لەبارەی (مار)ـەوە

ئازاد جندیانی
کۆیادەوەریی کوردەواری پڕاوپڕە لە بابەتگەلی پەیوەست بە (مار) و ئەو ڕووداو و کارەساتانەوە، کە بە هۆی مارەوە ڕوویان داوە. بۆیە (مار) پانتاییەکی زۆری لە بابەتی فۆلکلۆر و پەند و قسەی نەستەقی کوردەواری و گێڕانەوەی زارەکی ڕووداوەکانی داپۆشیوە، کە پێوەندییان بە ژیان و مامه‌ڵه‌ لەگەڵ ( مار )دا هەبووە .
سەدساڵی ڕابردوو و بگرە چەند سەدەیەکیش پێشتر، کورد ناچارکراوە و ناچاربووە لەگەڵ دوژمن و داگیرکەرانیدا بە شێوەی ناشایستە بژیت، کە بەلێکدانەوەی من وەک ژیان وابووە لەگەڵ مار بەهەموو مەترسیەکانیەوە . هاوکات هەموومان ئەوە دەزانین، کە ژیان لەگەڵ مار لە دۆخی ئاسایی و سروشتکردایە، بەڵام ئەو ڕاستییە سەلمێندراوەی مێژووش دەزانین، کە مانەوەو هەڵکردنی ناچاری لەگەڵ داگیرکەر دەستکرد و پلان و پیلان بۆ داڕێژراوە و سەداسەد دەستکرد و ناسروشتییە، چونکە باسی هەلومەرجی ژیانی کورد لەگەڵ داگیرکەکانی دەکەم، بۆیە گەرەکمە لەو وێکچواندنەی (مار و داگیرکەر)دا پەنا ببەمە بەر فۆلکلۆر و پەندو قسەنەستەقەکانی کورد لەمەڕ مارەوە.
نازانم لە چ مێژووێکەوە لە ناو کورددا مشتومڕێک لەبارەی بێوەیی و مەترسیداریی ئەم، یان ئەو جۆری مار هەیە. بۆ نموونە سەبارەت بە (ماری ڕەش) بڕوایەکی بەربڵاو هەیە، کە گوایا ماری ڕەش مەترسیدار نییە و پێوەنادا، پتر لەوەش لای هەندێک هەبوونی ئەوجۆرە مارە پەسند دەکرێ لەبەرئەوەی گوایا ئەو، مارە مەترسیدارەکان دەخوا، هەرچەندە لەڕووی زانستی (مارناسیەوە ) شتێک لەو بارەوە نازانم .
پەندێکی باوی کوردی هەیە دەڵێ: ( مار بەقسەی خۆش لە کونەکەی دێتە دەرێ) بە زمانی ئەم سەردەمە ئەم پەندە دەربڕینێکە سەبارەت بە کاریگەرییە ئەرێنییەکانی (هێزی نەرم) و (دیالۆگ).
ئەم پەندە مەجازییە و وەک جۆرە داناییەک بەکاردەهێنرێ و هیچی تر نا. کورد بەشێکی زۆری سیاسەتکردنی خۆی لەگەڵ داگیرکەرانیدا لەپاڵ تێکۆشانی سەختیدا، سەرگەرمی ئەو جۆرە دیالۆگ و نەرمگۆیی و نەرمکرداریەش بووە، بەڵام داگیرکەران هەر پێوەیانداوە، بۆیە کورد نەک تەنیا سەبارەت بە مار بەڵکوو سەبارەت بە خەیاڵپڵاویی دۆستایەتیکردن لەگەڵ دوژمن پەندی پێچەوانەی (ماری کونەکە)ی وەک دانایی کوردانە بۆ داڕشتووین، ئەوە نییە کورد دەڵێ: ( مشت لە درێشە دەگەڕێتەوه‌ ) .
قسەیەکی تری نەستەقی کوردی هەیە، کە سەدلەسەد پێچەوانەی ماڵیکردنی مارو هێنانەدەریەتی لەکونەکەی، کورد تیۆری نەرم نواندن لەگەڵ مار ڕەت دەکاتەوە، چونکە دەزانێ تیۆری دۆستایەتی لەگەڵ مار خۆفەوتاندنە، چونکە مار هەرگیز نابێتە دۆست و دیسان کورد وتەنی (مار هەر مارە! ) بۆیە کورد بە دانایی خۆی تێۆرێکی جێگرەوەی بۆ وەهمی پێوەندیی دۆستانە لەگەڵ مار داناوەو نەخشەڕێگایەکی بەکردەوەی پێشنیارکردووە،کە فەرمانێکی دەستبەجێی کرداری بە مرۆڤ ( کورد) دەداو دەڵێ: (بگرە داری، بکوژە ماری). بە بۆچوونی سادەی من ئەم جۆرە پەندە کوردیانەی، کە ڕیتمێکی ڕەسەن و سەروایەکی ڕەسەنی کوردییان تیایە بە تێروتەسەلی ئەزموونکراو و ساغکراوەن .
دوا نموونەی پەندی کوردی، کە دەمەوێ بیخەمە بەر دیدەو زەینی خوێنەری بەڕێز بۆ ئەوەمە، کە ببێتە باوەڕێکی دانایی کورد، کە خۆی لە خەیاڵپڵاوی و خۆشباوەڕی بەزەیی هاتنەوە بە (مارەکان ) لە پانتاییەکانی ئەزموونکردندا زیندەبەچاڵ بکا و لەگەڵ دوژمن و داگیرکەرانیدا بە پێی ئەو قسە نەستەق یان پەندە کوردیە ڕەفتار بکا کە دەڵێ وەک ( ماری بە ژنان کوشتوو ) یان لێ بکا. بە لێکدانەوەی من ئەو پەندە بە ژناندا هەڵدانە بەو مانایەی، کە ژنانی کورد بەڕژدی لەگەڵ دوژمنی مسۆگەردا ڕەفتار دەکەن و هیچ دەرفەتێکی دووبارە ژیانەوەیان بۆ ناهێڵنەوە .