رۆژنامەی ھەولێر

ڕۆڵی دایک لە جیهانی منداڵدا

ســــــاجیدە

 

دایک؛ ئەو مرۆڤەی خودا بەهەشتی لەژێر پێیەکانی داناوە، ئەو بوونەوەرەی ئامێزی ئارامییە و وتەکانی زێڕن. دایک ئەو کەسەیە کە بوونەوەرێکی فریشتەئاسا دەهێنێتە بوون و جیهانێکی پێ دەبەخشێت و لەو جیهانەدا ڕۆڵی سەرکردە دەبینێت.
منداڵ؛ ئەو بوونەوەرە پاکەی خودا لە دایکێکی میهرەبانەوە دەیخوڵقێنێت و ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت لە جیهانەکەی خۆیدا. بێگومان ئەم جیهانە لە منداڵێکەوە بۆ یەکێکی دیکە جیاوازە؛ هەندێکیان دێنە جیهانێکەوە کە هەموو شتێکیان تێدا بۆ فەراهەم کراوە و هەندێکی دیکەشیان، بەپێچەوانەوە، دێنە جیهانێکی وێرانەوە.
بەڵام منداڵ لە هەر جیهانێکدا بێت، پاکی و بێگەردیی خۆی لەدەست نادات. منداڵەکان لە کاتی جەنگدا بە پاشماوەی جەنگ یاری دەکەن و دڵخۆشن، بێئاگا لەوەی چارەنووس چیی بۆ هەڵگرتوون. لە لایەکی تری جیهانەکەیانەوە، ئەگەر ئێوارەیەک دووانیان ببێتە دەمەقاڵێ، بەیانییەکەی کە لە خەو هەڵدەستن، دڵە پاکەکەیان وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێت، دووبارە دەست دەکەنەوە بە یاری و پێکەنین.
کاتێک باس لە جیهانی منداڵ دەکەین، ئەستەمە ڕۆڵی دایک فەرامۆش بکرێت؛ هەر لە شیرپێدانەوە بگرە تا پەروەردەکردن و دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیان. دایک ڕۆڵێکی گەورە و گرنگ دەبینێت لە دروستکردنی کەسایەتیی منداڵەکەیدا، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ببێتە تاکێکی بەسوود و بەرهەمهێن لە کۆمەڵگەکەیدا.
دایک یەکەم کەسە لە خێزاندا کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر پەروەردەی منداڵ هەیە، بەوپێیەی بەرکەوتەی جەستەیی و ڕۆحیی لەگەڵ منداڵەکەیدا زیاترە و کاتی زۆرتر پێکەوە بەسەر دەبەن. بۆیە بە ئاگایی یان نائاگایی، ڕەفتار، قسە و هەڵوێستەکانی دایک دەگوازرێتەوە بۆ منداڵ، چونکە منداڵ بە لاساییکردنەوە فێر دەبێت و خووڕەوشتی oblik دەگرێت. واتە، منداڵ ئاوێنەی ئەوەیە کە دەیبینێت و دەیبیستێت. بۆیە گرنگە دایک لە ڕەفتارەکانیدا لێهاتووییەکانی وەک هاوسۆزی، هاوکاری، پاڵپشتی، و پڕکردنەوەی پێداویستییە دەرونی و جەستەیییەکانی نیشان بدات. بەم هۆیەوە منداڵێکی دەروندروست و خاوەن متمانەبەخۆبوون پەروەردە دەبێت.
لێرەوە دەتوانین ئاماژە بە پێنج ڕۆڵی سەرەکیی دایک لە پەروەردەی منداڵدا بکەین:

١. خۆشەویستیی بێ مەرج:
گرنگە منداڵ هەست بکات کە خۆشەویستیی دایکی نەبەستراوەتەوە بە دەرەنجامی ڕەفتارەکانییەوە. ئەگەریش زویربوونێک هەیە، دەبێت بەهۆی ڕەفتارە نەشیاوەکەیەوە بێت، نەک زویربوون لە خودی منداڵەکە. دەربڕینی خۆشەویستی لەڕێگەی کردار و لەباوەشگرتن یان بەکارهێنانی وشەی پڕسۆز، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر سەلامەتیی دەرونیی منداڵ هەیە و فێری دەکات چۆن هەستەکانی بەرانبەر بە کەسانی تر دەرببڕێت.

٢. چاودێری و ئاگالێبوون:
دایک نەک تەنها گرنگی بە تەندروستیی جەستەیی منداڵەکەی دەدات، بەڵکو دەبێت بە هەمان شێوە ئاگاداری تەندروستیی دەرونیشی بێت. ئاگاداربوون لە بارودۆخی دەرونی و هەستەکانی، هەروەها فێرکردنی چۆنیەتیی بەڕێوەبردنیان (بۆ نموونە: چۆن ڕووبەڕووی کێشەکانی ببێتەوە)، بۆ گەشەی دەرونیی منداڵ زۆر گرنگە.

٣. دانانی چوارچێوە و ڕێسا:
دایکێک کە لە سەرەتاوە پلانی بۆ پەروەردەیەکی دروست و بەڕێوەبردنی کاروباری ڕۆژانەی منداڵەکانی هەبێت، منداڵێکی بەرپرسیار و خاوەن متمانەبەخۆبوون پێدەگەیەنێت. ئەمە منداڵ فێر دەکات گرنگی بە ڕێکخستن، پلاندانان و دانانی یاسا بدات بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانی.

٤. پشتگیری و هاندان:
کاتێک دایکان پاڵپشتیی منداڵەکانیان دەکەن و هانیان دەدەن بۆ ئەنجامدانی ڕەفتاری دروست، یارمەتیدەر دەبن لە چەسپاندنی ئەو ڕەفتارانە. هاوکاریکردنیان بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکانیان (دوور لە سزادان)، وا لە منداڵ دەکات لە کاتی بوونی گرفتدا پەنای بۆ ببات و ڕاستگۆ بێت لەگەڵیدا. ئەمەش منداڵێکی ڕاستگۆ پەروەردە دەکات کە لە دەرەوەی خێزان بەدوای سۆزدا ناگەڕێت.

٥. بەسەربردنی کاتی کوالیتی:
گرنگە دایکان کاتێکی دیاریکراو و گونجاو لە ڕۆژەکەیاندا تەرخان بکەن بۆ یاریکردن و گفتوگۆکردن لەگەڵ منداڵەکەیاندا. ئەمە یارمەتیدەرە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە سۆزدارییەکانی منداڵ و بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوانیان. پەیوەندییەکی باشیش کلیلی پەروەردەیەکی سەرکەوتووە. بەپێچەوانەوە، پشتگوێخستنی ئەم لایەنە دەبێتە هۆی دروستبوونی منداڵێکی یاخی، بیانوگر و گوێڕایەڵ نەبوو.