هەروەها خواردنی حەبی دژەدووگیانی بەبێ راوێژی پزیشکی پسپۆڕ. هاوكات ئەو ئافرەتانەی كە شیری خۆیان نادەن بە منداڵەكانیان ئەگەری تووشبوونیان زیاترە.
یەكێك لەو تەكنیكانەی پزیشكان بەردەوام جەختی لێ دەكەنەوە خۆپشكنینە؛ لەو بارەیەوە د. دیمەن حسێن دەڵێت: باشتر وایە ئافرەتان لە تەمەنی ٢٠ ساڵان بەرەوسەرەوە بە دەستی خۆیان، مەمکی خۆیان بپشكنن؛ ئەوەش كارێكی زۆر ئاسانە، هەڵسەنگاندن بۆ مەمكی بكات، بە جوانی سەیر بكات، نەکا هیچ گۆڕانكارییەك لە قەبارە و ڕەنگی پێستیدا پەیدا بووبێت. باشتر وایە بە پەنجەكانی بە شێوەیەكی بازنەیی مەمك و بنهەنگڵی راست و چەپی بپشكنێت و، بزانێت هەست بە هیچ گرێییەك دەكات؛ هەر شتێكی نامۆی هەست پێ کرد، باشتر وایە خێرا سەردانی پزیشك بكات.
نیشانەكانی شێرپەنجەی مەمك:
• لێهاتنی گرێ لە مەمک کە زۆر جار ئازاری لەگەڵدا نییە.
• دەردرانی شلەی سەوز، زەرد و، سوور لە مەمکەوە.
• گرێهاتن لە بنباڵ.
• هەڵئاوسانی قۆڵ، دابەزینی کێش.
• گۆڕانی شێوەی گۆی مەمک.
د. دیمەن حسێن باس لە ڕێگاكانی خۆپاراستن دەكات و چەند ئامۆژگارییەك بۆ ئافرەتان دەخاتە ڕوو دەڵێت:
ئافرەتان بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجەی مەمك دەتوانن پشكنینی مانگانە بکەن و هەروەها لە دوای تەمەنی ٤٠ ساڵانەوە وا باشترە هەر دوو ساڵ جارێك سەردانی بنكەی تایبەت بە پشكنینی مەمك بكەن، هەروەها شیردانی سروشتی بە كۆرپەكەیان، شووكردن لە كاتی خۆیدا، كەمکردنەوەی خواردنی شیرینەمەنی؛ شیرینی بەرگریی جەستە کەم دەکاتەوە؛ کە بەرگری كەمی کرد، مرۆڤ ئاسان نەخۆش دەکەوێت. جگە لەوانەش بۆ ئافرەتان پێویستە دەمپارێزی بکەن لەو دەرمانانەی كە هۆرمۆنیان تێدایە، دەبێت بە ڕاوێژكردن لە گەڵ پزیشكی تایبەت ئەو دەرمانانە بەكار بهێنن. رۆژانە ماوەی ٣٠ خولەك و هەفتەی پێنج جار وەرزش بکەن؛ ئەوانە كۆمەڵە هۆكارێكی باش دەبن بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجەی مەمك.
• پشکنینی مانگانە؛
• دوای تەمەنی ٤٠ ساڵان، ٢ ساڵ جارێک سەردانی پزیشکی تایبەت بکات؛
• شیردانی سروشتی؛
• کەمخواردنی شیرینی و نەکێشانی جگەرە و نەخواردنەوەی مەی و ئارەق؛
• دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی ئەو ماددانەی کە هۆرمۆنیان تێدایە بەبێ ڕاوێژکردن بە پزیش؛
• وەرزشکردن.

