بۆچی پێویستە دایکان خوێنەر بن؟

ساجیدە محمد
خوێندنەوە یەکێکە لە گرنگترین کۆڵەکەکانی پەروەردە و سەرچاوەی سەرەکیی ڕۆشنبیرییە، کە یارمەتیی گەشەی دروستی منداڵ دەدات و تاکێکی بەسوود و هۆشیاری لێ دروست دەکات. منداڵێک کە لەگەڵ کتێبدا گەورە دەبێت، بیرفراوانتر دەبێت، بەهرە و تواناکانی خێراتر گەشە دەکەن، هەروەها خاوەنی کەسایەتییەکی دامەزراو و ڕەوشتێکی بەرز دەبێت. لەم نێوەندەدا، ڕۆڵی دایک لە چاندنی تۆوی خوێندنەوەدا لە هەمووان کاریگەرترە.
دایکی خوێنەر؛ دەروازەیەک بۆ کۆمەڵگەیەکی هۆشیار
گرنگە ئافرەتان بە گشتی و دایکان بە تایبەتی گرنگی بە خوێندنەوە و پەرەپێدانی خۆیان بدەن. دایکێکی ڕۆشنبیر نەک تەنها باشتر ماف و ئەرکەکانی خۆی دەناسێت، بەڵکو دەتوانێت نەوەیەکی بەهێز و تێگەیشتوو پەروەردە بکات کە بتوانن ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکانی ژیان ببنەوە.
کاتێک دایک خوێنەر بێت، بە شێوەیەکی سروشتی ئەم خولیایە بۆ منداڵەکانی دەگوازێتەوە. منداڵ چاولێکەرێکی زیرەکە؛ کاتێک دەبینێت دایکی بەوپەڕی چێژەوە کتێب دەخوێنێتەوە، ئەویش هۆگری دەبێت. دایکان دەتوانن بە خوێندنەوەی کورتەچیرۆک پێش خەوتن، یان دیاریکردنی کاتێکی تایبەت بۆ خوێندنەوەی بەکۆمەڵ، کتێب بکەنە هاوڕێی هەمیشەیی منداڵەکانیان و خۆشەویستیی خوێندنەوە لە مێشک و دڵیاندا بچەسپێنن.
چۆن دایک دەتوانێت خۆی پەرە پێبدات؟
1. خوێندنەوەی کتێبی پەروەردەیی: دایک دەتوانێت بە خوێندنەوەی کتێبی تایبەت بە پەروەردەی منداڵ، ئەزموونی خۆی دەوڵەمەندتر بکات و بە شێوازێکی زانستییانە مامەڵە لەگەڵ منداڵەکانیدا بکات.
2. سوودوەرگرتن لە ئەزموونی کەسانی دیکە: گفتوگۆکردن و ئاڵوگۆڕی زانیاری لەگەڵ دایکانی دیکە، سەرچاوەیەکی دیکەی بەهێزی فێربوونە.
3. فێربوون لە هەڵەکان: دایکێکی زیرەک سوود لە ئەزموونە کەسییەکانی خۆی وەردەگرێت و هەوڵ دەدات ئەو هەڵە پەروەردەییانەی لەگەڵ منداڵی یەکەمیدا کردوویەتی، لەگەڵ منداڵەکانی دواتردا دووبارەیان نەکاتەوە.
4. دروستکردنی کتێبخانەی ماڵەوە: زۆر گرنگە هەموو ماڵێک کتێبخانەیەکی بچووکی تێدا بێت. بوونی کتێب لە ماڵدا، وەک بوونی ڕووناکی و وزە وایە و ژینگەیەکی هاندەر بۆ هەموو ئەندامانی خێزان دروست دەکات.
سوودە سەرسوڕهێنەرەکانی خوێندنەوە بۆ منداڵ
خوێندنەوە بۆ منداڵ تەنها کات بەسەربردن نییە، بەڵکو کۆمەڵێک سوودی زانستیی سەلمێنراوی هەیە، لەوانە:
١. پەرەپێدانی مێشک (خۆراکی مێشک): هەروەک چۆن جەستەی منداڵ پێویستی بە خۆراکی تەندروستە، مێشکیشی پێویستی بە چالاکی و خۆراکی فیکری هەیە. خوێندنەوە باشترین وەرزشە بۆ مێشک؛ یارمەتیی بەهێزبوونی بیرەوەری دەدات و بەشە جیاوازەکانی مێشک چالاک دەکات بۆ ناسینەوە و تێگەیشتن لە وشەکان.
٢. بەهێزکردنی سەرنج و تەرکیز: لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە خوێندنەوەی ڕۆژانە (تەنانەت بۆ ماوەی ٣٠ خولەک) توانای سەرنجدان (تەرکیز) بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات. کاتێک منداڵ بەدیار چیرۆکێکەوە دادەنیشێت، فێری تەرکیزکردن دەبێت لەسەر بابەتێکی دیاریکراو.
٣. بەهێزکردنی بیرەوەری: لەکاتی خوێندنەوەدا، منداڵ ناچارە ناوی کەسایەتییەکان، شوێنەکان و ڕووداوەکان لەبیر بسپێرێت بۆ ئەوەی لە چیرۆکەکە تێبگات. ئەم پرۆسەیە ڕاهێنانێکی ناوازەیە بۆ بەهێزکردنی بیرەوەریی منداڵ.
٤. ئارامکردنەوەی دەروونی منداڵ: خوێندنەوە کەشێکی ئارام بۆ منداڵ دەڕەخسێنێت و لە جیهانی پڕ لە سترێسی سۆشیاڵ میدیا و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان دووری دەخاتەوە. ئەمەش یارمەتیی کەمکردنەوەی تووڕەیی و فشاری دەروونی دەدات و وا دەکات کاتەکانی بە شتێکی بەسوودەوە بەسەر ببات.
٥. فراوانکردنی زانیاری و وشەدان: یەکێک لە سوودە ڕوونەکانی خوێندنەوە، فێربوونی زانیاریی نوێ و وشەی نوێیە. لێرەدا گرنگە دایکان ئاگاداری هەڵبژاردنی ئەو کتێبانە بن کە گونجاو و پەروەrdەیین. خۆشبەختانە، ئێستا کتێبی زۆر باش و کوالێتی بەرز بۆ منداڵان بەردەستە.
٦. یارمەتیدان بۆ خەوێکی ئارام: خوێندنەوەی کتێب پێش خەوتن، زۆر باشترە لە بەکارهێنانی مۆبایل. ڕووناکیی شاشەی مۆبایل خەو تێکدەدات، بەڵام خوێندنەوە مێشک ئارام دەکاتەوە و یارمەتیی منداڵ دەدات تا خەوێکی قووڵ و ئاسوودەی هەبێت.
دەرەنجام
لە کۆتاییدا، دەتوانین بڵێین دایکی خوێنەر، بناغەی کۆمەڵگەیەکی خوێنەر و پێشکەوتوو دادەڕێژێت. با خوێندنەوە بکەینە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەمان و هانی نەوەی نوێ بدەین، بۆ ئەوەی بتوانین پێکەوە کۆمەڵگەیەکی ڕۆشنبیر، داهێنەر و لێبووردە بنیاد بنێین.