بڕیاری چەکدانانی پەکەکە کاردانەوەیەکی ئەرێنیی جیهانی بەدواوە بوو

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

پرسی چارەسەری و هەڵوەشانەوەی پەکەکە و بڕیاری چەکدانانی ئەو پارتە سیاسییەی کە چل و حەوت ساڵ تەمەنی کرد، کاریگەریی زۆر باش و ئەرێنیی لەسەر ئابووریی و ژیان و ئاوەدانکردنەوەی بەشێکی گرنگ لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت.

بەستنی کۆنگرە لە ڕۆژانی پێنج تا حەوتی ئایار و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە کە ڕۆژی دووشەممە ١٢ی ئایار ڕاگەیەنرا پرۆسەی چارەسەریی بردووەتە قۆناخێکی نوێوە. لە باکووری کوردستان و تورکیا جگە لە خەڵکی ئاسایی لە لایەن پارت و ڕێکخراو و دامەزراوەکانەوە پێشوازی لێ کراوە و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش بە بایەخەوە سەیری ئەو ڕووداو و گۆرانکارییانەیان کردووە و بە هەنگاوێکی ئەرێنییان هەژمار کردووە و ڕووداوەکە کاردانەوەیەکی ئەرێنیی جیهانیشی بەدواوە بووە.
وەک ئاشکرایە گرنگترین مەڵبەند و شوێنی چالاکیی ئەو پارتە لە ساڵان و دەیەکانی ڕابردوودا کوێستانەکانی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی قەندیل بووە، چەند ساڵێک بوو شەڕ و ئاڵۆزییەکان زۆڕ چڕتر ببوون و ڕووبەری ئەو ناوچانەی هەرێمی کوردستان کە بە ناوچەی نائارام دادەندران زۆر زیاتر ببوو.
رۆژ نەبوو لە ڕێی فڕۆکەوە شوێنێکی شاخاویی هەرێمی کوردستان بۆردومان نەکرێت یان بە درۆن بنکەیەک لە ناوچەیەکی بە ئامانج نەگیرێت و لەوەڕگە و دارستانێک نەسووتێنرێت، سوپای تورکیا بە بیانووی لێدان و لەناوبردنی پارتی کرێکارانی کوردستان پێشڕەوییەکی زۆری لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان کردبوو و ژمارەیەک بنکەی سەربازی دامەزراندوون.
جەنگەکە زۆرترین زیانی بۆ سەر ژینگە، کەرتی کشتوکاڵی، کەرتی ئاژەڵداری و ژیان و کار و کاسبی خەڵک هەبووە و سەدان هاووڵاتیی سڤیل بوونەتە قوربانی. بەپێی ئامارێکی پێشتری ئیدارەی سۆران بەهۆی شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە سەد و هەشتا و سێ گوند لە سنووری ئیدارەکە چۆڵ کراون. کە بەشی زۆری گوندەکان دەکەونە مێرگەسۆر و سیدەکان.
خۆشترین و لەبارترین ناوچە گەشتوگوزارییەکانی هەرێمی کوردستان کەوتوونەتە نزیک ئەو ناوچەیەی پارتی کرێکارانی کوردستان کردبوویە مۆڵگەی سەرەکیی خۆیان و بەشێک لە ڕێگا سەرەکییەکان بۆ ناوچە گەشتوگوزارییەکان بەو ناوچانەدا تێدەپەڕین و بۆیەش گەشتیاران کە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان دەکرد تا شوێنێکی دیاریکراو و پارێزراو بۆیان هەبوو جووڵە بکەن و لە بینینی زۆر ناوجە بێبەش کرابوون.
کەرتی ئاژەڵداری یەکێکی تر لە گرنگترین ئەو کەرتانە بووە کە شەڕ و ئاڵۆزی زیانێکی زۆر پێ گەیاندووە ئاژەڵداران بە تایبەتی لە سنووری برادۆست و باڵەکایەتی و سیدەکان و ئامێدیێ و مێرگەسۆر نەیانتوانیوە بە ئاسانی ئاژەڵ و مەڕ و ماڵاتیان بۆ لەوەرگەکان و هاوینە هەوارەکان بگوازنەوە، هەنگەوانانیش نەیانتوانیوە سوود لە ژینگەی ناوچەکە وەربگرن و بەگشتی چۆلبوونی ئەو ژمارە زۆرە گوندە کاریگەری نەرێنی لەسەر بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی و لەدەستدانی دەرفەتی کار هەبووە. سەرخستنی پڕۆسەکە ڕێک بە واتای ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان و بووژانەوەی ناوچەکە لە هەموو ڕوویەکەوە دێت
خاڵێکی تر کە چاوەڕوان دەکرێت لە دوای سەرخستنی ئەو پڕۆسەیە قازانجێکی زۆر بە هەرێمی کوردستان بگەیەنێت بریتییە لە کەرتی بازرگانی، هەرێمی کوردستان زیاتر لە ڕێی دەروازەی سەرەکیی ئیبراهیم خەلیل ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ تورکیادا هەبووە لە کاتێکدا کۆمەڵێک دەروازەی تر لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیادا کراونەتەوە کە شایانی ئەوەن پەرەی زیاتریان پێ بدرێت و بازرگانان سوود لەو دەروازانە بۆ مەبەستی بازرگانی و گەشتیاری وەربگرن.
بۆ نموونە دەروازەی زێت هەیە کە دەکەوێتە قەزای ميرگەسۆر، ناحیەی شێروانی مەزن لە دەڤەری بارزان، چواردە کیلۆمەتر لە ناوەندی ناحیەکە و سی و دوو کیلۆمەتر لە ناوەندی قەزا دوورە. جگە لەم دەروازەیە دەروازەی سەرزێری هەیە کە دەکەوێتە ناحیەی کانی ماسی سەر بە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک و لە داهاتوودا دەروازەکان لەڕووی بازرگانی، گەشتیاری و کلتووری، گرنگییەکی ستراتیجییان دەبێت.
لە سیدەکانیش دەروازەیەکی تر کە هەنگاو بۆ کردنەوەی دەکرێت و لە ڕابردوودا ئاڵۆزییەکان کاریگەریی نەرێنییان لەسەر کرانەوەی هەبووە دەروازەی کێلەشین بووە کە کەوتووەتە نێوان شنۆ و سیدەکان و بە کردنەوەی دەروازەکە هەلی کاری فراوان ڕوو لە ناوچەکە دەکات.
ئەوەی ناوچەکە چۆل دەکات تەنیا پەکەکە نییە بەڵکوو هیچ پاساوێکیش بۆ مانەوەی بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە نێو خاکی هەرێمی کوردستان نامێنێت و ترسی بۆردومان و درۆن و تۆپبارانەکان بە تەواوی دەڕەوێنەوە.