ڕووداوی ھاتوچۆ هەتا دێ زیاد دەکات

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا هۆیەکانی گواستنەوە یەکێکن لە گرنگترین و سەرەکیترین ئەو هۆکارانەی کە ژیانیان ئاسانتر کردووە؛ کامە رێگا زۆر دوورە، بۆی نزیک کردووینەتەوە، بەڵام بە داخەوە دەبێت ئەو ڕاستیەش بدرکێنین کە هەندێک جار ڕێگای پێکگەیشتن بەهۆی ڕووداوێکی هاتوچۆوە دەبێتە رێگای دوورکەوتنەوە و دابڕانی یەکجارەکی. ھۆیەکانی گوستنەوە گەلێکن، بەڵام لە ھەمووان باوتر و ئاسانتر ئۆتۆمبێلە؛ تایش دێت ژمارەی ئۆتۆمبێل ڕوو لە زیاد بوونە؛ وای لێ هاتووە لە ھەرێمی کوردستاندا ھەر سێ کەس و ئۆتۆمبێلێکیان بەردەکەوێت؛ بێگومان لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی ئۆتۆمبێلیشدا ژمارەی ڕووداوی ھاتوچۆیش زیاتر دەبێ و ساڵانە بە ھەزاران کەس دەکاتە قوربانی؛ ئەڵبەت خەتای شۆفێری نەزان و نابەرپرسیاریشی تێدایە.

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا ڕووداوی هاتوچۆ یەکێکە لەو بابەتانەی‌ گرنگیەکی‌ زۆری‌ پێ دەدرێت لەسەر ئاستی‌ جیهان و ناوخۆیشدا؛ تەنانەت لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی‌ وەکو WHO، world bank وچەندینی‌ تریشەوە، لێکۆڵینەوە لە هۆکار و لێکەوتە جیاوازەکانی‌ ڕووداوی هاتوچۆ پێی‌ ناوەتە قۆناغێکی‌ تری‌ شیکاری‌‌ و کاری‌ زانستیەوە؛ بەوپێیەی‌ لە ئەنجامی‌ ڕووداوەکانی‌ هاتوچۆدا زیانی مەعنەوی و مادی‌ زۆرە و، کاریگەریی‌ نەرێنیی لەسەر کایە جیاوازەکان بواری‌ ئابووری‌‌ و کۆمەڵایەتی‌ بەجێ دەهێلێت.
لەسەر ئاستی‌ جیهانی‌ و بەپێی‌ ڕاپۆرتی‌ ڕێکخراوی‌ ASIRT (Association for Safe International Road Travel )، ساڵانە لە ڕوداوەکانی‌ هاتوچۆدا بە تێکڕا زیاتر لە 1.3ملیۆن کەس گیان لەدەست دەدەن، وە 20 بۆ 50 ملیۆن بریندار و کەم ئەندام دەبن، ھەر هەمان ڕێکخراو هۆکاری‌ هاتوچۆی بەنۆهەم هۆکاری مردن دانا لەسەر ئاستی‌ جیهاندا کە ڕێژەکەی‌ بریتیە لە 2.2% ی‌ مردن بە گشتی‌، وە پێش بینی‌ دەکرێت تاوەکو ساڵی‌ 2030 هۆکاری‌ مردن بە ڕوداوەکانی‌ هاتوچۆ ببێت بە پێنجەم هۆکار لەسەر ئاستی‌ جیهاندا. زیاتر لە 50% ی‌ مردن بە هۆکاری‌ ڕوداوەکانی‌ هاتوچۆ لە نێوان تەمەنی‌ 15 بۆ 44 ساڵاندایە، تەنانەت مردن لە نێو ئەو گەنجانەی‌ کە تەمەنیان لە نێوان 15-29 ساڵیدایە بە دووهەم هۆکار دادەنرێت لەسەر هەمان ئاست. هەر بە پێی‌ زانیاریە بڵاوکراوەکانی‌ ڕێکخراوی‌ ASIRT : کۆی‌ گشتی‌ تێچوی‌ ساڵانەی‌ ڕوداوەکانی‌ هاتوچۆ لەسەر ئاستی‌ جیهان بە 518 ملیار دۆلاری‌ ئەمریکی‌ دەخەمڵێنرێت، زیاتر لە 90% هەموو ڕووداوەکان لەو وڵاتانەدا ڕوو دەدەن کە داهات مام ناوەند و نزمن كە خاوەنی‌ ژێرخانێکی‌ ئابوری‌ باش نین، بەتایبەتی‌ ڕێگاوبان. تێچوە مادییەکانی‌ ڕوداوەکانی‌ هاتوچۆ لە وڵاتانی‌ پێشکەوتوو قەبارەیان گەورەترە لەبەرامبەردا ڕێژەی‌ مردن تێیاندا کەمترە بەراورد بە وڵاتانی‌ تازەپێگەیشتوو کە ڕێژەی‌ مردن تێیاندا بەرزە و قەبارەی‌ تێچووەکەیشی کەمە.
بایەخدان بە ڕێگاوبان و ھێڵەکانی گواستنەوە بە یەکەم ھەنگاوی ئاوەدانکردنەوە و پێشکەوتن دادەنرێت، بەرەوپێشبردنیشی کاریگەی و ڕەنگدانەوەی دبێت لە ھەموو بوارە جیاجیاکانی ژیانی ئابووری و بازرگانی و کۆمەڵایەتی.
ھاوکات لە ھەرێمی کوردستانیشدا ڕووداوی ھاتوچۆ کەم نین و بەپێی ئامارەکان لەساڵی ڕابردوودا ڕۆژانە لانی کەم 10 ڕووداوی ھاتوچۆ لە ھەرێمدا تۆمار کراون؛ بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، هەر لە ساڵی 2021دا 4هەزار و 119 رووداو قەوماوە، بەهۆیانەوە 662 هاووڵاتی گیانیان لەدەست داوە و 7هەزار و 120 کەسیش بریندار بوونە، بە بەراورد بە ساڵی 2020 ژمارەکە زیاترە؛ هەروەها ملیۆنێک و 850هەزار سەرپێچی لە یاساکانی هاتوچۆ تۆمار کراوە.
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: پار 122هەزار ئۆتۆمبێلی نوێ تۆمار کراون؛ ئێستاکە کوردستان زیاتر لە ملیۆنێک و 961هەزار ئۆتۆمبێلی لێ هەیە.

هۆكارە سەرەكیەكانی ڕووداوی هاتوچۆ:
١. تیژڕەوی و هەڵەشەیی لە شۆفێریكردندا.
٢. خافڵان بە مۆبایلەوە لە كاتی شۆفێریكردندا.
٣. خۆسەرقاڵكردن بە خواردن‌ و جگەرەكێشان‌ و دەنگی بەرزی مۆسیقای و قسەكردن لەگەڵ سەرنشیناندا.
٤. ماندوویەتی لە کاتی شۆفێریدا.
٥. شۆفێریكردن بە تووڕەیی و بە سەرخۆشی‌.
٦. تەماشاکردنی دەر و دیمەن لە كاتی لێخوڕیندا؛ وەك دیمەنی خۆرنشین و تەماشاكردنی ڕووداوی هاتوچۆ و دیمەنی سەرنجڕاكێشی تر.
٧. گیروگرفتی ئۆتۆمبێل و شەقوشڕکەوتن و پشتگوێخستنی کەموکووڕیەکانی.
٨. ڕێگەوبانی ناڕێک و دیزانی هەڵەی ڕێگە‌ و شەقام.
٩. کەشوھەوای سەخت، وەکو بەفر و بارانی زۆر و تەم و شەختە.
١٠.ڕێگەوبانی خراپ و نەبوونی مەرجی توندوتۆڵی لە شەقامدا.

ھەواڵی زیاتر