سەدیق سەعید ڕواندزی
زمان، یەكێكە لە ڕەگەزە سەركییەكانی شیعر؛ هەروەك مالارمێی شاعیری جیهانی دەڵێت: (شیعر تەنها زمانە). بێگومان زمان لێرەدا ڕەهەندێكی دیكەی هەیە. چونكە ئەگەر زمانی شیعری هەمان زمانی ئاسایی دەربڕین بوو، ئەوا جیاوازییەك نامێنێتەوە لە ڕووی فۆرمی زمانەوە.
زمان لە شیعردا، وێنەی هونەری، واتا، شیعرییەت و چێژ و ئستاتیكایە. ئەوە گرنگ نییە زمانی دەقێك سادەیە یان ئاڵۆز، ڕوونە یان تەمومژاوی، بەڵكو ئەو زمانە چەند دەتوانێت لە خولقاندنی ئەزموونی جیاوازدا، ڕۆڵ ببینێت. بێگومان زمان وەك ئامرازێك، بە پێی قۆناغەكانی گەشەكردنی ئەدەبی، هزری و كۆمەڵایەتی گۆڕانی بە سەر دادێت و پێش دەكەوێت. بەو پێیەی زمان، ڕەنگدانەوەی دنیابینی و هزری شاعیرە، ئیدی لە پەراوێزی گۆڕانكارییە هزری و زمانییەكاندا، زمانی ئەویش گۆڕانی بە سەر دادێت. شیعرەكانی گۆران لە سەرەتای ئەزموونی شیعرییەوە، هاوشێوەی شیعرەكانی دواتری نین. واتە گۆڕانكارییان لە ڕووی فۆرمی دەربڕین و زمانی گوزرارشتكردنەوە بەسەر داهاتووە. وەلێ دواجار ئەوەی گرنگە ئەوەیە، كە لە پەراوێزی ئەو زمانەوە، گۆران دەبێتە ئەزموونێكی جیاواز، كە تەنانەت ئێستاش بەشێكی زۆر لەوانەی شیعر دەنووسن، نەیانتوانیوە، لە ژێر كاریگەریەتی ئەزموونی گۆران لە ڕووی زمانەوە دەربچن. زمانی شیعری، ستایلی نووسین و ناسینەوەی ئەزموونی شیعرییە. كاتێ شاعیرێك جیاواز دەنووسێت و لە زمانی باو دەردەچێت، هەنگاوێك بەرە و بنیادنانی زمانێكی شیعری تایبەت بە خۆی دەنێت. بە گشتی ئەزموونی شیعری كوردی لە قۆناغی كلاسیكەوە بۆ دوای ڕاپەڕینیش، دەكرێ بڵێین ئەزموونێكی هاوشێوە و یەك ستایلی زمانە. بەشێك لە شیعری شاعیرە كلاسیكەكان لە ڕووی دەربڕینەوە هێندە هاوشێوەی یەكترین، كە نزیك بێتەوە لەوەی ئەزموونی شیعرییان هارمۆنی بێت. ئەم زمانە شیعرییە، لە قۆناغەكانی دواتریش دووبارە دەبێتەوە. زمانی شیعری هەفتاكان، زمانێكە ڕەنگدانەوەی بارودۆخی سیاسی و شۆڕشگێری و گوتاری بەرگری و مانەوە بەشێكە لە سیماكانی. ئەوەندەی وەك خوێنەرێك تێبینیم كردبێت، تەنها زمانی شیعری (جەلالی میرزا كەریم)ـە، وەك زمانێكی جیاواز، لە ڕووی وشەسازی و دەربڕین و گوزارشتەوە، دەردەكەوێت. ئەگەر نا گوتاری شیعری ئەو قۆناغە، تا ئەو ڕادەیە لە یەكتری نزیكە كە زۆر ئەستەمە ناوی شاعیرەكان لە پەراوێزی شیعرەكانەوە دەربكەین و ئەزموونی شیعرییان بناسینەوە. وەلێ بە بڕوای من، هێشتاش زمانی شیعری هەفتاكان، لە زمانی شیعری نەوەی نوێی دوای ڕاپەڕین، لە ڕووی وێنەی شیعرییەوە، ئستاتیكی تر و بە چێژترە. زمانی بەشێكی زۆری شیعری نەوەی نوێی دوای ڕاپەڕین نەك تەنها لە ڕوخساردا، بگرە لە ناوەڕۆكیشدا زمانێكی لاساییكەرەوە و وەك یەكە. بۆ نموونە (داستان بارزان) لە شیعرێكدا دەڵێت:
پێش ئەوەی بمرم شتێك دەڵێم
مۆدێلی تازەی مرۆڤ چەشنێكی بێزاركەرن
ژیان لەگەڵ سەگ باشترە . *
حوسێن لەتیفیش لە شیعرێكدا دەڵێت:_
ماندووم لە مرۆڤ. .
سەگ باشترە. . . وەفا پیشەی سەگە. . **
لە نێوان ئەو دوو كۆپڵە شیعرییەدا، نەك تەنها فۆرمی زمان، بگرە وێنە و دەربڕین و دنیابینی شیعریش هاوشێوەی یەكترین و لە یەكەوە نزیكن. وەك ئەوە وایە، لاسایی یەكترییان كردبێتەوە. كاتێ شاعیر ناتوانێ لە ژێر فۆرمی زمانی باو دەرچێت، ئەوا ئاسانترین كرداری شیعری لاساییكردنەوەیە. بێگومان هیچ ئەزموونێكی شیعریش جیاواز ناكەوێتەوە، ئەگەر زمانی ئەو ئەزموونە شیعرییە جیاواز نەبێت. لێرەوەشە ئێمە دەبینین بە گشتی لە ئەزموونی شیعری كوردیدا، ئەو جیاواز كەوتنەوەیە، نییە یاخود دەگمەنە. بگرە لە كۆی مێژووی شیعری كوردیدا، نالی و گۆران، دەچنە نێو ئەو جیاواز كەوتنەوەیە. جیاواز كەوتنەوە، كە ئێمە پێشتریش لە وتارێكدا ئاماژەمان پێداوە، دەرەنجامی ئەزموونێكی درێژ و خۆ جیاكردنەوەیەكی یاخییانەیە، كە دەشێ بەر لێدان و ڕەتكردنەوەش بكەوێت. وەلێ ئەزموونی جیاواز، دواجار جیاواز كەوتنەوەی خۆی دەسەلمێنێت و وەك شوناسێكی دیاریكراو دەمێنێتەوە، بگرە زەمەن و مێژووش دەبڕێت. مەگەر دوای گۆران تاكو ئێستاش، كەس توانیویەتی ئەزموونی ئەو دووبارەبكاتەوە؟! هەڵبەتە مەبەستمان ئەزموونی گۆرانە نەك ئەزموونێكی جیاواز. بۆیە جیاواز كەوتنەوە، پرۆسەیەكی هزریی، زمانی، فەرهەنگی و دنیابینییە. جیاوازكەتنەوە، هەنگاوی یەكەم و سەرەتایی بە خۆدابڕین لە ئەوانیتر دەست پێدەكات. دواتر جۆرێك لە شوناسی شیعری بنیاد دەنرێت، كە كۆتایی نییە و قووڵبوونەوە و بەردەوامی و وزەیەكی لە ڕادەبەدەری شیعری دەوێت.
بۆیە كاتێ شاعیرێك ناتوانێت لە ئەزموونی زمانی باو دەرچێت وهەر تەنها بە دەوری ئەو زمانە و وشە سواوەكانی دەخولێتەوە، ئیدی ناتوانێت دەقێكی شیعری جیاواز بنووسێت، تەنانەت ئەگەر پەنجا ساڵیش بێت شیعر بنووسێت. شاعیری جیاوازننووس، فۆكسی لە سەر شتە سواوەكان نییە، بەڵكو بە قووڵایی هەموو شتێكدا دەچێتە خوار كە پەیان پێ نەبردراوە. شاعیر دەبێ پرسیاری گەورە بكات و خوێنەر ڕابگرێت، نەك شیعری ڕۆمانسی هاوشێوەی ئەو گەنجانە بنووسێت، كە شێت و شەیدای بینینی كچێكی جوانن. بێگومان كاتێ هەگبەی شاعیر بە تاڵ دەبێت، ئیدی شیعریش دەكەوێتە خولانەوە بە دەوری خولگەیەكی سواو. ئەزموونی شیعری، ئەزموونێكە بە ئاراستەی نوێتر لە گۆڕان دایە، بەڵام كاتێ شاعیرێك ناتوانێ ئەو ئەزموونە جیاواز بكاتەوە و زمانێكی نوێ بنیاد بنێت، ئەوا ئەزموونەكە دەوەستێت، یاخود بۆ دواوە دەگەڕێتەوە.
پەراوێزەكان:
*شیعری داستان بارزان، لە كۆمەڵە شیعری ئەستێرەكان برینی مرۆڤن.
** شیعری حوسێن لەتیف، پاشكۆی زەمەنی كلتوور، ژمارە(38) لە 11/3/2020.

